بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
خوشک و برایانی ئازیزم
سوپاس،.. سوپاس بۆ خوای گەورە، سوپاس بۆ ئێوەی سەربەرز..
لەناخی دڵمەوە پیرۆزبایی گەرم لە هەموو تان دەکەم بە هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان، هەموو حزبەکان و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان..
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەو سەرکەوتنەتان لێ پیرۆز بێت. دڵنیام ئێستا ڕۆحی شەهیدان ئاسوودەیە و دەزانن ئەم سەرکەوتنە مەزنە لەسایەی خوێنی ئەوان هاتووەتە کایەوە.
سوپاسی هەمووتان دەکەم کە دەنگدان و چوونە سەر سندووقەکانتان وەک جەژن لێ کرد، ئیرادەی گەلی کوردستانتان پێشانی دونیا دا و بڕیاری خۆتان دا.
سوپاسی بێ پایانم بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و دەزگەکانی ئاساییش و هێزی ناوخۆ کە شەونخونیان کرد بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە.
سوپاسی تایبەتیش بۆ دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ بەشداریی گەرموگوڕیان لە ڕیفراندۆم، هەروەها سوپاسی تایبەت بۆ ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە کە ڕۆڵی کاریگەریان بینی لە پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم. سوپاسی دۆستانمان لە سەرتاسەری جیهان دەکەین کە هاوسۆزی گەلی کوردستان بوون لەو پڕۆسەیەدا. بە پێویستی دەزانم سوپاسی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە کوردستان بکەم.
خوشک و برایان
چ ڕۆژێک لەوە خۆشتر و گەورەتر و پیرۆزترە کە مرۆڤ سەرکەوتنی ئیرادەی گەلەکەی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی بە ئازادی، ڕابگەیەنێت.
منەتباری خوای گەورەین کە ئەوەندە دەرفەتی پێداین بە چاوی خۆمان ئەو ڕۆژە پیرۆزە ببینین. سەرکردە مەزنەکانمان، هەزاران ڕۆڵەی قارەمان بە حەسرەتی ئەوە بوون ئەم ڕۆژە ببینن، بەڵام لەپێناویدا شەهید بوون. لێرەدا درود بۆ گیانیان دەنێرین و بەڵێنی وەفادارییان بۆ دووپات دەکەینەوە.
جەماوەری سەربەرزی کوردستان
بە خۆڕاگریی خۆتان نەتانهێشت ئیرادەتان بشکێت و ئێستایش دوای دەنگی بەڵێی ئێوە کە بەڵێ بوو بۆ سەربەخۆیی و نەخێر بوو بۆ ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژییەکی تر، قۆناغێکی تازە هاتووەتە پێش کە وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ ئێستا و داهاتوومان و ئەوە سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردستانە.
ئەوەی گەلی کوردستان لە 25ی 9 بڕیاری لێ دا تاوان نیە و دژی هیچ بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتی نیە.
دەستووری عێراقیش ڕێگە بە ئێمە دەدات کە بە ڕوونی دەڵێ: ان الالتزام بهذا الدستور يحفظ للعراق اتحاده الحر. زۆر ڕوونیشە کە حکومەتی بەغدا ئیلتیزامی پێ نەکرد
دوای 2003 لەسەر بنەمای یەکگرتنی ئارزوومەندانە و شەراکەت چووینەوە بەغدا و ئەمە لە دەستووری ساڵی 2005 پەسەند کرا. بەڵام بەداخەوە ئیلتزام بە دەستوور نەکرا. کەواتە مادام شەراکەت قبوڵ نەکرێت و دەستوور پێشێل بکرێت، مافی خۆمانە بڕیاری خۆمان بدەین و گەلی کوردستان لە 25ی 9ی 2017 بڕیاری خۆی دا و کوردستان چووە ناو قۆناغێکی نوێی جیاواز لە قۆناغەکانی پێشووتر.
با هیچ کەس گلەیی لە ئێمە نەکات. ئێمە هەموو شتێکمان کرد بۆ پاراستنی پێکەوەژیان و یەکپارچەیی عێراق. بەڵام کە بەغدا پێکەوەژیانی قبوڵ نەکرد و گەلی کوردستانی ناچار کرد بڕیارێک بدات کە پێویست بوو زۆر لەمێژە درابا.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم پەیامێکی تایبەت ئاراستەی حکوومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەم:
برادەران لە حکوومەتی عێراق
داواتان لێ دەکەم بە جددی و بە هێمنی خوێندنەوەیەک بۆ مێژووی پەیوەندییەکانمان بکەن، کە چی بەسەر ئێمەدا هێنراوە. سەرەڕای ئەوەیش هاتینەوە بەغدا، بەڵام ئایا وەک پێویست مافە بنەڕەتییەکانی گەلی ئێمەتان بە هەند وەرگرت؟ ڕوویەکی خۆش و گەشتان پێشان دا کە دڵمان خۆش بێت و ئومێدمان هەبێت؟ بەڵێ، لە سەرەتا ڕێککەوتین لەسەر دەستوور و شەراکەت. ڕۆڵی گرینگی کوردستان لە دامەزراندنی عێراقی تازە زۆر ئاشکرایە، بەڵام ئێوە هەموو ڕێکەوتن و پەیمانێکتان تێکدا.
پێویست بە تووڕەیی و هەڕەشە ناکات و گلەیی لە خۆتان بکەن. ئێوە بوون کە بە کردەوە و سیاسەتی خۆتان بە ئێمەتان گوت، ئێوەمان ناوێت و بە دەنگی بەرز گوتتان هاوپەیمانیی کورد و شیعە نەما.
ڕێز لە ئیرادەی گەلی کوردستان بگرن. ئایا ڕەوایە دەنگی ملیۆنان مرۆڤ بە ناشەرعی بزانرێت؟ ئەم بۆچوونە دوورە لە مەنتق و عەقلانیەت؟ هەر گەلێک خۆی شەرعیەت بە بڕیاری خۆی دەدات نەک خەڵکی تر.
مێژوویەکی درێژمان پێکەوە بووە و هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە و کارەساتی گەورەمان بەسەردا هاتووە. بەردەوامبوون لەسەر ئەزموونێکی شکستخواردوو باش نییە و سەرکەوتووش نابێت و نە ئێمە و نە ئێوەش ئاسوودە نابین لەجیاتی هەڕەشە و سزادان، وەرن با دۆستانە بکەوینە گفتوگۆیەکی جددی و کاتی پێویستیش بە دیالۆگ بدەین. بۆ ئەوەی ببینە دوو دراوسێی باشی یەکتری. پێمانوایە کە حیوار لە هەموو حاڵەتێکدا تاکە ڕێگەیە بۆ گەییشتن بە ئاییندەیەکی باشتر بۆ هەردوولامان.
ئەم ڕیفراندۆمەی ئەنجام دراوە نە بۆ فەرزکردنی ئەمری واقعە و نە بۆ دیاریکردنی سنوورە، بەڵکو بۆ ئەوە بوو گەلی کوردستان بە شێوەیەکی دیموکراتی و ئاشتیانە ڕای خۆی لەبارەی چارەنووسی خۆی دەرببڕێت.
جارێکی تر داواتان لێ دەکەم وەرن با بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکان بکەین. داوا لە بەڕێز حەیدەر عەبادی و هەموو هێز و لایەنەکانی عێراقی دەکەم، ئەوانەی بڕوایان بە گفتوگۆ هەیە دەرگەی حیوار دانەخەن چونکە تەنیا حیوار و گفتوگۆ چارەسەرە.
ئەگینا هەر سزایەک لەسەر گەلی کوردستان دابنرێت، خۆ لە ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی و نانبڕین کاریگەرتر نابێ. با پەند لە ڕابردوو وەربگرین. ئێمە لە هەموو دۆخێکدا تەئکید لە برایەتی کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتەکان دەکەینەوە و ناکۆکیی سیاسی لەگەڵ حکوومەت بە هیچ شێوەیەک نابێ برایەتی گەلان تێکبدات.
لەبارەی وڵاتانی دراوسێش،
ئێمە نامانەوێت بە هیچ شێوەیەک هیچ گرفتێک بێتە پێش. باشترە ئەوان هاوکار بن و ڕۆڵی ئیجابی بۆ چارەسەری گرفتەکان لە نێوان هەولێر و بەغدادا بگێڕن و گوێ لە هەرێم بگرن. ئەمە ڕێگە ڕاستەکەیە نەک هەڕەشە و گەفکردن. ئەوە بیستوپێنجساڵە سەلماندوومانە کە فاکتەری هەڕەشە نین بەڵکو فاکتەری ئاساییش و سەقامگیرین. ئێمە هەمیشە ڕۆڵی ئێران و تورکیا بەرز دەنرخێنین لە کاتی کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی کوردستان و هەروەها کیمیاباران و ئەنفالی کوردستان. دووپاتی دەکەمەوە کە تەنیا لێکتێگەییشتن و گفتوگۆ ڕێگەی ڕاستە بۆ چارەسەر کێشەکان نەک هەڕەشەکردن و زمانی زبر. هەروەها جەختیش له بەردەوامی پەیوەندیی دۆستانەی نێوانمان دەکەینەوە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە لە ئێستاوە ئامادەی گفتوگۆی جددین بۆ چارەسەر کێشەکان لەگەڵ بەغدا و تەئکیدیش دەیکەینەوە کە ئێمە بژاردەی ئاشتیمان لەگەڵ هەموو لایەک هەڵبژاردووە. جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەشێکی کاریگەر دەمێنینەوە لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی تیرۆر و لەبارەی ئاوارەکانیش کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانن، ئاوارەکان خوشک و برای ئێمەن و کوردستان ماڵی خۆیانە و لە هەموو کاتێک زیاتر پارێزراو دەبن هەتا ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
لامان زۆر سەیرە گەلێک بە شێوەیەکی دیموکراتی و ئاشتیانە ڕای خۆی دەرببڕێت و سزا بدرێت. ئایا بە سزادان پاداشی قوربانییەکانی گەلی کوردستان دەدرێتەوە؟ ئایا ئەمە ڕەوایە؟
سەبارەت بە سیماکانی دەوڵەتی کوردستان و سیستەمی سیاسی ئەوە دەمێنێتەوە بۆ بڕیاری گەل، بەڵام ئەوەی ئێمە بە باشی دەزانین بریتیە لە سیستەمێکی پەرلەمانی و فیدڕاڵی و دیموکراتی و مەدەنی. ئەوە دەرفەتێکی بەهادار دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای متمانە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردوو، حوکمڕانییەک دروست بکەین کە نموونە بێت لە دادپەروەری و یەکسانی و شەفافیەت و دیموکراسی و جێگەی متمانە و ڕەزامەندی گەلەکەمان بێت. مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان ڕەچاو دەکرێت و دەبێ یەکسانیی سیاسی و مەدەنی لەنێوان هەموو هاووڵاتیاندا بەرقەرار بێت. وەسیقەی سیاسی کە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم پەسەندی کرد دەبێتە بنەمای دەستوورەکەمان.
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
داواتان لێدەکەم بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیشەوە، ئیمڕۆ لە هەموو کات زیاتر یەکگرتوو بن و پێویستە ناکۆکی و ململانێکان بەلاوە بنێن و بە هەموومان لاپەڕەیەکی تازە بکەینەوە. هەرچەندە ڕەنگە هەندێ سەختی بێنە پێش بەڵام دڵنیام ئاسۆیەکی گەشمان لەبەردەمە. لە هەمووی گرینگتریش ئەوه.
26-09-2017