بەپێی داتا و ئامارەکان، دەردەکەوێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکی 17 ملیار دۆلار قەرزارە. بەرپرسێکیش وردەکاریی قەرزەکان و میکانیزمی دانەوەیان ئاشکرا دەکات.
د. ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی ستراتیژی کوردستان بە (باس)ی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک لە قەرزەکانی داوەتەوە و بەشێکیشی لەسەر ماوەتەوە، گوتی: ”حکوومەت نزیکەی 7 ملیار دۆلاری پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و 2 ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری پارەی بانکە ئەهلییەکان قەرزارە، پارەی بەڵێندەرانی ناوخۆش نزیکەی یەک ملیار دۆلارە“.
جەختی کردەوە، حکوومەت بە میکانیزمێک دەستی کردووە بە دانەوەی قەرزی بانکە ئەهلییەکان، گوتیشی: ”لەگەڵ ئەوەی حکوومەت 7 ملیار دۆلاری پاشەکەوت قەرزارە، بەڵام حکوومەت 6 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری قەرزی خانووبەرە و پێشینە جیاجیاکانی لای هاووڵاتییان و فەرمانبەرانە“.
ئاماژەی بەوەش دا، کە قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان بە گشتی نزیکەی 7 ملیار دۆلاریان لێ وەرگیرابوو، کەمتر لە 6 ملیار دۆلاریان ماوەتەوە و دانەوەی قەرزەکانیشیان بەردەوامە، گوتیشی: ”بە گشتی هەموو قەرزەکان کە لەسەر هەرێمی کوردستان ماوەتەوە، نزیکەی 17 ملیار دۆلارە و پێدانەوەی قەرزەکانیش بەردەوامییان هەیە“.
روونی کردەوە، کە ئەو بەدواداچوونی وردی لەسەر بابەتی قەرزەکانی حکوومەت کردووە، گوتیشی: ”وەکو توێژەرێک شیکارییەکی ئابورریی وردم لەسەر قەرزەکان کردووە، بۆیە ئەوەی هەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا 17 ملیار دۆلار قەرزارە، ئەوەی تر کە دەگوترێت ڕاستیی تێدا نییە و زۆریی بۆ موزایەدەی سیاسییە“.
بەپێی بەدواداچونی (باس)، لە ماوەی ساڵی 2016 و 2017دا حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری قەرزەکاتی داوەتەوە و توانیویەتی قەرزەکای لە 20 ملیار دۆلار داببەزێنێت بۆ 17 ملیار دۆلار.
بەشی زۆری قەرزەکان دراونەتەوە بە کۆمپانیا نەوتییەکان و بەڵێندەران.
سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی ستراتیژیی کوردستان پێی وایە، قەرزەکانی هەرێمی کوردستان جێگەی ترس و نیگەرانی نیین، گوتیشی: ”کۆی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان ناکاتە 15%ی قەرزەکانی عێراق، چونکە ئەوەی عێراق لەسەرووی 130 ملیار دۆلارەوەیە“.
بەپێی ڕێککەوتنێک، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە قەرزی یەک ملیار دۆلاری لە مانگی 9 داوەتەوە کۆمپانیای داناغاز، ئەمە وێرای ئەوەی زیاتر لە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری تریشی پێشوو دابوویەوە و مانگانەش 100 بۆ 250 ملیاری دۆلار بە کۆمپانیا نەوتییەکان دەداتەوە“.
د. ئامانج ڕەحیم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردنی قەرزەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە(باس)ی ڕاگەیاند: ”ئێستا وەک قۆناخی یەکەمی ئیدارەدانی دارایی هەرێم و ئاشکراکردنی قەرزەکانی حکوومەت، فۆرم بەسەر سەرجەم وەزارەتەکاندا دابەش کراوە، بۆ زانینی ئیلتزاماتی دارایی وەزارەتەکان و دواتر سەرجەم ئامارەکان دەکرێتە داتەبەیسێک“.
گوتیشی: ”لەرابردوودا حکوومەتی هەرێم بۆ پڕۆژەکان قەرزی لە بەریتانیا کردووە و پێشتریش بڕێک قەرزی لە تورکیا کردووە، ئەوەش جگە لە قەرزەکانی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت و بەڵێندەران و بانکە بازرگانییەکان و ئەوانەش سەرجەمیان کۆ دەکرێتەوە و ئەولەویەت بۆ دانەوەی قەرزەکان دیاری دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، ئەوەی گرنگە حکوومەت ئامادەکاریی بۆ بکات، قەرزە نێودەوڵەتییەکانە لە بانکەکان و پێویستە لەو وادەی دیاری کراوە ئەو قەرزانە بدرێتەوە، بۆ ئەوەش قۆناخی یەکەم زانیارییەکان لەبارەی قەرزەکان کۆ دەکرێتەوە و دواتر ئەولەویەت لەبارەی دانەوەی قەرزەکان دیاری دەکرێت و هەنگاوەکانی دواتر لەبارەی توانای دارایی بۆ دانەوەی قەرزەکان دەکەوێتە سەر ئەرکی حکوومەت.
زۆرینەی قەرزەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 وە دەستی پێ کرد، کاتێک بەغدا مووچە و بودجەی کوردستانی بڕی و دواتریش نرخی نەوت دابەزی و شەڕی داعشیشی بەسەردا هات.[1]
10-10-2017