وتەبێژی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە پەیامێکدا داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات کە پابەندی دەستوور بێت و ئەنجامی #ڕیفراندۆم# هەڵوەشێنێتەوە و له و ناوچانە بکشێتەوە کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندان. ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستمان زانی ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئه و پەیامەی بەڕێز سەعد حەدیسی بۆ ڕای گشتیی هەرێمی کوردستان و عیراق بخەینەڕوو.
یەکەم: بە هیچ شێوەیەک دەستووری عیراقی فیدرال ڕێگری لەوە نەکردووە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. ڕیفراندۆم نە پێچەوانەی دەستووری عیراقی فیدرال و نە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکانە لە پرسی دەربڕینی خواستی گەلاندا.
دووەم: جیا لەوەی کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان نادەستووری نییە، بە هەمان شێوە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکەی کارێکی وا ئاسان نییە وەک ئەوەی بەرپرسیارانی بەغدا بیری لێ دەکەنەوه، چونکە ئەم بڕیارە نە لە دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نە لە دەستی هیچ لایەنێکی سیاسیی کوردستاندایە، بەڵکو پەیوەستە بە خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە و ئەوان بڕیاری داهاتووی خۆیان لە چوارچێوەی ئه و ڕیفرندۆمەدا داوە.
سێیەم: سەبارەت به و ناوچانەی کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندان، دوای هێرشی گرووپی تیرۆرستیی داعش بۆ ناوچەکە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێ جیاوازیی ئاینی و نەتەوەیی ئه و ناوچانەی لە دەستی تیرۆرستان پاراستووە، هەروەها پێشمەرگە هێزێک نییە لە دەرەوەی عیراق هاتبێت و ئه و ناوچانەی داگیر کردبێت، بەڵکو هەروەک لە دەستووری عیراقدا هاتووە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عیراقی فیدرال.
لە کۆتاییدا وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە دووپات دەکەینەوە کە بەر لە ساڵێک و پێش و دوای پرۆسەی ڕیفراندۆمیش، هەمیشە جەختمان لە پێویستیی دەستپێکردنی دیالۆگ و دانوستانێکی جددی لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان کردۆتەوە، ئێستاش بە هەمان شێوە ئه و پەیامەمان دووپات دەکەینەوە کە بە دیالۆگ و گفتوگۆ ڕەوشەکە ئارام بکەینەوە و کێشەکان چارەسەر بکرێن و هەموو لایەک خۆی له و لێدوان و پەیامانە دوور بخاتەوە کە دەبنە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە.
#سەفین دزەیی#
وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
03-10-2017