جەماوەری خۆڕاگر و ئازادیخوازی کوردستان
بە داخ و ئەسەفێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هەڤاڵ و برا و سەرکردەی دیار و دێرین و تێکۆشەری ماندونەناس، جەنابی #مام جەلال#مان پێگەیشت.
بە کۆچی دوایی مام جەلال، گەلەکەمان سیاسەتوان و خەباتکارێکی گەورە و ئێمەش هەڤاڵ و هاوخەباتێکی دێرینمان لەدەستدا.
سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی کوردستان و گەیشتنمان بە قۆناغی ئەمڕۆ، بەرهەمی هاوخەباتیی پارتی و یەکێتی و یەکڕیزی هێزە سیاسییەکان و هاوهەڵوێستی مام جەلال و سەرۆک بارزانیە، بەرهەمی ئەو یەکڕیزی و یەکبونەیە کە مام جەلال ڕۆڵێکی گرنگ و ستراتیجی تێدا بینی و نە مێژوو و نە ئێمە و نە گەلەکەمان هەرگیز لە بیری ناکەین.
لەم ڕۆژە خەمناکەدا، سەرەخۆشی لە خۆمان، لە تێکڕای جەماوەری کوردستان، لە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیر و ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و لە خانەوادە و بنەماڵەی بەڕێزی تاڵەبانی دەکەین.
باشترین وەفا و ئەمەکدارییش بۆ مام جەلال، پاراستن و پتەوکردنی گیانی برایەتی و یەکڕیزی و هاوخەباتی نێوان هەموولایەکمانە بەرەو بەدیهێنانی ئەو ئاواتە مەزنەی هیوای مام جەلال و هەمووشەهیدان و تێکۆشەرانی گەلەکەمان بوو.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی جەنابی مام جەلال و ڕۆحی ئاسودە و جێگای بەهەشت بێت.
سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان لە بەدیهێنانی ئاواتە مەزنەکەیدا.
مەکتەبی سیاسی
#پارتی دیموکراتی کوردستان#
03-10-2017