هەڤاڵانی تێکۆشەری یەکێتیی!
پێشمەرگە قارەمانەکان!
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان!
ئەی نەتەوەی ستەملێکراوی کورد!
دۆستان و پشتیوانانی گەلی کوردستان!
هاوڕێیانی #مام جەلال#!
مەکتەبی سیاسی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، کۆستێکی نیشتمانی و جەرگبڕترین هەواڵی کۆچی دوایی، سەرۆکی مێژوویی و ڕابەری هەڵکەتوو، تێکۆشەری کۆڵنەدەری زیاتر لەنیو سەدەی خەباتی ڕزگاری کوردستان یان نەمان و دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد و گەلان، هەواڵی کۆچی پێشەنگی برایەتی گەلان و پارسەنگی چارەسەری کێشەکانی پێکهاتەکانی عێراق و لایەنە کوردستانییەکان و دۆستایەتی و ئاشتەوایی وڵاتان، سەرۆکێک، هەمیشە لەخزمەتی ڕەنجدەرانی بیروبازوو بوو، سەرۆکێک لە سایەیدا، ئازادی بیر و ڕەخنەی ئازاد بوژایەوە و دورنمای خەباتیشی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەمانی چەوسانەوەی مرۆڤ بوو لەلایەن مرۆڤەوە.
بەداخ و پەژارەیەکی هەرە قوڵەوە، هەواڵی ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلال، بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین و لەم ساتە وەختە هەرە خەمبارەشدا، پەیمانی شەرەفی سیاسی و پێشمەرگایەتی بۆ ڕۆحی پاکی مام جەلالی پێشمەرگە، مام جەلالی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە، مام جەلالی سەرۆک، مام جەلالی باوک و هەڤاڵ و دڵی گەورەی میهرەبانی دوور لەرق و کینە، مام جەلالی چەسپێنەری برایەتی و دۆستایەتی، دووپاتدەکەینەوە.
جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان و تەواوی گەلانی عێراق!
ئێمە دڵنیاین خودای گەورە، سەرۆکی مەزنمان، لە پاداشتی ئەو هەموو دڵپاکی، چاکخوازیی، ئاشتی، ڕێزگرتنەی لە بیروڕاکان، ئایینەکان، مەزهەب و ئایینزاکان، بە بەهەشتی بەرینی شاد دەکات.
فرمێسکی وەفاداری لەسەر مەزاری سەرۆکمان دەڕێژین و بەهیواین ئاڵای سەوزی یەکێتیی و برایەتی شەکاوەبێ، ئومێدەواریشین تەمەنی هێرۆی هاوسەر و هاوخەباتی مام جەلال و بافڵ و قوبادی کوڕی، درێژبێ.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
03-10-2017