دوای ئەنجامدانی گشتپرسیی و ڕێکارەکانی بەغدا دژی کوردستان، لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەوز و میوە گران بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نزیکەی لە 80%ی سەوزە و میوەی ئەو ناوچانە لە کوردستانەوە هاوردە دەکرێن.
هۆکاری گرانی بازاڕ ڕێگری بازگەکانی عێراقە لەو شۆفێرە کوردانەی سەوزە و میوە یان هەر کاڵایەک بۆ بەغدا دەگوازنەوە. لە سنووری دیالە و لە خالس خەڵکی ناوچەکە بازگەیان داناوە و ڕێ بە شۆفێرە کوردەکان نادەن شتومەک بەرەو بەغدا ببەن.
رۆژانە لە دەروازەکانی بەغداوە زیاتر لە 500 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری شارەکانی باشووری کوردستان دەهاتنە ناو شارەکەوە کە 80%ی پێداویستییەکانی خەڵکی دابیندەکرد، ئێستا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییە سیاسییەکانەوە تەنیا نزیکەی 500 بۆ 80 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ڕۆژانە دێنە بەغدا.
هەیسم ماجد، خاوەن فرۆشگای سەوزە و میوە لە ناوچەی بەغداد جدیدە، کە یەکێکە لەناوچە میللیەکانی شارەکە، دەڵێت نرخەکان بەراورد بە مانگی ڕابردوو بەرزبوونەتەوە، بەجۆرێک هەندێک ڕۆژ نرخی خەیار لە بازاڕی سەوزە و میوە (عەلوە) دەگاتە هەزار و 250 بۆ هەزار و 500 دینار.
پێش گشتپرسی نرخی سەوزە و میوە لە بەغدا لەنێوان 500 دینار بۆ هەزار دیناردا بووە، بەڵام ئێستا لەنێوان دوو بۆ سێ هەزار دیناردایە.
ئەیوب سەمتی، خەڵکی بەغدا دەڵێت لە کەڕادە و زەیونە نرخی تەماتە دوو هەزار و دوو هەزار 500 دینارە.[1]
10-10-2017