دوای ئەوەی بەڕێز حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕۆژی #10-10-2017# لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشێکی سەربازیی سوپا و حەشدی شەعبی دژی پێشمەرگە و کوردستان ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێکە بە مەبەستی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەردەوام هێزی زیاتری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە دەوربەری شاری موسڵەوە تا دەوروبەری #کەرکووک# و خانەقین کۆدەکرێنەوە.
ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، هەموو لایەنە عێراقییەکان و هەموو ڕێکخراوە مەدەنی و ئاشتیخوازەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمەریکا، یەکێتیی ئەوروپا، دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیەتیی دژی داعش، دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ دەکەین کە ڕۆڵی بەپەلەی خۆیان بگێڕن و تەدەخول بکەن بۆ دوورگرتنی ناوچەکە لە شەڕێکی تازە و داوا دەکەین هێزە عێراقییەکان و هیچ هێزێکی دەرەکی هەوڵی دروستکردنی ئەو شەڕە نەدەن، چونکە لێکەوتەی ڕاستەوخۆی زۆر خراپی دەبێت بۆ سەر بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەموو ناوچەکە و زەمینەی بەهێزبوونەوەی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە لە ناوچەکەدا خۆشدەکاتەوە.
ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو چارەسەرکردنێکی ڕاستەقینەی هەموو کێشەکان، ئامادەییی خۆمان بۆ گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە نیشان دەدەین و بەرپرسیارێتیی هەر شەڕێک و لێکەوتە خراپەکانیشی دەخەینە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەڕێز حەیدەر عەبادی.
داوا لە هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان لە کورد، عەرەب، تورکمان و کریستیانەکان دەکەین بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادە بن بۆ وەڵامدانەوەی هەر شەڕخوازییەک و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە پێشمەرگە بکەن بۆ پاراستنی هەموو شارەکانی کوردستان، بۆ ئەوەی شارەکانمان هاوشێوەی موسڵ و ئەنبار و شارەکانی دیکەی عێراق تووشی کۆمەڵکوژی و وێرانبوون نەبن، هەروەها داوا لە هەموو حیزب و لایەنەکانی کوردستان دەکەین یەکهەڵوێست بن بۆ پاراستنی ئاشتی و بەرگریکردن لە کوردستان.
شارەکانی هەرێمی کوردستان پەناگەیەک بوونە بۆ لەخۆگرتنی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی شەڕی داعش و شەڕی تایفی لە عێراقدا، زۆر سەیرە حکومەتی عێراق دەیەوێت بە هێرشی سەربازی، ئارامیی ئەو ناوچانەش تێکبدات.
ساڵی 2014، دوای ئەوەی سوپای عێراق لە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری ڕایکرد و چەکێکی زۆری بۆ داعش جێهێشت، هێزی پێشمەرگە فریای خەڵکی ئەو ناوچانە کەوت و ئەوانی لە دەست داعش پاراست، لەو کاتەوە ئەو ناوچانە لە دۆخێکی ئارامی ئەوتۆدا دەژین کە هیچ کاتێک سەقامگیرییەکی بەو شێوەیان بەخۆیانەوە نەبینیوە، ئەمەش بەهۆی فیداکاریی پێشمەرگە و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان و هاوکاریی خەڵک لەگەڵیان.
چەندین جاریش ڕامانگەیاندووە نابێ هیچ چارەسەرێک دوور لە ویستی دانیشتووان بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێندرێت و دەبێ ئیدارەیەکی خاوەن تایبەتمەندی کە ویستی هەموو پێکهاتەکانی ڕەچاو بکات بۆ ئەو ناوچانە هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکاریکردنێکە.
ئێستاش دووبارەی دەکەینەوە کە ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دژی ئەوەین پەنا ببرێتە بەر چەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێ هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک داواکاریی ئێمە بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن، بە هەڕەشە و کۆکردنەوەی هێز و سوپا و هەنگاونانی عەمەلی بۆ شەڕ، وەڵام بدرێتەوە.
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
13-10-2017