لەسنوری شارۆچکەی #سەیدسادق# گەنجینەیەکی زێڕینی مێژووی دەدۆزرێتەوە، ئەویش شوێنەوارێکە مێژووەکەی بۆ چوار هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
بۆ دوو مانگ دەچێت تیمێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری #سلێمانی# لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی زانکۆی فرانکفۆرتی ئەڵمانی و چەند شوێنەوارناسێکی یابانی دەستیان کردووە بەکنه و دۆزینەوەی پارچەی شوێنەواری مێژووی لەقەزای سەید سادق (58کم خۆرهەڵاتی سلێمانی)، ئەوەی تائێستا له و جێیە دۆزراوەتەوە، شوێنەوارناسەکانی تووشی سەرسوڕمان کردووە.
ئه و شوێنەوارانە لەسەر دوو گردی بەناوبانگی شارۆچکەکە دۆزرازونەتەوە کە بەگردەکانی (#قلرخ# و #کاژاو#) ناسراون و تیمێکی 19 کەسی گەڕانیان تێدا دەکەن و ڕۆژ بەرۆژیش پارچەی شوێنەواریی نوێ دەدۆزنەوە.
گردی (قلرخ) دەکەوێتە گوندی قلرخ لەخۆرئاوای قەزای سیدسادق و گردی (کاژاو)یش سەر بەهەمان قەزایە، گەڕان لەم گردەی دووهەمیان کۆتایی هاتووه و تائێستا چەندین خشڵ و بەردو گۆڕو مۆری تیا دۆزراوەتەوە، نەک هەر ئەوە بەڵکو چەندین شوێنەواری مێژووی نزیکتریشی تیا دۆزراوەتەوە لەوانە شوێنەواری پەرستگایەکی مەسیحی.
کاتێک ساڵی 2012 تیمی زانکۆی فرانکفۆرتی ئەڵمانی هاتوونەتە ناوچەکە، وا مەزەندەیان کردووە شوێنەواری تا دوو هەزار ساڵ پێش زایین لەوێ بدۆزنەوە، بەڵام کە ئەمساڵ پرۆسەی کنه و پشکنین دەستی پێکردووە، ئەوەی پێی گەیشتوون سەرسوڕهێنەر بووە، مێژووی شوێنەوارەکان بۆ چوار هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، بەمەش دەبێتە یەکێک لەکۆنترین ئه و شوێنەوارانەی لەکوردستاندا دۆزراونەتەوە.
پرۆفیسۆر دێریک ویکا لەزانکۆی فرانکفۆردی ئەڵمانی کە یەکێکە لەئەندامانی تیمی پشکین بەنیقاشی وت لەم دوو گردە تائێستا شوێنەواری هەزارەی چوارەم و سێیەم و دووەمی پێش زایین دۆزراونەتەوە، بەلامانەوە گرنگە شوێنەواری هەزارەی یەکەمیش بدۆزینەوە، چونکە به و شێوەیە دەتوانین مێژوو بنوسینەوە. ویکا باس لەوە دەکات کە لەهەمان شوێن شوێنەواری سەردەمی مەسیح و ئیسلامیش دۆزراوەتەوە.
دەشتی شارەزوورو قەزای سەیدسادق و دەوروبەری بەیەکێک لەناوچە شوێنەوارییە گرنگەکانی کوردستان دەدەنرێن، حکومەتی هەرێم 200 گردو تەپۆڵکەی ئه و ناوچەیەی لەلیستی شوێنەواردا تۆمارکردووه و وردە وردە پشکنینان تیا دەکرێت.
گردی قلرخ کە ئێستا کنه و پشکنینی تیا بەڕێوە دەچێت، بۆیەکەمجار لەساڵی 1945 لەلایەن فەرمانگەی شوێنەواری عێراقییەوە پشکنینی تیا کراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئه و ئەنجامانەی کە ئێستا ئاشکرا بوون.
هێرۆ ساڵح شوێنەوارناس و نوێنەری بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی لەتیمی پشکنین بەنیقاشی وت هەندێ له و پارچانەی دۆزراونەتەوە تائێستا نەمانزانیوە بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی پێشتر بەشێکیان لەکاتی گەڕاندا دەستکاری کراون یان شێوێندراون.
هەروەها وتیشی لەگردی کاژاو کە بەرزیەکەی نزیکەی 30 بۆ 40 مەتر دەبێت چەندین شوێنەواری گرنگ دۆزراونەتەوە، لەبەردەمی ئەویش گردێکی بچوکتر هەیە کە بەرزییەکەی نزیکەی 15 مەتر دەبێت، لەوێش شوێنەوارەی پەرستگایەکی مەسیحی دۆزراوەتەوە.
هێرۆ وتیشی جگە لەم دوو گردە لەگردی شاملوش لەهەمان ناوچە خەریکی پشکنین، بەڵام تائێستا ئەوەی دۆزراونەتەوە پارچەی سەرەتایین.
لەساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک شوێنەوارناسانی عێراقی لەگردی (شاملو) پشکنینان کردووە جۆرێک لەگۆزەیان دۆزیوەتەوە کە جیاواز بووە لەهەموو سەردەمەکانی تر، هەر بۆیە لەدوای ئەوەوە لەهەرشوێنێکی عێراق لەوجۆرە گۆزه و گڵینە بدۆزرێتەوە پێی دەگوترێت گڵینەی شاملو، به و پێیەی یەکەمجار لەم گردە دۆزراوەتەوە.
هەموو ئه و شوێنەوارانەی دەدۆزرێنەوه و مێژووەکەیان ساغ دەکرێتەوە ڕادەستی مۆزەخانەی سلێمانی دەکرێن، ئەوانەشی کە دەمێننەوە لەگەنجینەکانی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی هەڵدەگیرێن بۆ ئەوەی لەرێی لێکۆڵینەوەوە مێژووەکەیان ساغ بکرێنەوە.
ئه و شوێنەوارناسانەی نزیکەی دوو مانگە لەقەزای سەیدسادق خەریکی کنه و پشکنینن، بەپێی ئه و ئەنجامانەی پێی گەیشتوون چاوەڕێ دەکەن پارچەی وەها بدۆزنەوە کە سەرلەنوێ مێژووی ناوچەکە بنوسێتەوه و سەرەتای ژیانی مرۆڤ لەوێدا دەستنیشان بکات.
سەرچاوە: PUKmedia
13-10-2017