بەڕێز سەرۆک بارزانی
من لەبری ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆت دەنووسم بەمەبەستی دەربڕێنی ڕێزی زۆرمان بۆ تۆ و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی عیراق. پێکەوە، بۆ زیاد لە چەند دەیەیەکە، پەیوەندییەکی مێژوویمان بونیات ناوە. ئێمە نیازمان وایە و دەمانەوێت ئەم پەیوەندییە بەردەوام بێت و بەهێزتربێت بۆ چەندین ساڵی داهاتوو. بەدیارییکراوی لە سێ ساڵی ڕابردوودا، هاوبەشییە بەهێزەکەمان و بڕیارە بەجەرگانەکەی ئێوە بۆ هەماهەنگیکردنی تەواوەتی لەگەڵ هێزە ئەمنییە عیراقییەکاندا ئاراستەکەی دژی داعش پێچەوانەکردەوە. ئێمە شەرەفمەندین و هەرگیز قوربانیدانی پێشمەرگەمان لەیاد ناچێت لەکاتی خەباتی هاوبەشماندا دژی تیرۆرزم.
ئێمە نیگەرانیی خۆمان دەردەبڕین لەم ساتەدا سەبارەت بە پرسیاری ڕیفراندۆم لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان کە وابڕیارە لە 25ی ئەیلول ئەنجام بدرێت. ئەم نیگەرانییانەمان هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەخۆدەگرێت، هەروەها ئۆپەراسیۆنی داهاتووی حەویجە، ژینگەی نادڵنیای هەرێمایەتی و پێویستی تەرکیزکردن بە چڕی بۆ سەقامگیرکردنی ناوچە ئازادکراوەکان تا دڵنیابین کە هەرگیز داعش ناگەڕێتەوە. بەوپێیە، ئێمە بەڕێزەوە داوا دەکەین ئێوە ئەڵتەرناتیڤێک قبوڵ بکەن، کە ئێمە بڕوامان وایە باشتر یارمەتیتان دەدات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانتان و دڵنیایی دەدات لەبارەی سەقامگیریی و ئاشتی کە شتێکی پێویستییە لەم شەڕەی دژی داعشدا.
ئەم پێشنیاری ئەلتەرناتیڤە چوارچێوەیەکی خێرای کاری نوێ دادەمەزرێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق-دا، کە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکرێت. ئەم چوارچێوە خێرایە بۆ دانوستاندن ئەجێندایەکی کراوە لەخۆ دەگرێت پێویستە لەساڵێک زیاتر نەخایەنێت، لەگەڵ ئەگەری نوێکردنەوە. ئامانجی ئەوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و سروشتیی پەیوەنییەکانی داهاتووی نێوان ئەو دوو لایەنەیە. هەروەها ئێمە هەوڵدەدەین بۆ چارەسەرکردنی بەپەلەی پێداویستییە ئابوریی و ئاسایشییەکانتان.
سەرۆکی بەڕێز، ئێمە ئاگاداری نائومێدییەکانتانین لە دە ساڵی ڕابردوودا، هەروەها لەراستیدا ئەو چەوتییانەی گەلی کورد لە عیراق لەدوای ساڵی 1921ەوە پێوەی دەناڵێنن. ئێمە پێداویستیی سەرەکیی قبوڵ دەکەین بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی قایلکەر کە بتوانێت چارەسەری هەموو داواکاریی و پێداویستییەکان بکات بۆ هەموو نەژاد، باوەڕ و ئیتنیکییەکانی ئەم خاکە کۆنە. ئەمە جەوهەرییە بۆ سەقامگیرکردنی هەرێمەکەتان، هەروەها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئێمە. لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە، ئەوە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لەژێر سایەی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ بۆ ئەوەی هەموو هێزی خۆمان بەکاربهێنین بۆ یارمەتیدانی ئێوە و حکومەتی ناوەند بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە هەڵواسراوانە، هەروەها دڵنیابوون لەوەی هەموو هێز و دەسەڵاتی ئێمە لەپشت ئەم چوارچێوە نوێیە بۆ دانوستاندان دەوەستێت.
لەوەش زیاتر، ئێمە ئامادەکارییمان کردووە بۆ ئاسانکاریی پەسەندکردن لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نزیکترین کات، بۆ پاڵپشتی زیاتری ئەم پرۆسەیە و بەشداریی تەواوەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها هاوبەشە گرنگەکانمان وەک بەریتانیا و فەڕەنسا. ئەمە دەرفەتێکی دەگمەنە کە ئێمە بەڕێزەوە داوات لێ دەکەین ئەم ئەلتەرناتیڤە قبوڵ بکەن بۆ ئەو ڕیفراندۆمە بڕیارلێدراوەی ئێستا کە ئێمە باوەڕوامان وایە دەرەنجامی جددی لەگەڵ خۆیدا دێنێت، تەنانەت بەپێچەوانەوە، پاشەکشەکردن لە خواستەکانتان.
بەڕوانین لەمێژووی گەلی کورد، ئێمە تێدەگەین کە ئێوە ئەم پشنیاری دیالۆگە وەک دوا دەرفەتێک دەبینن، بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە، ئەم دەرفەتە بەهای ئەوەی هەیە وەربگیرێت، بەتایبەت لەسەردەمی سەرکەوتنە مێژوویەکەی ئێوەدا دژی داعش، هەماهەنگییەکەی بێ پێشنینە لەنێوان هێزە ئەمنییە عیراقییەکان و پێشمەرگەی کوردستان هەروەها پاڵپشتییەکەی بەهێزی نێودەوڵەتی. لەکۆتایی ئەم پرۆسەیەدا، بەدڵنیاییەوە، پێویستە گفتوگۆکان نەگەنە دەرەنجامێکی قبوڵکراوی هاوبەش یاخود شکستبهێنێت بەهۆی نەبوونی باوەڕ لەبەشی بەغدا، ئێمە داندەنێین بە پێویستی ڕیفراندۆم دا.
لەبەرامبەر پابەندبوونی ئێمە بۆ یارمەتیدانی چوارچێوەیەکی جددی بۆ دیالۆگ-وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ دواخستنی ڕیفراندۆمە بڕیارلێدراوەکە- ئێمە داوای پابەندبوونی ئێوە دەکەین بەم خاڵانەی خوارەوە:
یەکەم، دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا وەک بنچینەیەک دەمێنیتەوە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و دۆزینەوەی ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر پەیوەندی داهاتووی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق. ئیتر ئەگەر ئەمە بەمانای فیدراڵیزمێکی ڕاستەقینەبێت یان فۆڕمەکانی دیکەی کۆنفیدراڵی یاخود سەربەخۆیی، دەبێت ئەمە لەڕێگەی دانوستاندانی ئاشتییانەوە بێتە دی.
دووەم، هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی کورد بەرەوام دەبن لە مانەوەیان وەک هاوبەشێکی گرنگ لە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، پاراستنی پاڵپشتی گونجاوی هاوپەیمانان، هەروەک بەردەوام دەبن لە هەماهەنگییە مێژووییەکەتان لەگەڵ هێزە ئەمنییە عیراقییەکان. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پلانێک دادەنێت بۆ خێراکردنی هەوڵەکانی خۆمان بۆ پاڵپشتییکردنی میکانیزمەکانی ئەمنیی هاوبەش، بەتایبەتی لە ناوچەکانی وەک شەنگال، کە دوای داعش بە ناسەقامگیریی ماوەتەوە. ئێمە دەبێت بە هاوبەشیی کاربکەین بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی ئەو ناوچە هەستیارانە.
سێیەم، سنورەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق لەڕێی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دیاریی دەکرێن، هاوتا لەگەڵ پرۆسەکان کە لەماددەی 140 دیاریی کراوە. ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و بەهەماهەنگیی حکومەتی عیراق پاڵپشتی دەکات بۆ خێراکردنی پرۆسەکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بەدانانی خشتەیەکی کاتیی وەک لەسەرەوە باسکراوە.
چوارەم، ئێمە پێشبینی ئەوە دەکەین کە ئێوە بەردەوام من لە هەوڵەکانتان بۆ هاوکارییکردن لەگەڵ حکومەتی ئێستای عیراق کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکرێت، لەنێویاندا بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکانی 2018، هەروەها کاریگەرییەکی پۆزەتیڤتان هەبێت لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوای ئەو هەڵبژاردنانە. دەوڵەتمەداریی و سەرکردایەتیی ئێوە لەم ماوەی دوای-داعشە جەوهەرییە دەبێت بۆ تەواوی هەرێمەکە.
هاوتا لەگەڵ ئەم چوارچێوەی کارە بۆ دانوستاندنەکان، ئێمە پاڵپشتی و ئاسانکاریی دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە لەماوەی یەک ساڵدا:
1- جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی مانادار بۆ دابەشکردنی هێز و داهات.
2- جێبەجێکردنی ماددەی 140.
3- بۆ جێبەجێکردنی پرسەکانی دیکەی وەک پێشمەرگە، فڕۆکەوانیی مەدەنی، نوێنەرە دیبلۆماتییەکان...هتد.
ئێمە بڕوامان وایە ئەم نامەیە و بڕیاری ئازایانەی ئێوە بۆ قبوڵکردنی ئەم ئەڵتەرناتیڤە دەرفەتێکی مێژوویی دەخوڵقێنێت لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق لەسەردەمی قوربانی و سەرکەوتنە هاوبەشەکانماندا لەدژی داعش. لەبری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرۆک دۆناڵد جەی. ترەمپ و تێکڕای ئەندامانی ئاسایشی نیشتمانیمان، ئێمە شەرەفمەندین بە کارکردن لەگەڵ ئێوەدا.
لەگەڵ ڕێزدا
رێکس تێلێرسۆن
23-09-2017