ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیری پیشوی تورکیا ڕایگەیاند کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لەدەوری #کەرکووک# بە تەنیا هاوڵاتیانی کەرکووک، بەڵکو ئەگەر هەیە هەموو عێراق و ناوچەکە بەرەو ئاژاوە ڕاپێچ بکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە پیشهاتەکانی ناو کەرکووک و ئەو دوو سیناریۆ دژ بەیەکەی هەیە سەبارەت بە شارەکە و هەموو عێراق و ئاییندەی ناوچەکە ڕێگەخۆشکەرە بۆ بەرپاکردنی شەڕ، یان دەبێت چارەسەرێکی ئاشتیانە و جێگیر بۆ کەرکووک بدۆزرێتەوە یان لەو شارەدا ئاگرێکی مەزهەبی و نەتەوەیی دەستپێدەکات کە شارەکانی دیکەی عێراقیش دەتەنێتەوەو هەموو ناوچەکە بەخۆیەوە دەسوتێنێ.
لەو بارەیەوە داودئۆغڵو لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پیشنیاری چارەسەرێکی 10 خاڵی کردووە کە بەمجۆرەیە.
1- دوای جەنگی عێراق وەک حکومەتەکانی کۆماری تورکیا ئەمەمان پەسندکردووە کە ''عێراق ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووکە و کەرکووکیش عێراقێکی بچووکە''، لەم بنەمایەوە پێویستە ئەمە قبوڵ بکرێت کە چارەسەرێک بە بەشداری تەواوی پێکهاتەکانی شاری کەرکووک بدۆزرێتەوە، هەروەها خۆ لە هەر کردارێکی تاکلایەنە و ئەمری واقیع بەدووربگیرێت.
2- لەم چوارچێوەیەدا پێویستە هەموو ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول (بە کەرکووکیشەوە) وەک ڕەخساندنی هەلێک بۆ دانوستاندنەکان سڕبکرێن.
3- پێویستە هەموو جموجۆڵێک و گواستنەوەیەکی هێزی سەربازی لە دەوروبەری کەرکووک ڕابگیرێت.
4- پێویستە لکاندنی کەرکووک بە ئیدارەی (هەرێمی کوردستان)ەوە بەشێوەیەکی تاکلایەنە و سەربازی یان داواکاريیەکان بۆ هەژمارکردنی کەرکووک وەک پارێزگەیەکی ئاسایی و هەژمارنەکردنی تایبەتمەندییەکانی ئەو شارە و لکاندنی بە حکومەتی ناوەندیەوە هەڵپەسێردرێت.
5- حەقیقەتی ئەمڕۆی سیاسیی کەرکووک، وا بەپێویستی دەزانێت کە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ شارەکە بدۆزرێتەوە و ڕێکاری تایبەت لەسەر ئەمە بگیردرێتەبەر. دەکرێت ئەم ڕێکارە تایبەتە لەڕێی گەیاندنی کەرکووک بە دۆخێکی جیا لە چوارچێوەی یەکپارچەیی عێراقدا فەراهەم بکرێت.
6- دەشێت لە بری سەپاندنی چارەسەرێکی تاکلایەنە لەڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێک لە کەرکووک بە گوێرەی ماددەی 140 لە دەستوری عێراق، ئەو پیشنیارەی لە ئەنجامی ڕێککەوتنی لایەنەکان پێی دەگەن بخرێتە ڕاپرسیەوە.
7- پێویستە لەم ڕێککەوتنەدا لەپێناوی ڕێگەگرتن لە بەرژەوەندییە جیاوازەکان و پێکدادان، فۆرماتێکی دانوستاندن هەبێت کە نوێنەرانی لایەنە خۆجێییەکان و تەواوی لایەنەکان لەخۆبگرێت و ئەمە بکرێتە بنەما.
8- لەو کۆبونەوانەی لەگەڵ بەڕێز تاڵەبانی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی عێراق کە تیادا ئامادەبووم، بیرۆکەی پێکهێنانی ئەنجوومەنی پێگەیەکی تایبەت و یەکسانی لە پێکهاتەکانی کەرکووک پەسندکراوە کە (تورکمان33%، کورد 33%، عەرەب 33)% بن. پێویستە ئەمە و فۆرماتەکانی دیکەی لەم جۆرە پلاتفۆرمێکی خۆجێیی وەها دروستبکەن کە شەڕی نەژاد بوەستێنێت.
9- دانوستانەکان بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەبچن، حکومەتی ناوەندیی عێراق و ئیدارەی هەرێمی کوردی بابەتیانە بەشداری بکەن و وڵاتانی دراوسێش وەک چاودێر بەشداربن.
10- پێویستە لەکاتی بەڕێوەچوونی ئەو دانوستانانەدا گرژيیەکان کەمبکرێنەوە و خۆ لەبەکارهێنان و نیشاندانی هێز بەدووربگرن و زەمینەیەکی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانێکی ژیرانە بڕەخسێندرێت.
وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد[1]
15-10-2017