ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/10/2017 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبونی بەڕێز #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی کۆچی دواییی سەرۆک #مام جەلال#ەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بەڕێز قوباد تاڵەبانی کرد، بەڕێزیشیان بە ناوی خۆی و خانەوادەکەیەوە، سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕووداوەکانی #کەرکووک# و ڕۆژانی دواتر لە ناوچەکانی ماددەی 140 و دۆخی ئێستای کەرکووک و ئه و ناوچانه خرایە بەر باس. ئەنجومەنی وەزیران پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی بەرگریکردن لە کەرکووک کرد و هیوای زووچاکبووونەوەی بۆ برینداران خواست.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دوایین دەسپێشخەریی بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراقی فیدرال کرد بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستووری عیراق و لە چوارچێوەی شەراکەت و تەوافوق، ئامادەییی خۆیشی بۆ گفتوگۆ دەربڕی، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ دەسپێکردن و بەڕێوەچوونی ئەوگفتوگۆیە لە نێوان هەولێر و بەغدا، هاوکاریی هەردوولا بکەن.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها داوای لە دامودەزگاکانی حکوومەت و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد بە هانای خوشک و براکانیان لە خەڵکی خۆڕاگری کەرکووک و دووز #خورماتوو#ەوە بچن کە ڕوویان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، سوپاسی خەڵک و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە به هانایەوە چوون.
لە کۆبوونەوەکەدا چۆنیەتیی گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان و قۆناغی داهاتوو تاوتوێ کرا. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە دەبێ بۆ داهاتوو بڕوانین و وێڕای ئەوەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، بەڵام بە یەکڕیزی و کاری پێکەوەیی، وەک چۆن گەلی کوردستان قۆناغە سەختەکانی پێشووی تێپەڕاندووه، ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنێت، جەختی لەوەش کردەوە کە وەک چۆن مێژوو سەلماندوویەتی، ئیرادەی گەلی کوردستان بە چەک و ڕێکاری سەربازی ناشکێت و کێشەکانی عیراق به و شێوازە چارەسەر نابن.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کۆچی دواییی پەرلەمانتەر خوالێخۆشبوو #شوان قەڵادزەیی# کە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لە دەست دا، پرسە و سەرەخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان کرد و خانەوادەی بەڕێزیان کرد.
19-10-2017