- جەماوەری خۆڕاگرو تێکۆشەری کوردستان...
- کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان...
وەک هەموو لایەک ئاگادارن بەرەبەیانی ڕۆژی 16-10-2017 میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر کەرکووک و توزخورماتوو و خانەقین و شنگاڵ و مەخموور، ئەوەش بووە هۆی ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی هەزاران هاوڵاتی سڤیل، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق چەندین تاوانیان دژ بە هاوڵاتییان ئەو شارو شارۆچکانە ئەنجامدا، هەر لە دەربەدەرکردنی هاوڵاتیانی سڤیل تا دەگاتە کوشتن و ماڵ سوتاندن و تاڵانکردنی ماڵ و سامانی خەڵک، ئەمەش ئەوەی وەدەردەخات کەوا دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتی هەلەی حکومەتەکانی پێشووی عێراق دووبارە بکەنەوە، ئێمە وەکو #یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان# YNDK بەتوندی ئەو هێرش و پەلامارو دەستدرێژییانەی حکومەتی عێراق بۆ سەر ئەو ناوچانەو هاوڵاتیانی سڤیل ئیدانە و مەحکووم دەکەین و، ڕایدەگەیەنین وەک هەمیشە پێشمەرگەی پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان دەبین.
لێرەوە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان UN و ئەنجوومەنی ئاسایش و هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین بەهانای گەلی کوردستانەوە بێن و بەرامبەر بەو هێرش و دەستدرێژییانەی عێراق بۆسەر خەڵکی کوردستان بێ وەڵام نەمێنن.
- هێزو لایەنە سیاسییە وڵاتپارێزەکانی کوردستان...
ئەم پیلان و هەڕەشانەی لەسەر گەلی کوردستان و ئەزموونەکەی بەڕێوەدەچێت، پیلانێکی ناوچەیی گەورەیە دژ بەگەلی کوردستان، بۆیە بۆ وەستانەوە بەڕووی ئەو پیلان و هەڕەشانە لەسەر هەموو لایەکمانە یەکدەنگ و یەکڕیز بین و ناوماڵی کوردستان بەزووترین کات ڕێکبخەینەوە، ئەمەش ئەڕکی بەپەلەی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو لایەکمانە و، پێویستە بەجدی کاری بۆ بکەین، لەم پێناوەدا داوا دەکەین کەوا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بەزووترین کات کۆبوونەوەی فراوانی تەواوی حیزب و لایەنەکانی کوردستان ئەنجامبدات و بڕیاری پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان وەربگرێت.
هەروەها داوا لە تەواوی گەلی کوردستان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکەین، بۆ پاراستنی یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلەکەمان خۆیان لە زمانی زبر بپارێزن و، ببنە هەوێنی گیانی تەبایی و یەکڕیزی، کە ئەمەش باشترین چەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیلان و هەڕەشەکانی ناحەزو دوژمنانی کوردستان.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.
- سڵاوو ڕێز و خۆشەویستی بۆ تەواوی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.
- مردن و ڕووڕەشی بۆ دوژمن و ناحەزانی کوردستان.
- سەرکەوێ ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ هێنانەدی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ.
#غەفوور مەخمووری#
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
19-10-2017 هەولێر - کوردستان