بەناوی خودای بەخشەندە و میهرەبان
هەمووان ئاگاداری پێشهاتە نوێکانی ڕۆژانی دوایی نێو گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی و، دووبارە بڵاوەپێکردنی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵین لە پارێزگای کەرکووک و هەندێک لە ناوچەکانی دیکە.
لەکاتێکدا پێزانینی زۆرمان بۆ باشی ڕەفتارکردنی لایەنە جیاجیاکان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو پرۆسەیە بەشێوەیەکی ئاشتییانە و، دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی چەکداری نێوان برا خۆشەویستەکان کە هەمیشە شان بە شانی یەکدی بەمەبەستی قەلاچۆکردنی تیرۆری داعش کاریان کردووە، دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کە نابێت ئەو ڕووداوە گرنگە بە سەرکەوتن بۆ لایەنێک و شکست بۆ لایەنی دیکە هەژماربکرێت، بەڵکو سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراقییەکان، ئەگەر هات و بە بەرژەوەندی وڵات دوور لە بەرژەوەندیی کەسایەتی و توێژەکان خرایەگەڕ، هەروەها وەک سەکۆیەک بۆ لادانی لاپەڕەی نوێ بەکاربهێندرێت کە تێیدا هەمووان شان بە شانی یەکدی بن بۆ بنیاتنان و خۆشگوزەرانی نیشتمانەکەیان.
چارەنووسی عێراقییەکان بە پێکهاتە جیاجیاکانییەوە لە عەرەب، کورد، تورکمان و ئەوانی دیکە ئەوەیە کە پێکەوە لەسەر ئەم خاکە خۆشەویستە بژین و هیچ دەرفەتێک لەبەردەمیاندا نییە بۆ دروستکردنی داهاتووێکی باشتر کە تێیدا ئاسایش و سەقامیگیری و خۆشگوزەرانی دەستەبەر بکەن، مەگەر بە یەکخستنەوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی ڕابردوو. بنیاتنان لەسەر بنچینەی دادوەری و ویژدان و یەکسانی نێوان هەموو عێراقییەکان لە ماف و ئەرکەکاندا و دروستکردنی متمانە لەنێوانیاندا دوور لە ویستی سەپاندنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی ئیتنی یان تایفی و گەڕانەوە بۆ دەستوور کە وێڕای کەموکورتییەکانی، گرێبەستێکە کە لەکاتی ئەنجامدانی گشتپرسی لەسەریدا، ڕەزامەندی زۆربەی عێراقییەکانی لەسەر بوو، بۆیە دەبێت ڕێزی لێبگیرێت و چاودێری هەموو ماددە و بڕگەکانی بکرێت، مەگەر بەگوێرەی میکانیزمی نێو دەستوور هەمواربکرێتەوە.
لێرەوە داوا لە هەمووان دەکەین بەتایبەتی سەرکردە و نوخبە سیاسییەکان کار بۆ بەهێزترکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی لەسەر بنەما دەستوورییەکان و پتەوکردنی پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق لەڕێگەی دابینکردنی بەرژەوەندی هەمووان بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە تۆڵەسەندنەوە لە ڕووداوەکانی ئەمدواییە و کەمکردنەوەی گرژی لە ناوچە هاوبەشەکان و ئاسانکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان و پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی و ڕێگریکردن لە دەستدرێژی لەسەریان.
دوورخستنەوەی هەر جۆرە سیمایەک کە ئاماژەبێت بۆ ڕەگەزپەرستی یان تایفەیی چ بە بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی یان دەنگی یان هەڵبڕینی لافیتە یان دەرکردنی درووشم یان سووتاندنی وێنە یان ئاڵاکان یان هەر شتێکی دیکە. داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ڕێوشوێنە گونجاوەکان بگرنەبەر بەمەبەستی ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی ئەو کارە نائەخڵاقییانە ئەنجامدەدەن کە زیان بە ئاشتی نێوخۆیی و پێکەوەژیانی نێوان ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە دەگەیێنن.
هەروەها داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین کاری زیاتر ئەنجامبدات تاوەکو هاونیشتمانییە کوردەکان دڵنیابکاتەوە کە هەموو تواناکانی دەخاتەگەڕ بۆ بەرگریکردن و چاودێریکردنیان لەسەر بنەمای یەکسانی لەگەڵ هەموو عێراقییەکانی دیکە و هیچ شتێک لە مافە دەستوورییەکانیان کەمناکاتەوە.
داواش لە سەرکردایەتی بەڕێزی کورد دەکەین ڕیزەکانیان یەکبخەن و کار بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانەی ئێستا بکەن لەڕێگەی هاریکاری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەگوێرەی بنەما دەستوورییەکان.
هیوادارین ئەوە بە پشتیوانی خودا بەرەو چارەسەری دادوەرانە و پەسەندکراو بەرێت بۆ هەمووان.
20-10-2017