ئاراسی شێخ جەنگی کێیە؟
رەنگە زۆرینەی میدیای کوردی و، خەڵکی، زانیاریان لە بارەی ئاراس شێخ جەنگیەوە نەبێت، لەوانەشە زۆرینەمان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ئاشنای ئەم کارەکتەرە سیاسیەی نێو بنەماڵەی تاڵەبانی ببووبین.
لە ڕاستیدا تەمەنی دەستپێکردنی کاری سیاسی ئه و کابرایە لەگەڵ #مام جەلال#، دەگەرێتەوە بۆ ساڵانێکی دوور (زیاتر لە 35 ساڵ)، بە تایبەت دوای ئەوەی لەسەرەتای ساڵەکانی دووهەزارەوە، بوو بە یەکێک لە نزیکترین کەسەکانی مام جەلال.
ئاراسی شێخ جەنگی، جگەلەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ مام جەلال کاریکردووە (لە پشتی پەردەوە)، لە هەمانکاتدا خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی کەلکانی بنەماڵەی شێخ جەنگیە (لە لایەن هیوای برای بەڕێوەدەبرێت).
یەکەم دەرکەوتنەکانی ئه و کابرایە، دەگەڕێتەوە بۆ 7 ساڵ لەمەوبەر، کە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هاووڵاتی، بە ناوی مام جەلال قسەی کردو، کۆمەڵێک بابەتی لە بارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و چەند سەرکردەی یەکێتی وروژاند.
لەسەرەتاکانی ساڵی 2010، دەرکەوتنەکانی ئاراسی شێخ جەنگی، بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی، لەگەڵ هەریەک لە (بەرهەم صاڵح و کۆسرەت ڕەسول)، بەڵام دواتر مام جەلال ڕازیکرد، بە دوورکەوتنەوەی بۆماوەیەکی کاتی لە هەندێ کاروباری یەکێتی، بۆئەوەی تووشی پێکدادان نەبێت لەگەڵ جێگرانی سکرتێری گشتی.
ئاراس شێخ جەنگی، به و پێیەی یەکێک بووە لە نزیکترین کەسەکانی مام جەلال (مام جەلالیش لە ئێران و #قاسم سلێمانی# نزیکبووە)، بۆیە ناوبراو لەگەڵ #عەدنانی حەمەی مینە#، ئه و دوو سەرکردەی یەکێتین، کە زۆترین نزیکایەتیان لەگەڵ سوپای پاسداران و ئیتلاعات هەیە.
پێگەی سیاسی ئاراس، وەک کوڕە گەورەی شێخ جەنگی برای مام جەلال، زۆر لە براکانی (لاهور، ئاسۆ، پۆلات، هیوا) بەهێزترە، هەرکات ئه و دەربکەوێ لە ساحەکە دا، براکانی هیچ جۆرە ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نابێت.
برازا گەورەکەی مام جەلال، بە دوو مانگ بەر لە وەفاتی مام جەلال، بەبێ ئاگاداری سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کرایە لێپرسراوی سکرتاریەتی مام جەلال، تاوەکو ئێستاش لەم ناویشانەی بەردەوامە، جگەلەوەش لەسەرجەم کۆبوونەوە نهێنییەکانی ئه و دوو مانگەی ڕابردوو، بە تایبەت لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەژداریکردووە، یاخود ئاگاداربووە.
ناوبراو، لای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی مامۆژنی، بە لە پێشترین کەسی بنەماڵەی تاڵەبانی دادەنرێت، باشترین نموونەش بۆئەمە: لە ڕێککەوتی 16ی تشرینی یەکەم (دوورۆژ لەمەوبەر)، لە ڕاگەیاندراوەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک دەڵێت لای هەموو کەس ڕوون و ئاشکرایە کە ئەندامانی خێزانەکەم وەک ئاراس و بافڵ و قوبادو لاهورو پۆڵاد هاوشانی پێشمەرگە قارەمانەکانی یەکێتی لە مەیدانی جەنگن و لەریزەکانی پێشەوەی بەرگرییدان، بۆیە داوا لە جەماوەری کەرکووکی قارەمان دەکەم باوەڕ بەو درۆو دەلەسانە نەکەن و ئارامی شارەکە بپارێزن.
له و ڕاگەیاندراوەی هێرۆخان، ناوی ئاراسی شێخ جەنگی، لە پێشەوی ناوی باڤڵی کوری گەورەی هێناوە.
ئاراسی شێخ جەنگی، بە یەکێک لە ئەندازیارانی ڕێککەوتنەکەی شەوی 16 تشرینی یەکەم (دوو ڕۆژ لەمەوبەر) دێت، لەوکاتەی لە میدیاکان هەواڵی ئەوە وابڵاوکرایەوە، کە ناوبراو لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی کردووە، لە بارەی کشانەوە هێزەکانی یەکێتی لە کەرکووک.
کەواتە؛ هەموو زانیارییەکان ئاماژەن بۆئەوەی ناوبراو؛ وەک کارەکتەرێکی سیاسی ماڵی تاڵەبانی پێگه و داهاتووەکی گەورەی لە نێو خانەوادەکەی و حزبەکەيی دەبێت، چونکە بەهۆی دەرکەوتنە توندو خێراکانی هەندێک کەس پێیدەڵێن شێرپەنجەکەی نێو بنەماڵەی تاڵەبانی. یەکێک لە ئەگەرەکانیش ئەوەیە: ناوبراولە داهاتوودا، لەگەڵ نەوەکانی تری بنەماڵەی تاڵەبانی، تووشی ڕووبەرووبوونەوە بێت بەهۆی دەسەڵات و پۆست.
سەرتیپ وەیسی کەریم