دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەهۆی ئه و هێرشانەی کە چەکدارانی #حەشدی شەعبی# کردویانەتە سەر دوز#خورماتوو# بە سەدان ئاوارەی ئه و شارە ئاوارەبوون، ئەمڕۆش نزیکەی 100 خێزانی ئاوارە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقییەوە گواسترانەوە بۆ کەمپی بەرزنجە لە سنوری قەزای سەیدسادق هەر ئەمڕۆش پێداویستییان بەسەردا دابەشکرا.
کاروان عومەر، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی پێداویستی بەسەر ئاوارەکانی کەمپی بەرزنجە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقییەوە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی پڕبونی کەمپی قوشتەپە و نەمانی جێگەی پێویست ناچار بوین ئه و ئاوارانەی کە ڕوو لە شارەکانی هەرێم دەکەن بیانگوازینەوە بۆ کەمپی بەرزنجە لە سنووری قەزای سەیدسادق هەر ئەمڕۆش 61 خێزان گەشتونەتە کەمپەکە و تا ئێوارەش نزیکەی 100 خێزان دەگەنە کەمپی بەرزنجە.
ئاماژەی بەوەشکرد،هەر ئەمڕۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و ڕاخەر و بەتانی و چەند پێداویستییەکی ترمان بۆ دابینکردوون هاوکات بەنوسراوی ڕەسمیش داوامان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کردووە کە بە زوترین کات سوتەمەنی و هۆکاری گەرمکەرەوەمان بۆ دابینبکەن چونکە کەمپی بەرزنجە وەک کەمپەکانی دیکە نیە و پلەی گەرما زۆر نزمە بەتایبەت لە شەواندا.
لای خۆیەوە هاوژین عوسمان، جێگری بەڕێوەبەری کەمپی بەرزنجە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، کەمپەکەمان توانای لەخۆگرتنی نزیکەی 150 خێزانی هەیە و پێشبینی ئەکەین ئەمڕۆ 100 خێزان بگەنە کەمپی بەرزنجە، بۆیە ئەوەی ئەرکی ئێمەیە داواکردنە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی ئه و پێداویستییانەی کە بۆ ئاوارەکان گرنگ و پێویستە بەتایبەت خۆراک و سوتەنەمی و هۆکاری گەمکردنەوە.
ئەوەشی وت خۆشبەختانە تائێستا بەدەنگەوەهاتنێکی باش هەیە لەلایەن هاووڵاتیان و ڕێکخراوەکانەوە بۆ دابینکردنی پێداویستی بۆ ئاوارەکان، بەڵام ئومێدەوارین مانەوەی ئەم ئاوارانە درێژە نەکێشێت و هەمویان لە زوترین کاتدا بگەڕێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان.[1]
21-10-2017