دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و #حەشدی شەعبی# لە #کەرکووک# و پردێ و چەند ناوچەیەکی تر، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەولێر و خوارووی عێراق وەستاوە، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت لەئێستادا ئەم پرسە کاریگەری کردووەتەسەر داهات و حکومەت تووشی قەیرانێکی تر دەبێت.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی سەرهەڵدانی بارگرژییەکان و شەڕی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ماوەی پێنج ڕۆژە ئاڵوگۆڕی بارزگانی بە تەواوی لە نێوان هەولێر و شارەکانی خوارووی عێراق وەستاوە.
وتیشی وەستانەکە کاتیی دەبێت و لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە شێوەیەکی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ وەستانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەڵام بازرگانەکان دەترسن لەکاتی ناردنی کاڵاکانیان بۆ خوارووی عێراق لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کەلوپەلەکانیان دەستی بەسەردابگیرێت.
بەهرەم محەمەد، تەمەن 45 ساڵ کە کاری کڕین و فرۆشتنە لەمەیدانی ئاژەڵان باس لەوەدەکات، بەر لەدروستبوونی شەڕ لە کەرکووک، ڕۆژانە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی ڕەشەوڵاخ و مەڕ و بزن بازاڕێکی باشی هەبوو، بەڵام چەند ڕۆژێکە ئه و بازاڕە بەتەواوی وەستاوە و ڕێژەیەکی زۆر کەم له و جۆرە ئاژەڵانە کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت.
روونیشیکردەوە، لەئێستادا هیچ ئاژەڵێک نابرێتە شارەکانی خوارووی عێراق، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ڕۆژانە بە هەزاران سەر ئاژەڵ لەهەولێرەوە ڕەوانەی شارەکانی عێراق دەکرا، ئەمەش وایکردووە گۆشتی ئاژەڵ لەزیندە قەپانەوە کیلۆی لەپێنج هەزار دینارەوە بۆتە کەمتر لەچوار هەزار دینار.
هاوکات ئەسعەد ئەحمەد، خاوەنی کێڵگەیەکی پەلەوەرییە لەناحیەی شەمامکی سەر بە پارێزگای هەولێر دەڵێت نرخی یەک کیلۆ گۆشتی مریشک لەچوار هەزار دینارەوە دابەزیوە بۆ هەزار و 800 دینار.
ئەسعەد باس لەوەشدەکات کە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی کەرکووک و شەڕی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە 17ی ئەم مانگەوە نرخی گۆشتی مریشک دابەزینی زۆری بەخۆییەوە بینیوە و تائێستاش دابەزینەکە بەردەوامە و پێشبینیش دەکات نرخەکە زیاتر دابەزێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی پێنج ڕۆژە هەناردەکردنی مریشک لەهەولێرەوە بۆ شارەکانی خوارووی عێراق بە تەواوی وەستاوە و بەرهەمی ناوخۆیی مریشکیش پێداویستییەکانی ناوخۆ بەتەواوی پڕدەکاتەوە و هێنانی گۆشتی بەستووش لەتورکیاوە بۆ ناو هەرێم بەردەوامە.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، لە 2003وە نرخی گۆشتی مریشکی زیندوو بەمشێوەیە دانەبەزیوە و ئەوان لەکێڵگەکان یەک کیلۆ گۆشتی مریشک بە نرخی هەزار و 500 دینار دەفرۆشن بە خاوەن دووکانەکان و ئەوانیش لەئێستادا بە هەزار و 800 دینار دەیفرۆشن.
هاوکات نەبەز عەدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە وەکالەت بۆ دواڕۆژ وتی هەرزانبوونی یەک کیلۆ گۆشتی مریشکی زیندوو، پەیوەندی بەم بارودۆخەی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەم نرخەش ڕاستە بۆ خاوەن گێڵگەکان تۆزێک خراپە، بەڵام لەهەمانکاتدا بۆ هاووڵاتیان جێگەی دڵخۆشییە.
وتیشی ئەم بارودۆخەش چارەسەربێت نرخی مریشک زۆر بەرزنابێتەوە، چونکە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ لەئێستادا زۆر بەرزە و بەشی پێداویستی هاووڵاتیان دەکات.
محەمەد گۆران، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو، هەر کاتێک ئاڵوگۆڕی بازرگانی بوەستێت چەند هۆکارێکی هەیە لەوانە داخستنی سنورەکان و دروستبوونی بارگرژی لەنێوان وڵاتان و شارەکان، ئەمە وا دەکات لەناوخۆشدا نرخی کاڵاکان جێگیربێت یان بە شێوەیەک دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.
ئه و بەرپرسەی چاودێری بازرگانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڵوگۆڕی بارزگانی بۆ شارەکانی تری عێراق بەراورد لەگەڵ هەفتەکانی پێشوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەمەش وایکردووە کاڵاکان لەکۆگاکانی هەولێر بمێننەوە و ئاستی بازاڕیش لەناوخۆدا لاواز بکات و نرخیش بەره و دابەزین چووە.
محەمەد گۆران، ئاماژەی بەوەشدا، ئه و دۆخەی ئێستای بازاڕ لەبەرژەوەندی هاووڵاتیانە، بەوەی نرخی کاڵاکان ڕووی لەدابەزینە، چونگە جگە لەوەی کەلوپەلی خۆراکی و چەند جۆرێکی تر هەناردە ناکرێت، لەسنورەکانی تورکیا و ئێرانیش بە بەردەوامی کەلوپەلی خۆراکی هاوردە دەکرێت.
هاوکات ئەحمەد عەبدولعزیز، مامۆستای ئابووری لەزانکۆی سەڵاحەدین پێیوایە ئه و داهاتانەی پێشتر حکومەت لەرێگەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی دەستی دەکەوت بە تایبەت لەخاڵە گومرگییەکانی نێوان هەرێم و عێراق کە بڕێکی باشی داهاتی بۆ حکومەت هەیە، لەئێستادا ئەم داهاتە نەماوە، بەمەش حکومەت تووشی قەیرانێکی تر بێت.[1]
24-10-2017