بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕای گشتی
بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەیران و شکست و کارەساتەکانی سیاسی و سەربازی لە کوردستان، پارێزگاری لە دەستکەوتەکانمان، ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی، دانانی ڕێگەچارەیەک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی دووز و کەرکووک و خانەقین و ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری داوا دەکەین:
1. قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزی گەلی کوردستان پارێزراوبێت، میللەتەکەمان ڕزگارکەین لە مەترسییەکانی دووبەرەکی و شەڕی ناوخۆ.
2. لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی لە ڕێگای پارلەمانەوە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی مەلەفی گفتوگۆی هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە چاودێری ڕێکخراوە بیانییە تایبەتمەندەکان، تەواوکردنی ڕەشنوسی دەستور بە جۆرێک سیستەمی پارلەمانی تێدا جێگیر بکرێت وئامادە بکرێت بۆ ڕاپرسی، دانانی بەرنامەو پلان بۆ چاکردنی بژێوی خەڵک.
3. حکومەتی عێراق مامەڵەی لەناوچە جێ ناکۆکەکان بەپێی دەستور بێ و کار بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئه و ناوچانە بکات و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر جێگای خۆیان.
4. دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵوەشێتەوه و دەسەڵاتەکانی بەپێی یاسا بدرێتە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.
5. پەرلەمانی کوردستان سەرچاوەی بڕیار و یاسادانان بێ و هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی لەسەروی پەرلەمانەوە نەبێ.
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان
24-10-2017