بێرنارد هێنری لێڤی، فەیلەسووف و نووسەری فەرەنسی
ئەوەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەدات یەکجار ناخۆش و خەمگینکەرە. کورد، ئەو گەلەیە چەندین دەیەیە دژ بە هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆرییەت دەجەنگێ، کە لە سەدەی بیستەمدا لەو بەشەی جیهان بەشێوەیەکی زۆر خراپ دیکتاتۆرییەت دەرکەوت.
ئەوە ئەو گەلە بچووکە گەورەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ئاڵۆزدا، بەشێوەیەک دەرکەوتووە کە هەڵگری ئیسلامێکی ڕۆشنگەرانەیە و بەڕووی جیهاندا کراوەتەوە، پێشوازی لە هەموو کەمینەکان دەکات، لەگەڵ عەلمانییەت و پرەنسیپەکانی هاووڵاتیبووندا دەگونجێت.
ئەوان، ئەو پیاو و ژنانەن کە کاتێک سەرەتا دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هات و جیهانی تووشی سەرسوڕمان و هەڵکشان و داکشان کرد، تەنیا ئەوان بوون بە تەنیا و بە درێژایی هەزاران کیلۆمەتر سنووریان لەگەڵیاندا هەبوو و زۆر بە باشی و ئازایانە ڕووبەڕوویان بوونەوە. من شانسی ئەوەم هەبوو کە بچم و وێنەیان بگرم لەو شەڕەدا، ئەوان توانیان ئەو دەردە لە هەموو جیهان دووربخەنەوە و داعش تێکبشکێنن کە دەکرا ژمارەی قوربانیانی دەستی ئەو ڕێکخراوە زۆر زیاتربا ئەگەر کوردەکان ڕووبەڕوویان نەبووبانەوە.
هەر ئەوان بوون، دوای دوو ساڵ لە شەڕ دژی داعش کە ئێمە دووبارە فیلممان گرتن، دوو ساڵ دواتر، ئەوکاتەی کە گوللەی بەزەییان نا بە خەلیفەوە و بەرەو سنوورەکانی داعش دەڕۆیشتن، کریستیانەکانیان لە دەشتی نەینەوا گەڕاندەوە گوندەکانی خۆیان و دەرگای موسڵیان بۆ هێزە سەربازییەکانی عێراق کردەوە.
بەڵام لەوکاتەدا سەرکردە مێژووییەکەیان سەرۆک مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، کە ئەو ناسۆرە زۆر درێژەی کێشا و پێشمەرگەش بە زیادەوە ئەو سەرکەوتنەی بەدەستهێنا کە دەبوو بەسەر بەربەرییەکاندا ئەنجامی بدات.
ئەو پێیوایە ئیدی کاتی ژیانە، کاتی هەناسەدانە، کاتی بینینی ڕووناکییەکەیە لەوسەری تونێلەکە و دەستپێشخەری گشتپرسئ بۆ سەربەخۆیی لە 25ی سێپتێمەبەردا ڕاگەیاند.
ئەو بەئاگاییەوە جەخت لەسەر گشتپرسی دەکاتەوە و بەهایەکی بەهێزی دەبێت، دەرگای دیالۆگ لەگەڵ عێراق دەکاتەوە، کە ئەوان بەردەوام جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەنەوە و بەهیچ شێوەیەک لەئێستادا دان بە ڕاگەیاندنی گشتپرسیدا نانێن.
پێمانوایە چی ڕوودەدات؟
نەتەوە (دۆست)ەکانی کوردستان دەنگیان هەڵبڕیوە و بە تۆنێکی باوکانەی نیوکۆڵۆنیالی پێاندەڵێن کە ئەمە باش نییە، کاتی نییە، پێویستە هێشتا زیاتر چاوەڕێ بکەن، با جەنگی داعش کۆتایی پێبێت، با هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لە ساڵی 2018 دا ئەنجامبدرێت، هەندێکجاریش هەر کاتەکەی دیاری ناکەن. بۆیە هەندێجار وا هەستدەکەی کە ئەگەر پێشمەرگە توانیشیان ببنە گوللەبەندێک بۆ پاراستنی هەموو جیهان، ناتوانن بڕیار لە چارەنووسی نەوەکانیان بدەن.
دەبینین کە سەرکردە کوردەکان لە پڕۆژەکەیاندا جددین و لە شنگالەوە هەتا سلێمانی پشتگیری ئەو ساتە گەورەیە دەکەن کە دیموکراسی ڕاستەقینە و دەنگدانە. وەزیری ئەمریکا بۆ کاروباری دەرەوە، ڕێکس تیلەرسن نامەیەکی ئاراستەی بارزانی کردبوو، من نامەکەم بینی و تێیدا دژایەتی خۆی بۆ خەونی باوک و باپیرانی کورد ڕادەگەیێنێ بە شێوازێکی ترەمپانە، کە شایانی ئەو گەلە خاوەن شکۆیە نییە، داواش دەکات گشتپرسی بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.
کوردەکان داواکە پشتگوێ دەخەن و خێر و سەدەقە ڕەتدەکەنەوە، ڕاوێژکاران دەنگیان تا ئەوپەڕی بەرزدەکەنەوە و هەموو هێزی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ گەیاندنی نییەتی خراپیان، بەوە دەستپێدەکەن کە باسی کەتەلۆنیا دەکەن (کە نموونەیەکی خراپە) وەک ئەوەی بەغداد مەدرید بێت! وەک ئەوەی گەلێکی ڕاستەقینە کەوا دەیەوێ لە وڵاتێکی درۆینە جیابێتەوە کە سەدەیەکە دەیچەوسێنێتەوە، هاوتا بکرێت بە کەتەلۆنیا کە بەشێکی سەرەکییە لە وڵاتێکی ڕاستەقینە کەوا دیموکراسییەتێکی تەواوی هەیە کە ئیسپانیایە.
گشتپرسییەی کوردستان هەموو مەرجەکانی شەفافییەتێکی نموونەیی تێدا بوو، لەسەرووی ئەمەشەوە سەرکەوتنێکی وەهای بەدەستهێنا کە کەس تانەی لێنەدا، بەڵام کۆمەڵگە دیموکراتییەکان جگە لە ئیسرائیل دژایەتییان کرد و وەکو لێدان لە (یەکێتی) و (سەروەری) و (سەقامگیری) عێراق دایاننا. وەکو ئەوەی عێراق خۆی زۆر سەقامگیر بێت! وەک ئەوەی عێراقی سەددام حوسێن و پاشانیش عێراقی شەڕی بووش و ژێردەستی تاران نەبووبێتە شانۆی شەڕێکی سڤیلی بەردەوام لەنێوان پێکهاتەکانیدا بەتایبەتیش شیعە و سوننە!
کوردەکان هەتا کۆڵانەکانی نێو کەرکووکیش ئاڵاکەیان هەڵکرد و لەوێش زۆرینە بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا. دواتر هەڕەشە و سزادان دەستیپێکرد، وەکو هەڕەشە ڕووپۆشەکان، بە کوردەکان دەگوترێت: (ئەردۆغان خۆشحاڵ نییە، بەشار ئەسەد دڕدۆنگە، ئێران کەڵبەکانی دەرخست) ئایا ئەوانە هەموویان لە وڵاتەکانیاندا کەمینەی کوردیان نییە کە بەناوی یەکگرتووی خاکەوە هەوڵی لەخشتەبردنیان دراوە؟ پێشیان دەڵێن (ئەوان بڕیاردەدەن سزاتان بدەن و ئێمەش ناتوانین هیچتان بۆ بکەین!)
لەڕاستیدا، من شەوی 26ی سێپتێمبەر لە هەولێری پایتەخت بووم کاتێک هەواڵی گەمارۆی زەمینی و ئاسمانی لەلایەن بەغداوە ڕاگەیێندرا، ئەگەر ئەنجامی گشتپرسی لەماوەی سێ ڕۆژدا هەڵنەوەشێندرێتەوە. من گەواهیدەری ئەو شەوەم، ئاگام لە بانگەوازەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران بوو بۆ پایتەختەکانی ڕۆژئاوا کە هیچیان ئامادەی وەڵامدانەوە نەبوون.
لەبەرئەوە کاتێک حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر بە باشی لە پەیامی جیهان تێگەیشت، سێ هەفتە دواتر میلیشیای (حەشدی شەعبی) شیعەی ناردە سەر کەرکووک و شنگال. میلیشیا شیعەکان کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکران و فیرقەی نۆی زرێپۆشی سوپای عێراق و یەکەکانی دژەتیرۆری ڕاهێنراو لەلایەن ئەمریکییەکان هێزی پاڵپشتیشییان بوون، لێگەڕان ئەو هێرشە بکەن، لێگەڕان بێن. واشنتن لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە چاودێری بچووکترین جووڵە لەسەر زەوی ئەو ناوچەیە دەکات، گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردن تاوەکو هێرشەکەیان بە تانکی ئەبرامز و هەمەرەکانی ئەمریکا دەستپێبکەن. کەس دەنگی لێوە نەهات کاتێک بەو چەکە قورسانە هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە، لەکاتێکدا هەمووان دەزانن کە لەکاتی جەنگی پێشمەرگە لەگەڵ داعشدا چ چەکێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بە پێشمەرگە دەدرا، بەڵام ئێستا هیچ چەکێکی قورس و دژەتانکی پێنادرێت.
دەگوترێت، ئەمە ڕاستیشە کە هاتنی میلیشیاکان بەشێوەیەکی بەرچاو ئاسانکاری بۆ کرا و سوودیان لەو ناکۆکییە وەرگرت کە لەنێو کورداندا هەیە، هەروەها ئەو خیانەتەی کە بەشێک لە فەرماندەکانی نزیک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردیان، پارتەکەی جەلال تاڵەبانی، ڕکابەرە لەمێژینەکەی بارزانی کە ڕۆژی دوای گشتپرسی کۆچی دوایی کرد.
هەر زوو زانیمان کە پاشەکشە و بەدەستەوەدانەکەی (کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان) لەنێوان بافڵ، کوڕە گەورەی تاڵەبانی و کەسێکی زۆر نزیکی ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی، ڕێککەوتنی لەبارەوە کرابوو. قاسم سولەیمانی لە ناوچەکە بوو لەکاتی ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنەکە و جێبەجێکردنیشی.
دواتر دەگوترا کە تەنانەت ئەو فەرماندانەی دڵسۆزی بارزانی بوون بەبێ شەڕ پاشەکشێیان بە هێزەکانیان کردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمە بەتەواوی دروست نەبوو. بەڵێ، لە هەندێک ناوچە بەدڵنیاییەوە بڕیاری وەها درابوو، ئەویش لەبەر ناهەوسەنگی هێز بوو تاوەکو هێزەکانیان بەتەواوی تێدا نەچن.
بەڵام ئەوەی کە میدیاکان باسیان دەکرد، بۆ نموونە لە (تازە) کە دەکەویتە باشووری کەرکووک پێشمەرگە بەرەنگاری هێزە عێراقییەکان بوونەوە تاوەکو تەقەمەنییان پێنەما، هەروەها کەمێک لە خوارووی ئەوێش لە خورماتوو، 24 کاژێر پێش هێرشەکە دەستیان بەسەردا گرتبوو و کارەساتێکی گەورەیان بەسەر هاووڵاتییە سڤیلەکانی ئەوێدا هێنابوو. هەروەها ئێستا کە خەریکی نووسینی ئەم وتارەم کە 20 ی ئۆکتۆبەرە، میلیشیا شیعەکان گەیشتوونەتە شوێنێک کە تەنیا 35 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە و ڕووبەڕووی پێشمەرگە دەبنەوە کە ژمارەیان دە هێندەی پێشمەرگە دەبێت.
بەڵام ئەوەی وەک هەقیقەتێکی ڕاستەقەینە لەم زنجیرە ڕووداوەدا وەکو نەخشی سەر بەرد لە یادەوەریدا هەڵدەکۆڵدرێ و دەمێنێتەوە ئەوەیە، کە ئەو هێرشە سەربازییە وەکو ئابڕووچوونێکی گەورە دەمێنێتەوە.
بۆ کوردەکان کە باوەڕیان بە ئەمەکداری دیموکراتی هەبوو، بەلایانەوە زەحمەتە کە باوەڕبکەن چییان بەسەرهات، وەکو حەپێکی تاڵ بە گەروویاندا ناچێتە خوارەوە: (وامان دەزانی دونیا گۆڕاوە) شەوی دەستپێکی ئەو شەڕە ژەنەڕاڵ سیروان بارزانی وای پێگوتم. ئەوکاتەی کە بەجێمهێشت، سێ مانگ پێشتر، لە کۆشکی ئێلیزێ (کۆشکی کۆماریی فەرەنسا) ئەوکاتەی کە فیلمەکمم لەسەر جەنگی موسڵ پێشانی سەرۆک ماکرۆن دا : (وامان دەزانی کەوا ئەمریکی و ئەوروپییەکان زۆر بە باشی بەدوای ئەو مەسەلەیەدا دەچن، بەتایبەت ئەوکاتەی ڕووبەڕووی داعش دەبووینەوە، بەشێوەیەک دەمانبینین کە گەرموگوڕن و هەست و سۆزیان لەبەرامبەر ئێمەدا هەیە، هەست و سۆزێک کە پێشتر هەرگیز هەستمان پێینەکردووە، بەڵام ئێمە هەڵە بووین، هەموو ئەوانە ڕاست نەبوون، ئەو خەیاڵانەمان بەهەواداچوون، ئەوا گەڕاینەوە سەردەمێک کە جگە لە چیاکانی کوردستان هیچ دۆستێکی دیکەمان نییە، ئەوەم بیردەکەوێتەوە کە تۆ هەمووجار پێتدەگوتم ژەنەڕاڵ دو گۆل گوتویەتی: گەلان هیچ دۆستێکیان نییە).
بۆ ئەو چوار هاوپەیمانە تازەیەی کە لەم بارودۆخەدا دژی کوردەکان یەکیانگرتووە (ئەردۆغان، ئەسەد، عەبادی و خامنەیی)، تاکە شت کە پێکیان دەبەستێتەوە ڕقیان لە ئازادی و مافی کوردان هەیە. بەتایبەت ئێران کە میلیشیا شیعەکان بە ئۆتۆمبێلەکانیان بەنێو شاری کەرکووکدا دەسوڕێنەوە، دەستیان بەسەر باڵاخانەی پارێزگادا گرتووە، ماڵی کوردە ناسراوەکانیان تاڵانکردووە و سوتاندوویانە، بۆ ئێران ئەم ئۆپەراسیۆنە وەکو بەخششێک دەبینن!
بە چەندین بەڵگەوە دەزانین کە تاران چاوەڕێی ئەو ڕۆژەی دەکرد کە کوردەکان ملکەچ بکات، ئەوانەی کە مەیلی سەربەخۆییان هەبوو و سەربەخۆییەکەیان دەبوو بە بەربەستێک لەبەردەم پرۆژە بەنێوبانگەکەی ئێران کە دروستکردنی هیلالی شیعەیە و، لە لوبنان بە حیزبوڵڵا دەستپێدەکات هەتا بەحرێن و بە ئێران و عیراق و سووریادا تێدەپەڕێت.
چەند چاودێرێک کە جێی متمانەن ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە، شەوی کەوتنی کەرکووک نزیکەی کاژێر 08:00 شەو، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بارەگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک کە زۆر دوورنییە لە بنکەی سەربازی کەی وەن(K1) کە ڕاوێژکارە ئەمریکییەکانی لێیە. ئەفسەرێکی ئێرانی بەناوی ئیقبال پوور بە پەنجە لەسەر نەخشە ئاماژەی کردووە و بەسەر چەند ئەفسەرێکی کورردا هاواری کردووە و گوتوویەتی:(ئەگەر پاشەکشە نەکەن، لێرە و لێرە و لێرەوە هێرشتان دەکەمەسەر).
هەر لەوبارەیەوە من شایەتی دوو شتم کە ئەمەی سەرەوە دەسەلمێنن. شەوی 11:00 ی ئۆکتۆبەر لە پاریس، لە نامەیەکی تەلەفۆنیدا سەرۆک بارزانی باسی لە جووڵەی هێزەکان کردبوو کە لەنێویاندا هێزی سوپای پاسدارانی ئێرانی هەبوون، لە تارانەوە هاتبوون و ئەگەری ئەو کوشتارەی کە دەیانەوێ ئەنجامی بدەن ئەگەر بە خێرایی ڕانەگیرێن. هەروەها ساڵێک پێشتر، ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جەنگی موسڵ، ژەنەڕاڵی پێشمەرگە ئیسماعیل هەژار لەلای من باسی لەو داوا سەیرەی هاوتا عێراقییەکان بۆ دواخستنی ئازادکردنی حەویجە کرد کە بڕیاربوو ڕۆژی دوای کەوتنی موسڵ دەستپێبکات. حەویجە دەکەوێتە دەوروبەری کەرکووک. ئەسماعیل هەژار لەخۆی دەپرسی کە ئەمە ڕەنگە مانۆڕێکی سەربازی بێت بۆ کۆکردنەوەی هێزەکان. کاتەکە هات، هێزی پێویست لە نزیکترین شوێنی دەوروبەری کەرکووک کۆکرایەوە. لێرەدا هیچ نهێنییەک نەما و بواری کەمترین پێشبینی نەما کە ئەمە بۆ هێرشکردنە سەر کوردستانە. ئەمە پیلانی ڕۆژئاواییەکان بوو کە بۆ ئێرانیان ئەنجامدا بوو، هەروەها بۆ هاوپەیمانەکانی ئێرانیش ئەم چاوداخستنەی ڕۆژئاواییەکان دیارییەکی یەکجار گرانبەها بوو بۆیان.
بۆ وڵاتە دیموکراتەکان ئەمە هەڵەیەکی گەورەی سیاسی و ئەخڵاقی بوو کە لەمێژە ڕووینەداوە. بێگومان سەبارەت بە فەرەنسا کە دۆستایەتی و لایەنگیری بۆ کوردەکان هەیە و هەوڵدرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو مەسەلەیە. ڕۆژی 23ی سێپتێمبەر فەرەنسا ویستی میانگیری لەنێوان بارزانی و عەبادیدا بکات، بارزانی قبوڵی کرد، بەڵام عەبادی ڕەتیکردەوە. بەڵام بۆ وڵاتانی دیکە ئەمە کارەساتە. بۆ ئەمریکا ئەمە هەنگاوێک ئەولاترە لە ناتوانایی ئیدارەیەک کە توانای بەسەر دەستپێشخەرییە سیاسییەکاندا نییە و ناتوانێ دۆست و دوژمن لێک جودابکاتەوە…
رۆژی دەنگدان بۆ گشتپرسی چوومەوە چەند سەنگەرێکی پێشمەرگە کە پێشتر بۆ فیلمی پێشمەرگە لەو سەنگەرانەدا وێنەم گرتبوو. لەوێندەر چەندین ژن و پیاوی پێشمەرگەی ڕووخۆش و دڵشادم بینی، کە کڵاشینکۆفەکانیان بە فۆرمی دەنگدان دەگۆڕنەوە، ئەو پەنجەیان کە مۆریان کردبوو لەکاتی دەنگداندا بەرزدەکردەوە، وەکو هێمایەک کە دەنگیان داوە. دەیانزانی ئەمە ساتێکی مێژووییە. ئەوان هەموویان تەنیا یەک پرسیاریان لەسەر زار بوو: (ئایا ئەمریکا دەمانفرۆشێت؟ ئایا براکانمان لە وڵاتە دیموکراتییەکان بە ئێران و عێراقمان دەفرۆشن؟ لەسەر سینییەکی زیو پێشکەش بەوانمان دەکەن؟ کە دۆناڵد ترەمپ ئایاتوڵڵا خومەینی وەکو دووژمن دادەنێت، ئایا لەوە تێدەگات کە تەنیا دروستبوونی کوردستانێکی سەربەخۆ و سەقامگیر دەتوانێ ڕێ لە ئامانجە ئیمپریالییەکانی ئایەتوڵڵاکان بگرێت؟).
پێشمەرگە دەنگدەرەکانی سوڵتان عەبدوڵڵا و گوێڕ ڕاستیان دەکرد، ئەوان زۆر بە باشی لەوە تێگەیشتبوون کە ئەگەر بێت و کۆشکی سپی بەردەوام بێت لە پشگیری کوێرانەی لە عەبادی و خورافەی یەکێتیی عێراقییەکان و ڕزگارکردنی عێراق بە هەر نرخێک بێت، تەنانەت ئەگەر بە کردنە قوربانیی کوردەکانی دڵسۆزی خۆیشی بێت، ئەوا دۆخەکە زۆر لەوە خراپتر دەبێت کە لە سوریا ڕوویدا، ئەوکاتەی کە لە کۆتایی مانگی ئابی 2013 ڕژێمی سووریا گازی سارینی بەکارهێنا، هێڵێکی سووری بۆ کێشرا لەلایەن ئۆباماوە کە گوایە ناتوانێ بیبەزێنێت، بەڵام دواتر چەندین جاربەزاندنی بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و سزابدرێت.
لەبەرامبەردا بۆ ڕووسەکان، ئەو وازهێنانەی ڕۆژئاواییەکان لەو ناوچەیەی جیهان کە چەندین شارستانییەتی گەورەی تێدا لەدایک بووە، کە ڕەنگە ئەو شارستانییەتانە بەرەو لەنێوچوون و مردن بڕۆن، لەوێ بڕیار لە داهاتووی هاوبەشمان دەدەین، ئەمە پاروێکی ئاسانە بۆ ئەو!
من سەرم سوڕماوە، لەو گۆشەنیگایەوە کە ڕۆژی 18 ئۆکتۆبەر چەند زانیارییەکی کەم دەربارەی ئەوە بڵاوکرایەوە کە کۆمپانیای نەوتی ڕووسی ڕۆزنەفت زۆر لە کرێملینەوە نزیکە و ئەو کاتەی هەڵبژارد بۆ ڕاگەیاندنی ئەو گرێبەستەی دوای چەند مانگێک لە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردوویەتی.
ئایا دەمانویست پووتین سنووری نفوزی خۆی لەوەی ئێستا هەیە زیاتربکات دوای ئەوەی لە سووریا کردی؟ ئایا ئێمە بەدوای ئەوەدا دەگەڕاین کە کوردەکان بخەینە باوەشی پووتین دوای ئەوەی لەلایەن ڕۆژئاواییەکانەوە سووکایەتییان پێکرا، تووڕەکران و ئازاری زۆریان چەشت، هەروەک زۆربەی ئەو نەتەوانەی خیانەتیان لێدەکرێت، یەکەم دەست دەگرن کە دەستی یارمەتییان بۆ درێژ دەکات.
دەمانویست یارمەتی ئەو جەلادە بدەین کە چیچانی کۆمەڵکوژکرد و ئۆکرانیای پارچەپارچە کرد کە لەو ناوچەیەدا دەربکەوێت، سبەینێ لەو بەشەی جیهاندا وەکو سوارچاکێکی سپی (دێت خێر و بێری ئەوێ دەبات) ئەوکات ناتوانین کارێک بە پێچەوانەی ئەو بکەین و ڕێی لێبگرین! بە باشی دەیبینین… بەڵام تێکدانی میانگیری ماکرۆن، لەکۆتاییدا دیپلۆماسیەتی فارسیی پووتین سەردەکەوێت لەگەڵ ساتراپ (کە بەشێکن لە سیاسەتی فارسەکان) لە عێراق، ئەمە کارێکی مەترسیدارە، بەڵام بۆ کرێملین سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراوە.
دواتریش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەکەیاندا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە باڵیۆزی فەرەنسا(دولاتر) چەند ڕۆژێکە سەرۆکایەتی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایشی وەرگرتووە، دڵنیایی دا، چەند نائومێدکەرە! فەرەنسا دەستپێشخەرییەکی لە شەوی 18 لەسەر 19 کرد و ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، بێگومان بە وریاییەوە ئامادەکرابوو، بەڵام لانی کەم هەندێ ویستی ڕەوای گەلی کوردی تێدا بوو. تێکستەکە لەلایەن بەریتانییەکانەوە لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵکرابووەوە کە خۆیان ئامادەکردووە بۆ کۆکردنەوەی پارچە کێکەکانی بازاڕی نەوتی عێراق کە لەلایەن ئەمریکی و چینییەکانەوە هێشتا دەستی بەسەردا نەگیراوە، دیپلۆماتێک پێیگوتم (یاری دەکەن، بەتەواوی نازانین لەبەرچی، لەسەر نەخشەکەی پێشوو).
لەناکاو تێکستێکی بێتام و بێمانا کە نهێنییەکەی لای نەتەوە یەکگرتووەکانە، جارێکی دیکە جەخت لەسەر پیرۆزی بێمانای (یەکێتی) ی خاکی عێراق دەکاتەوە. بەڵام بەهیچ شێوەیەک نە باسی ڕاوەدونان و تەنگپێهەڵچنینی کوردەکان لە کەرکووک دەکات و نە باس لە ئامادەیی عەیبداری ئێرانییەکان دەکات لەو شەڕەدا.
ئەمە هەنگاوێکی نوێیە لە مێژووێکی درێژی تاوان کە بە ڕازیبوون بە جینۆسایدی ئەرمەنیییەکان دەستیپێکرد، پاشانیش دەستوەردنەدان لە جەنگی نێوخۆی ئیسپانیا و چیکۆسلۆڤاکیا و لە هۆڵۆکۆستی جووەکاندا گەییە لووتکە، بەردەوامبوون لە پشتگوێخستنی سەرایڤۆ، پاشان توتسییەکان لە ڕوواندا، هەروەها دارفۆرییەکان و زۆرانی دیکە. ئێستا ئەو تاوانە بەسەر ئەو میللەتەدا دەهێنرێ کە کوردە، ئەمە تراژیدیایەکی بێ پێشینەیە.
لە ڕێککەوتننامەی میونشنی ساڵی 1938 دا هاتبوو کە (ئەوەی لە چیکۆسلۆڤاکیا ڕوودەدات، کارێکی ناخۆش و نەخوازراوە، ڕووداوی وامان لەمەوبەر نەبینیوە، بەڕاستی داخبارین، بەڵام ئەگەر دەستوەردان بکەین و داکۆکیتان لێبکەین کێشەکە گەورەتر دەبێت.)
ساڵێک دواتر، ساڵی 1939 لەسەر کێشەی کۆریدۆری دانتزیگ (کۆریدۆری پۆلۆنیا کە لە پۆلۆنیای دەگەیاندە سەر دەریای بەڵتیک و ساڵی 1919 ئەو خاکە بە پۆڵۆنیا درابوو، بەڵام ساڵی 1939کەوتەوە دەست ئەڵمانییەکان) (بۆ پۆڵۆنییەکان ترسناکە، بەڵام لەڕاستیدا مایەی قبوڵکردن نییە، بەڵام سەیری تابلۆکە بکەن لەناویدا کۆریدۆرەکە تەنیا وردەکارییەکی بچووکە، ئایا پێتان وانییە کە هەمووتان لەپێناو ئەو وردەکارییەی سەر نەخشەکە دەمردن؟)
پاشان مۆدێلی دایتۆ دێت، کە بەناوی شارێکی ئۆهایۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە، لە کۆتایی جەنگی بۆسنا دوای ئەوەی سەرۆکی بۆسنا عەلی عیزەت بیگۆڤیچ لە شەڕەکەدا خەریک بوو بەسەر میلیشیا سربەکاندا سەرکەوێت، کەوا چوار ساڵ بوو گەلەکەیان کۆمەڵکوژ دەکرد.
ئەمریکییەکان دێن و ناچاری دەکەن لەگەڵ دوژمنەکەی ڕێکبکەوێت و پێیان دەڵێن: (پێویستە هەمووتان واژۆی بکەن! لەمەودوا کەس بکوژ و قوربانی نییە، نە سربەکان و نە بۆسنییەکان! ئێمە گرتووخانەیەکی گەلان دروست دەکەین کە تێیدا نە شەیتان و نە خوا خۆیانی تێدا ناناسنەوە).
ئەوا ئیستاش مۆدێلی کەرکووک دەبینین، کەوا بەشێوەیەکی یەکجار بەرچاو ڕۆحی خۆبەدەستەوەدانی تێدا دەبینین، بەشێوەیەک کە بێ هاوتایە. ئایا بە ئیدانەکردنی خێرای ئەو گشتپرسییەوە لەلایەن ڕۆژئاواوە، ڕەوایەتی نەداوە بە هێرشبەرەکان لە دیدگای ئەوانەوە؟ دووبارە گەڕانەوە بۆ مەسەلەی یەکێتی و سەروەری عێراقێک کە هەموو کەس دەزانێ هەمیشە خەیاڵ بووە و هەموو دەم بووکەڵەیەکی بووە لە دەستی ئێراندا. ئەمە وەرچەرخان نییە لە شەڕی نێوان عێراق و ئێران بۆ کردەیەکی سیاسی بۆ دەستبەرداگرتنی پۆلیس و یاساکان لەژێر دەسەڵاتی تاکە دەوڵەتێک؟
پاشان ئاراستەکردنی پەیام بەو تۆنە بۆ کوردەکان کە تۆنێکی دۆستانەی بێدەسەڵاتانەیە، وەک ئەوەی پێیان بڵێن: (ئاسمان بەسەر سەرتاندا دەڕوخێ، بەڵام ئەوە خۆتان بوون ئەوەتان ویست، کەواتە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئێوە شایانی ئەوەن، چونکە ئێوە گوێتان لە ئێمە نەگرت، ناتوانین هیچتان بۆ بکەین…) ئەمە پەیامێکە لە هی پێغەمبەرێ دەچێ کە بیەوێ خۆی بسەلمینێ. هەروەها پەیامێکیش ئاراستەی ئێرانییەکان و کڕیارەکانیان دەکەن : (ئەوەی کە دەیکەن، زوو ئەنجامی بدەن. سرووشتی ئێمە وایە، غەمگینە، بەڵام ئێمە ئێمە ڕێگەمان پێداون، دەمانەوێ بڵێین لیتان خۆش دەبین).
میونخ پێش میونخ
دانزیگ پێشبینی کرا بوو
چل ساڵ دوای دانزینگ، دەربارەی پۆڵەندا وەزیرێکی دەرەوەی میتەران گوتە بەناوبانگەکەی گوتەوە (بەدڵنیاییەوە ناتوانیتن هیچ بکەین)، بەڵام ئەمجارە لەبۆ کوردەکان ئەمە دواتر گوترا، کاتێک کە خۆبەدەستەوەدان پێش هێرشەکە کەوت، پێمان خۆشبێ یان نا بە پەلە جێبەجێ کرا.
لە کوردستان شەو داهات.
مەترسی ئەوە هەیە کە ئەو شەوە درێژ بێت، نەک تەنیا بۆ کوردەکان، بەڵکو بۆ ئەو گەلانەش کە تینووی ئازادین، هەمووان چاویان لەسەر ئەوان بوو بۆ بەدەستهێنانی ئازادی یەکجارەکی کە زۆر لێیەوە نزیک بوون.
بۆ من و ئەوانەش کە وەکو من گرینگی بە پرسی گرینگی گەلان دەدەن، کە بەدەست شکستەوە ناڵاندوویانە - بەڵام هەروەک فەیلەسووفێک کە وەکو مامۆستام وایە دەڵێت (داهاتوو درێژە دەکێشێت).
وەرگێڕان: مەجید نیزامەدین گلی
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح[1]