دواڕۆژ، عیماد جەباری
چیرۆکی گیان لەدەستدانی خێزانێکی کوردی خورماتوو لەرووداوێکی هاتوچۆدا، بووەتە دیارترین ئەو چیرۆکە تراژیدیانەی لەدوای کارەساتەکەی ئەو شارە لە 16ی تشرینی یەکەم ڕویاندا، بەو پێیەی لەناو خەڵکی قەزاکەدا دەوتریت دەسترێژیکراوەتەسەر کچەکەیان و دوای ئازادکردنیشیان خۆیان کردوەتە ژێر ئۆتۆمبێڵێکی بارهەڵگرەوە تاوەکو کۆتایی بەژیانی خۆیان بهێنن.
ئەندامێکی ئه و خێزانەش ئەو هەواڵانە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت ئەوان لەرووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستداوە کاتێک ویستویانە ماڵی چەند دۆستێکیان لەداقوق بەسەربکەنەوە.
بەیانی سێشەممەی 17ی تشرینی یەکەم، واتا تەنها ڕۆژێک دوای ئەوەی کوردانی خورماتوو بەهۆی هێرشی چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە شارەکەیان چۆڵکرد و ڕوویان لەناوچە ئارامەکانی دیکە کرد، مام سەعید عەنتەر (تەمەن 70 ساڵ) لەگەڵ هاوسەرەکەی و کچێکی مناڵیدا لەناوچەی داوێوە دەگەڕێنەوە بۆ قەزاکە، تاوەکو دڵنیابن کە خانووەکەیان نەسوتێنراوە، چونکە لەرۆژی یەکەمی ڕووداوەکاندا زۆربەی خانووەکانی کوردی خورماتوو لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی و خەڵکی ناوچەکەوە سوتێنرا و ماڵەکانیشیان تاڵانکرا.
ئەو خێزانە کوردە لەپاش ئەو ڕۆشتنەوەیان ئیدی تەنها تەرمەکانیان گەڕانەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ کەسێک لەسەرنشینانی ئۆتۆمبێڵەکە لەژیاندا نەماون و زەحمەتە ڕاستی ڕووداوەکە وەک خۆی بزانرێت، ئێستا ئەم ڕووداوە لەناو خەڵکی قەزاکەدا وەک چیرۆکێکی تراژیدی دەگێڕدرێتەوە.
دەوترێت دوای ئەوەی (مام سەعید عەنتەر و خێزانەکەی) ڕۆشتوونەتەوە بۆ خورماتوو، لەلایەن ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبییەوە دەستڕێژی سێکسی کراوەتەسەر کچە هەرزەکارەکەی، لەپاش ئەو ڕووداوەو دوای ئەوەی ڕێگایان پێدەدرێت لەشارەکە دەربچن، (مام سەعید) بۆ ئەوەی کۆتایی بەژیانی خۆی و خێزانەکەی بهێنێت ئۆتۆمبێڵەکەی دەکات بەژێر ئۆتۆمبێڵێکی بارهەڵگرەوە، بەو هۆیەوە هەموویان گیان لەدەستدەدەن.
عەقید لەمیعە محەمەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەگەرمیان بە دواڕۆژی وت بەشێوەی مەیدانی بەدواداچوونمان بۆ ئەو هەواڵە کردووە و پاش سەردانیکردنی بەشێک لەخەڵکی خورماتوو کە ئاوارەبوون و لەهەردوو ناوچەی تازەدێ و ناحیەی زنانە نیشتەجێبوون، لەزاری ژمارەیەکی زۆر لەو خەڵکەوە وەک شایەتحاڵ ئەو زانیاریەمان بۆ پشتڕاستکراوەتەوە کە به و شێوەیە بووە.
وتیشی تەنانەت یەکێک لەشایەتحاڵەکان کە قسەی بۆ کردووین و تەواوی زانیارییەکانیشمان تۆمارکردووە، هاوپۆلی کچە قوربانییەکە بووە لەقوتاپخانەو بە کارەساتەکەش زۆر نیگەران و خەمبارە.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی گەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕەنگە خێزانەکەی بۆ پاراستنی ناوبانگیان ئەم زانیارییانە پشتڕاست نەکەنەوە، بەڵام پێویستە لەدوای هێوربونەوەی دۆخەکە لەرێگەی دادوەرەوە داوا بکرێت پشکنینی تایبەت بۆ تەرمەکان بکرێت و ڕێگا نەدرێت ئەو تاوانە وا بەئاسانی تێپەڕێت.
ماڵی (مام سەعید عەنتەر) لەخورماتوو یەکێکن لەخێزانە ناسراوەکان، ئەمەش وایکرد هەواڵی گیان لەدەستدانی و چیرۆکەکەیان بەشێوەیەکی خێرا لەناو دانیشتوانی قەزاکەدا بڵاوببێتەوە.
هاوکات حەسەن بارام جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خورماتووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە دواڕۆژی وت بەپێی ئەو زانیاریانەی لەخزم و دۆستەکانی خێزانەکەوە دەستمان کەوتووە، دوای گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵەکەیان سوکایەتیان پێکراوە، ئەوەش بووەتەهۆی ئەوەی لەگاتی گەڕانەوەی بەرەو کەرکووک خۆی بخاتە ژێر ئۆتۆمبێڵێکەوە تاوەکو کۆتایی بەژیانی خۆی و خێزانەکەی بهێنێت، نەیشاردەوە کە ئەوەی باسدەکرێت تەنها قسەیە و کەسێک لەخێزانەکە نەماوەتەوە تاوەکو ڕاستی بابەتەکە بگێڕێتەوە.
وتیشی باس لەروودانی دەیان دەستڕێژی سێکسی تر دەکرێت کە لەیەکەم ڕۆژی کارەساتەکەدا لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە بەرامبەر ژنان و کچانی کوردی قەزاکە ئەنجامدرابێت، بەڵام قورسە هیچ کەسێک لەو ژنانە دانیپێدابنێت، بەتایبەت لەکۆمەڵگەی کوردی خورماتوودا کە هەرگیز قبوڵناکرێت و ڕێکخراوەکانیش هێشتا نەیانتوانیوە ڕۆڵی خۆیان بگیڕن لەتۆمارکردنی پێشێلکارییەکان.
دوای هەوڵ و بەدواداچونێکی زۆر، دواڕۆژ توانی شوێنی نیشتەجێبوونی یەکێک لەکوڕە گەورەکانی (مام سەعید) بدۆزێتەوە، کە ئێستا لەناوچەی داودە نیشتەجێبووە، دوای ئەوەی بەهۆی ڕووداوەکانی 16ی مانگەوە خورماتووی بەجێهێشتووە.
عومەر سەعید عەنتەر، کوڕە گەورەی ئەو خێزانەیە کە بوونەتە قوربانی، بەمشێوەیە چیرۆکی ڕووداوەکەی بۆ دواڕۆژ گێڕایەوه و وتی باوکم و باوەژنم و خوشکێکی بچوکم کە تەمەنی 13 ساڵ دەبوو، لەدووەم ڕۆژی دوای ڕووداوەکانی 16ی مانگ، گەڕانەوە بۆ ئەوەی لەخانووەکەمان دڵنیابن کە هیچی لێنەکراوە، چونکە باس لەتاڵانکردنی ماڵە کوردەکان دەکرا.
وتیشی دوای گەیشتنی بۆ ناو قەزای خورماتوو و دڵنیابوون لەوەی ماڵەکەمان سەڵامەتە، پەیوەندی پێوەکردم و هەواڵی ئەوەی پێدام کە دۆخەکە باشە، پێیوتم بەرەو قەزای داقوق دەڕوات تاوەکو لەرەوشی خزمانی دیکەمان دڵنیابێت، بەڵام لەرێگا توشی ڕووداوی هاتوچۆ بووەو هەرسێکیان گیانیان لەدەستداوە.
ئەو کوڕە گەورەیەی مام سەعید کە ئێستا لەگوندێکی نزیک خورماتوو نیشتەجێیە، بە نیگەرانیی و غەمبارییەوە باسی لەوەکرد ئەو هەواڵانەی باس لەدەسترێژیکردنەسەر خوشکەکەم دەکەن، دوورن لەراستییەوەو لەبنەڕەتدا خانووەکەشمان لەگەڕەکی کۆماری وەک خۆی ماوەتەوەو هیچ کێشەیەکیشمان لەگەڵ کەسدا نییە و گومانی خراپیش لەو ڕووداوەدا ناکەین.
باوکم کەسێکی بەتەمەن بوو، لەشۆفێریشدا زۆر خێرابوو، هەر بەهۆی خَێراییەوە لەنێوان خورماتوو–داقوق ئۆتۆمبێڵەکە لەکۆنتڕۆڵ دەرچووەو تەقیوەتە کۆمەڵێک شێلماندا، بەو هۆیەوە هەرسێکیان گیانیان لەدەستداوە، ئەمە وتەی عومەری کوڕی مام سەعیدە.
لەدوای ڕووداوەکان و پاشەکشەکردنی پێشمەرگە لەدەوروبەری خورماتوو، دانیشتوانی کوردی قەزاکە لەترسی تۆڵەسەندنەوەی حەشدی تورکمانی ماڵەکانی خۆیان بەجێشتووەو ئێستا دابەشبوون بەسەر ناوچەکانی (داودە، بناری گل، سلێمانی، چەمچەماڵ، قادرکەرەم، ڕزگاری، کفری، سەرقەڵا، کەلار و بازیان).
خورماتوو لەساڵی 1972 بەبڕیارێکی حکومەتی عێراق لەکەرکووک دابڕێندراو خرایەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 250 هەزار کەس دەبێت، کە 55% کورد و 30% تورکمان و 15%ش لەنەتەوەی عەرەبن.
بەپێی ئەو ئامارە سەرەتاییانەی لەلای مەڵبەندی حەمرینی یەکێتییە، لەسەروی 50 هەزار هاوڵاتی لەژن و پێاو و مناڵ و بەتەمەن ئاوارەبوون و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان نەماون، 80%ی خانووی کوردانی ناوچەکەش دوای ئەوەی تاڵانکراون، یان تەقێندراونەتەوە یاخود سوتێنراون، ئەمەش جگە لەخاپورکردنی بازاڕو بینای دامودەزگا حزبی و ئەمنییەکان و باڵاخانەکان.
هەر بەپێی ئەو ئامارەی بەردەستی مەڵبەندی یەکێتی، 10 شەهیدی هاوڵاتی و زیاتر لە 15 بریندار تۆمارکراون و گومانیش دەکرێت تەرمی هاوڵاتیانی کورد لەژێر دارو پەردووی خانووەکاندا مابێتنەوەو هێشتا کەسوکاریان نەیزانیوە، لەهێزەکانی پێشمەرگەش سێ شەهیدو زیاتر لە 15 بریندارهەبووە.[1]