کوردستان یان نەمان
هاوڵاتیانی ئازیزی کوردستان
ئەم موئامەرە دواییە نێودەوڵەتیەیەی کە لە نێوان (ئەمەریکا، ئێران، تورکیا و عێراق) بە عەقڵی مودەبیری ئینگلیز بەرامبەر نەتەوەکەمان جێبەجێ کرا، مانای فەشەلێکی تری سیاسەتی نەتەوەکەمان بوو. هۆکاری سەرەکی ئەم فەشەلە، جگەلە پاوانخوازی شەخسی و، شەرم کردن لە کورد بوون. هیچیتر نیە.
خوا ئینسانی بە یەکسان دروست کردوە، بەڵام ئینسانەکان بە جیاواز تەرجەمەی ویستی خوا ئەکەن. زوبان و فەرهەنگ و سایکۆلۆژی (فارس، عەرەب، تورک، ئینگلیز، سویدی… و تا دێت) پارێزراو و ڕێگە پێدراوە. کەچی بۆ سەندنی ئەو مافە خواکردانە، ئەبێت بچینە بەردەرگای خاوەن شکۆی جەللاد و داگیرکەر و لەشکەرکێش بۆ ئەوەی بفەرمون بە ڕەزامەندیان. هەموو دونیا هەموو مافێکی هەیە، بەڵام کورد بێ بایەخ و ژێر پێ ئەخرێت.
لە هەموو شتێک سەیرترئەوەیە کە لە ئێستادا تورکومان و (ماوەیەکەیتر) شیعەکانیش مافی پێکهێنانی حیزبی سیاسیان هەیە، کەچی هەتا ئێستا بە کفرێکی گەورە ئەزانرێت کوردیش خاوەنی کوتلەی پارلەمانی خۆی و حیزبی سیاسی خۆی بێت!!!
هەتا ئێرە و ئیتر بەسە… هیچ عەیبە نیە ئینسان داکۆکی لە مافە نەتەواییەتیەکانی خۆی بکات. زیاد لە سەد ساڵە شۆڤێنیستی عەرەب کەرامەتی کوردی هەپرون بە هەپرون کردوە لەم باشوری کوردستانەدا… کەچی یەک دوو شاعیر و گوتار نووسی بێ دەسەڵاتی لێ دەرچێت، دەسەڵاتدارێکی عەرەبمان نەبینی بە عەمەلی داکۆکیمان لێ بکات… موسوڵمانێکی عەرەبمان نەبینی … هەر بۆ یەک جار لەو پێنج وەجبەیەی کە سوجدە بۆ خوا ئەبات، بە زمانی قورعان، بە زمانی عەرەبی لێی بپرسێت: بۆ قوبوڵ ئەکەی وا لە میللەتی کورد بکەن؟
مێژوو تیغە و، هەمیشە کەسانی بێ موبالات ئەبڕێت. چونکە کەسانی بێ موبالات حساب بۆ (کات) ناکەن. بۆیە هەتا ئێرە و بەس.
لە ئێستاوە کوتلەی نەتەوەیی لە پاڕلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنین. دووپاتی دەکەینەوە: دژی هیچ میللەتێک نین، بەڵام زۆر بە توندی بەرامبەر هەر کردەوەیەک دەوەستینەوە کە بە نیازی شکاندنی شکۆی نەتەوەیمان و داگیرکردن و وێرانکردنی دایکی نیشتیمانمان، خاکی پیرۆزی کوردستان بێت.
سەرفرازبێت نەتەوەی کورد…
ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان…
#ئاری هەرسین#
28-10-2017