- ڕۆژی #16-10-2017# بەهیچ شێوەیەک نەدەبوو فەرمان بکرێت بە هێزی پێشمەرگە و ئاسایش، بە تەواوەتی #کەرکووک# بەجێبهێڵن و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان تەسلیمی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بکەن و بە تەنیا لە ژێر ڕکێف و ڕەحمەتی ئەواندا بێت، چونکە ئەو ناوچانە کێشەلەسەرن و دەبێت بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن لەنێوان لایەنی کورد و دەوڵەتی عێراقدا، هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی چەند مافی بوونیان لەو ناوچانە هەیە، لایەنی کوردیش هەمان ئەو مافانەی هەیە.
- پێویستە هەرچی زووە لایەنی کورد داوای چەسپاندنی پرەنسیپی هاوبەش لە کەرکووک و ناوچەکوردستانییە دابڕێندراوەکان لەڕووی ئیداری و ئەمنییەوە لە عێراق و ئەمریکا و هاوپەیمانان بکات، وەک لە دەستووری عێراق و مادەی 140 دا هاتووە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە ڕۆژی 21-10-2017 دووپات و جەختی لەسەر ئەو پرەنسیپە کردووەتەوە، کە ئەو ناوچانە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ناسنامەکەیاندا نەهاتووە و وەک ناوچەی کێشەلەسەر دەمێننەوە، واتا لە ماوەکانی نێوان 2003-2014 چۆن بووە هەر وا دەمێنێتەوە.
- داوا لە خەڵکی ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان دەکەین ئەوەندەی بۆیان دەکرێت شار و شاروچکە و گوندەکانی خۆیان بە جێنەهێڵن، چونکە چۆڵکردن و بەجێهێشتنی ئەو ناوچانە ئاسایشی نەتەوەیی کورد دەخاتە مەترسییەوە و باری دیمۆگرافی دەگۆڕدرێت بە قازانجی نەیارانی کورد.
#بزووتنەوەی گۆڕان# داوادەکات هەرچی زووە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لەبەغدا سەردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئەو واقیعە ببینن کە بەسەر ناوچەکە و دانیشتووانەکەیدا هاتوون و لەرێگای ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی عێراقەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دابمەزرێنن و کار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و بەسزاگەیاندنی تاوانباران بکات، ئه و لیژنەیە کار بکات بۆ گێڕانەوەی خەڵکەکە بۆ سەر زێدی خۆیان و گرەنتیکردنی سەر و ماڵیان.
29-10-2017