کوردێکی #باکووری کوردستانە#، 52 ساڵ لەمەوبەر لە گوندی #گرێمیرا#ی گرێدراوی قەزای #نسێبین#ی سەر بە پارێزگای #ماردین# لە دایکبووە. خێزاندارە و باوکی حەوت منداڵە. لەبەر ئەوەی سەردەمانێک موختاری گوندی خۆیان بووە، لەلایەن خەڵکی گوندەوە بە موختار بانگ کراوە و وەک خۆی دەڵێت، هێشتا ئەو ناوەی لەکۆڵ نەبووەتەوە. قزل، ساڵی 1989 ناچار بووە زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت و لەو کاتەوە لە سوێد دەژی. وەک دەزانرێت کوردەکانی سوید بە شێوەیەکی گشتی سەرگەرمی سیاسەت و نووسین و خوێندن و کارن، بەڵام قزل جیا لە هەمووان ڕووی لە جیهانی تۆپی پێ کردووە و و هۆکاری ئەو مەیلەش بەم جۆرە بۆ ڕوون دەکاتەوە:
لە ڕاستیدا کە دەستم بە کاری تۆپی پێ کرد، یاریکردن ئامانجی یەکەمم نەبوو. ئامانج ئەوە بوو بتوانین لەگەڵ گەنجانی خۆماندا بە ناوێکی کوردییەوە لە ژێر ئاڵای کوردستاندا شتێک بکەین. من وەک باوکێک هەستم بە بەرپرسیاری کرد و مەبەستم بوو گەنجانی ئێمە لە هەندەران ون نەبن و بەهاکانی خۆیان بپارێزن. لە سەرەتادا نەماندەزانی پەنا بۆ چ شێوازێک ببەین بەمەبەستی پێشخستنی کچان و کوڕانی خۆمان. تەماشان کرد تۆپی پێ ڕێبازێکی باشە و پەنامان بۆ برد و پێم وایە ئەنجامێکی باشمان بەدەست هێناوە. ئێمە لە ناوچەی دالارنای باکوری سوێد دەژین. بۆیە ناوی دالکوردمان بۆ ناوی یانەکەمان هەڵبژارد. واتا پێشگری دال لە ناوی دالارنا وەرگیراوە. بۆ ئەوەی یانەکەمان گوزارە لە ناسنامەی نەتەوەییمان بکات، وشەی کوردمان بۆ زیاد کرد. ئەمەش بۆ ئێمە، بەتایبەتی بۆ گەنجەکانمان گرنگە بۆ ئەوەی ناوی نەتەوە و ناسنامەی خۆیان لە بیر نەچێتەوە.