ڕۆژی چوارشەممە بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند هەولێر له و ڕێککەوتنه پاشگەز بووەتەوە کە لە نێوان شاندێکی سوپای عیراق و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا ئەنجامدراوە.
لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوانمادا واژۆ نەکراوە، تەنیا ڕەشنووسێکی ڕێککەوتن لەلایەن شاندی سەربازیی حکومەتی عیراقەوە پێشکەش کراوە و لە ڕۆژی دواتری کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی حکومەت و هەرێمی کوردستانیشدا، ڕەشنوسێکی جیا لەوەی یەکەم کە شاندی سەربازی پێشکەشی کردبوو، نێردراوە و وەڵامیشمان بۆ هەردوو ڕەشنووسەکە هەبووە. ئێمە چەند جارێک ئامادەیی خۆمان بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور نیشان داوە، بەڵام هەموو جارێک وەڵامی بەغدا نەرێنی بووە.
ئاڕاستەکردنی ڕەوشی ئێستا بۆ شەڕ، لەوانەیە ببێتە هۆی کارەساتێکی گەورە بۆ عیراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.
لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە مافەکانمان هەروەک لە دەستووری عیراقیدا هاتووە، ئێمە لەگەڵ ئاشتین و بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتیش، داوای گفتوگۆیەکی بونیاتنەر و ڕاشکاوانە دەکەین بەمەبەستی دروستکردنی پاشەڕۆژێکی پارێزراو بۆ نەوەکانی گەلی عیراق. داوا لە مەرجەعە گەورەکان و تەواوی پارتە عیراقییەکان و ڕێکخراوه سڤیلەکان و هەموو ئه و هێزانە دەکەین کە باوەڕیان بە دەستوور و ئاسایش و ئاشتی هەیه، دژی هەموو هەوڵێک بوەستنەوە کە دەبنە هۆی دروستکرنی فیتنە لە نێوان هەردوو گەلی کورد و عەرەب، ڕێگری لەوەش بکەن بە توندوتیژی و شەڕ کێشەکان چارەسەر بکرێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
01-11-2017