پێشمەرگە و شەڕڤانە قارەمانەکان
تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی دەزگای دژە تیرۆر و ئاژانسی زانیاری
گەلی سەربەرزی ڕۆژئاوا و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی #کۆبانی#-یەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە کەسوکاری شەهیدان، لە خۆمان، لە ئێوە و لە سەرجەم ئازادیخوازانی دونیا دەکەم.
سێ ساڵ لەمەوبەر، داعش گەیشتە لوتکەی هێزی داگیرکاریی و هەشتاوهەشت هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە لە سوریا تا دەروازەکانی بەغدا لە عێراق، داگیرکرد و ئاسایشی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دوچاری شۆکێکی گەورە کرد. گەلی کوردی قارەمانیش بەهۆی کاریگەریی جوگرافی و پیلانی ئیقلیمییەوه، کەوتە بەردەم ئەم داگیرکارییە و لە مێژووی نوێیدا، ڕوبەڕووی گەورەترین هەڕەشەی کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و لەناوبردن کرایەوە کە دەوڵەتی خەلافەتی داعش جێبەجێکاری بوو.
هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان، دەزگای دژە تیرۆری (ی.ن.ک) و خۆبەخشان و خەڵکی قارەمان، بە درێژایی 1050 کیلۆمەتر بەخوێن و قوربانیدان سەنگەری بەرگرییان پاراست. لە کوردستانی باشور، ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا لە شەنگال و دەوروبەری جینۆسایدکران، کەرکووکی قودسی کوردستان کرابە بە ئامانجی پەلاماره چەکدارییە بەردەوامەکانی داعش و دەیان کردەوەی تیرۆریستییش لە گەرمیان و هەولێر و سلێمانی، بە شەونخونیی هێزەکانی ئاژانسی پاراستن و زانیاری و دەزگای ئاسایش و پێشمەرگە پوچەڵکرانەوە.
هەر لەم کاتەدا لە کوردستانی ڕۆژئاوا، پیلانی پەلاماری هەمەلایەن بۆ گەمارۆدان و قڕکردن و سڕینەوەی گەلەکەمان پیادەکرا و لە هەموو لایەکەوە ئاگر و ئاسن بەسەر گەلی ڕۆژئاوای کوردستاندا دەباری، نیشتمانەکەمان وێرانکرا و دوا گەڕەکەکانی کۆبانییش کەوتنە بەردەم هەڕەشەی داگیرکردن. بەڵام خۆشبەختانە، شەوی 19 لەسەر 20ی 10ی 2014، کاتژمێر 2:35 خولەکی بەرەبەیان، دوای دە ڕۆژ هەوڵی چڕ و پڕ و دوای ئەوەی چەند هێزێکی ناوچەکە ڕووبەڕوی ئەم هەوڵە وەستانەوە، توانیمان بڕی 24 تەن چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆر و بڕی یەک تەن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی کە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ئامادە کرابوون، بە هاوکاریی هێزی دژە تیرۆر و بە هاوکاریی هێزەکانی سوپای ئەمەریکا لە ڕێگەی سێ فرۆکەی بارهەڵگری جۆری C130 بگەیەنین بە هەڤاڵانی یەپەگە لە کۆبانی و بە کردەوە ئەوە بسەلمێنرێت کە کۆبانی تەنیا نییە و ئه و گەمارۆ تیرۆریستییە کوشندەیە لەسەر خەڵک و خاکی پیرۆزی کوبانی تێکشکێنرا.
لەگەڵ ئەم سەرکەوتنەدا، کوردان و ئازادیخوازانی دنیا پێکڕا بە دروشمی (کۆبانی تەنیا نیە) لەسەرتاسەری جیهان، ڕژانە سەرشەقامەکان و دەنگیان بۆ پاراستنی کۆبانی بەرزکردەوە. له و ڕۆژانەدا، لەگەڵ هەڤاڵەکانمان ئەوەی بۆ پاراستنی کوردستان پێمانکرا، کردمان و ئێستا نەک کۆبانی تەنها نییە، بەڵکو کوردستانی ڕۆژئاوا بەره و ئازادی و پێکەوەژیان و بنیادنانەوە هەنگاو دەنێن و ڕەققەی پایتەختی داعش، کە تاریکترین کوشتارگەی مرۆڤایەتی بوو، لەسایەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و خۆڕاگریی کۆبانی و گەلی ڕۆژئاوا ڕزگارکرا و ئاهەنگی ژیانەوە دەگێڕن.
گەرچی گرەوی تێرۆریستان و بەرەیەک لەدوژمنانی ئازادی ئەوە بوو، کە کۆبانی دەکەوێت بەڵام ئەم قەڵایەی کوردایەتی نەکەوت و بێ شک، بەرخۆدان و پاراستنی کۆبانی وەکو خاڵی وەرچەرخان و شانازییەکی مێژوویی لەناو دەرونی تاک بە تاکی ئینسانی کورددا دەمێنێتەوە و سێمبولی هێز و مۆڕاڵی بەرز و سەرکەوتنی نەبڕاوە دەبێت بۆ پارێزەرانی. لەم خۆڕاگرییەشدا، ئەوەی نەکەوت تەنها کۆبانی نەبوو، بەڵکو ئەوە شکۆی ئینسانی کورد بوو کە نەکەوت و بەشێوەی ئەفسانەیەک لەسەر شانۆی دونیا، گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی تێکشکاند.
لەگەڵ هاوکار و هەڤاڵەکانم، لەگەڵ کەسوکاری شەهید و بریندارانی شەڕی داعش و پارێزگاریکردن لە کۆبانی، شانازییەکی نەبڕاوەمان پێبڕاوە کە بەکردەوە بەشدار بووین لە پاراستنی کۆبانی، لەوەی کە ئه و شارە ئازیزەمان بۆ دوژمنانی کورد بەتەنیا بەجێنەهێشت. و ئێستاش خۆشبەختین بەوەی بەچاوی خۆمان، بەرهەمی گیانبەخشییەکان دەبینین و دەبینین کە گەلی ڕۆژئاوا بزوتنەوەیەکی گەورەی ئاوەدانی و دروستکردنەوەی ژێرخانی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و دیموکراسیی خستۆتە سەرپێ.
بە دڵنیاییەوە، هێشتا ئەرکمان بەرامبەر بە کۆبانی و ڕۆژئاوای کوردستان و گەلەکەمان کۆتایی نەهاتوە و وەک چۆن لەکاتی تەنگانەدا بەچەک و هێز لەسەر زەوی و ئاسمانەوە هاوکاریانبوین، وەک چۆن دەرگای پەیوەندی دیپلۆماسیمان بەڕووی دونیادا بۆ کردنەوە، هاوکاریی تەندروستیمان گەیاندنێ، پێداویستی خوێندنمان خستنەبەردەست تا مناڵانی چاوگەشی ڕۆژئاڤا لە خوێندن بێبەش نەبن، بەڵێندەدەین لەئاوەدانیشدا دەستی خێرو شادمانی بین، و تا توانامان مابێت هەر بەم جۆرەی کە خوێنی شەهیدان لێمانی دەخوازێت بۆ پاراستنی کۆبانی و خاک و گەلی کوردستان بەردەوام دەبین.
#لاهور شێخ جەنگی#
01-11-2017