بەڕێز د. #حەیدەر عەبادی#، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
پاش ڕێز و سڵاو
هەروەک بەڕێزتان ئاگادارن لەدوای ڕووداوەکانی 16ی مانگی ڕابردوو، پاشەکشێی هێزی پێشمەرگە لەناوچە کێشەلەسەرەکان و داخڵبوونی سوپای عێراق بۆ ئەو ناوچانە بەتایبەت قەزای خورماتوو، بەداخەوە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی خورماتوو بەتایبەت کوردنشینانی شارۆچکەکە ئاوارە بوون، لە ئەنجامی کاردانەوەی نابەرپرسانەی تۆڵەسەندنەوەی هەندێکیش، زەرەر و زیان بە ماڵ و سامانی بەشێک لە هاووڵاتییانی ناچەکە کەوت. هەڵبەتە بۆ جێگاکانی تریش کەم و زۆر ئەم حاڵەتە نەخوازراوە ڕوویداوە، بەداخێکی زۆریشەوە ڕووداوی نەخوازراوی کوشتن و ڕفاندن ڕوویداوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لەلای خەڵکی ئاوارە دروستکردووە بۆ گەڕانەوە و مەترسییەکی گەورەشە لەسەر ئارامی دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە بە عەرەب و تورکمانیشەوە.
بەردەوامی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی و پارێزگاری سەلاحەدین و هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچەیە تەنها لەپێناوی گێڕانەوە ئارامی و ئاسایش بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە و گەڕان بەدوای بێسەروشوێن و لێقەوماوان بووە و ناکرێ سوپاسی هاوکارییەکانیان نەکەین. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تاوەکو ئێستا بارودۆخی شارۆچکەی خورماتوو وەک خۆی ماوەتەوە و ئاماژەیەک نییە بۆ دابینکردنی دڵنیایی تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە لەنێوان پێکهاتە ڕەسەن و لێقەوماو و خێرلەخۆنەدیوەکانی ئەو ناوچانەدا.
هەروەک چۆن لە ڕۆژانی ئاوارەیی و لێقەوماوی لە مێژووی هاوبەشی ئەم پێکهاتانەدا چەندینجار نان و ماڵیان وەک برا بەشکردووە، لەم ڕوانگەیەوە، داوا لە بەڕێزتان دەکەن پەلە بکەن لە ڕەوانەکردنی هێزی تایبەتی سوپای عێراقی بۆ خورماتوو تاوەکو کۆنترۆڵی ئاسایشی قەزاکە بکەن و بەهاوکاری هێزە چەکدارەکان و پۆلیس دڵنیایی و ئارامی بگێڕنەوە بۆ ئەم شارۆچکە لێقەوماوە، تاوەکو ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە و ژیان ئاسایی بێتەوە.
ئەوەندەی لە پەیوەندی بەردەوامیش بووین لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی حەشدی شەعبی، ئەوانیش ئەم پێشنیازەیان لاپەسندە و چەند جاریش داوامانکردووە جێبەجێبکرێت.
هێشتنەوەی بارودۆخی خورماتوو بەم شێوەیەی ئێستا لە خزمەتی هیچ کەسێکدا نییە و، هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچانە وەک هەر هاووڵاتییەکی تری پارێزگاکانی عێراق چاوەڕوانیان لە ئێوە هەیە بە سیفەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی حکومەت بەهانایانەوە بچ و ئاوڕیان لێبدەیتەوە و کۆتایی بەنەهامەتیەکانیان بێ، بۆ ئەوەی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە خورماتوو جارێکی دیکە دروستبێتەوە.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزدا
#ئارام شێخ محەمەد#، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق
02-11-2017