سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانە و ڕێستۆرانتەکانی کوردستان، دەڵێت بەهۆی قەیرانی دارایی، گەمارۆی سەر ئاسمانی کوردستان، پەلاماری حەشدی شەعبی و گەڕانەوەی ئاوارەی عەرەب، بازاڕی چێشتخانە و ڕێستورانتەکان بە ڕێژەی 75% دابەزیوە.
بەپێی ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، 1787 چێشتخانە، ڕێستۆرانت و کافتریا لە هەرێمی کوردستان هەن کە 768 گەشتیارین، لەم ژمارەیەش پشکی شێر بەر پارێزگای هەولێر کەوتووە کە 324 چێشتخانە و ڕێستۆرانتی گەشتیاریی هەیە.
زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانە و ڕێستۆرانتەکانی کوردستان بە (رووداو)ی گوت: بەهۆی قەیرانی دارایی و وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و هێرشەکانی حەشدی شەعبی، فرۆشی چێشتخانە و ڕێستۆرانتەکان بەرێژەی 75% دابەزیوە.
لە دوای 2014 ەوە ئەوە دووەم گورزە بەر ڕێستورانت و چێشتخانە و هوتێلەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێ، پێشتریش بەهۆی هێرشەکانی داعش 98 هوتێل و ڕێستورانت لە شاری هەولێر داخران، بەڵام زیرەک بیا دەڵێت دوای هەماهەنگیی گرووپە گەشتیارییەکان و ئاسانکارییەکانی بازگەکان، جوڵەیەکی گەشتیاری پەیدابوو، ژمارەیەکیان کەوتنەوە کار، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی تووشی هەرێمی کوردستان بوو، فرۆشی چێشتخانە و ڕێستۆرانتەکان دووبارە دابەزی و چەندین ڕێستورانت داخراون.
بە گوتەی زیرەک، بێ بازاڕییەکە بە پلە یەک ڕووی لە چێشتخانە گەشتیارییەکان کردووە بە جۆرێک چێشتخانەی وا هەیە بازاڕی بە ڕێژەی 90% دابەزیوە.
زیرەک بیا، نموونە بە ڕێستورانتێکی بەناوبانگی شاری هەولێر دێنێتەوە و دەڵێت: پێشتر ڕۆژانە 800 میوانی هەبوو، ئێستا لە 100 میوان تێناپەڕێ، بەو هۆیەوە بەرەوڕووی زیانێکی زۆر بووەتەوە.
هەرچەندە ناوبانگ و کواڵیتی و خزمەتگوزاری، ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕاکێشانی میوان بۆ چێشتخانەکان هەیە، بەڵام دیارە کە گەشتیار و داهات کەمبووەوە ناوبانگ و کواڵیتی و خزمەتگوزاریەکانیش پارە ناکەن.
شڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی چێشتخانە و ڕێستۆرانتی باوکی شەهاب ستی، بە (رووداو)ی گوت: بەهۆی ناوبانگی چێشتخانەکەمان و میوانی تایبەت و شاندی بیانی و ئاوارەکان، قەیرانی دارایی و پاشەکەوتی مووچە زۆر کاری تێنەکردین، بەراورد بەپێشتر موشتەریمان بەڕێژەی 20% کەمی کردبوو، بەڵام دوای وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان و گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکان و هێرشی حەشدی شەعبی، فرۆشمان بەڕێژەی 50% دابەزی. ئێستاش بەراورد بە پێشتر بەڕێژەی 70% دابەزیوە.
بەهۆی ئەو بێ بازاڕییەوە، شڤان ناچار بووە دەوام و کاتی کارکردنی کارمەند و کرێکارەکانی بەڕێژەی 30% کەمبکاتەوە، بەڵام دەڵێت تاوەکو ئێستا هیچیانی لەکار دوورنەخستووەتەوە.
شڤان حەسەن دەڵێت: قەیرانی دارایی کاریگەری زۆری لەسەر داوای میوانەکانمان بۆ جۆری خۆراکەکان هەبوو، بۆ نموونە پێشتر میوانمان هەبوو مێزی بە چەند خۆراکێک دەڕازاندەوە. دواتریش داوای میوە و شیرنەمەنی و ئایسکرێمی دەکرد، بەڵام ئێستا ئەم جۆرە داواکاریانە زۆر کەم بووە.
جگە لە چێشتخانە و ڕێستۆرانتە گەشتیارییەکان، بازاڕی چێشتخانە میللییەکانیش لاواز بووە. ماڵی دایکم کە یەکێکە لە چێشتخانە کولتوورییەکانی شاری هەولێر و دوو ساڵ و نیوە کراوەتەوە، پشکۆ شێخ عەلی، بەڕێوەبەری چێشتخانەکە دەڵێت: هیچ کات وەک ئێستا چێشتخانەکەمان بێ بازاڕ و چۆڵ نەبووە، قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و بێکاری، کاریگەری زۆری لەسەر دابەزینی فرۆشی چێشتخانەکان هەبوو، هەندێ مانگ قازانجێکی وامان نەدەکرد، هەندێ مانگیش زەرەرمان دەکرد، بەڵام دوای وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان و هێرشی حەشدی شەعبی بازاڕمان بەجارێک وەستا و فرۆشمان بەراورد بەساڵی ڕابردوو 80% کەمی کردووە.
ئەم چێشتخانەیە 30 جۆر خۆراک پێشکەشی میوانەکانی دەکات و 80%ی خۆراکەکانیشی کوردەوارین، نرخی خۆراکەکانیش لەنێوان 2 بۆ 10 هەزار دیناردایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کات مێزەکانیان چۆڵە.
پشکۆ شێخ عەلی دەڵێت توانای دارایی خەڵک بۆ کڕین زۆر لاواز بووە، ئەوانەی پارەشیان هەیە، بەهۆی ئەم بارودۆخەوە دڵیان خۆش نییە و ئارەزووی ئەوە ناکەن لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکانیان بۆ ناخواردن بچنە دەرەوە، بۆیە بازاڕمان زۆر لاواز بووە.
ئەوەی پشکۆ عەلی و هاوپیشەکانی نیگەران کردووە، زیادبوونی نرخی کارەبا و باج و ڕسوماتی ساڵانەی چێشتخانەکانە، بەجۆرێک هەندێ چێشتخانە ناتوانن باج و کرێی کارەبا بدەن.
پشکۆ شێخ عەلی دەڵێت: بەهۆی بێ بازاڕییەوە یەک لەسەر سێی کرێکارەکانمان کەم کردووەتەوە، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە قەرەبووی زیانەکان بکەینەوە. ئەوەی زۆر نیگەرانی کردووین زیادبوونی نرخی کارەبا و باج و ڕسوماتی ساڵانەیە کە لەوانەیە بەو فرۆشەی ئێستامان نەتوانین فریای بکەوین.
لەو چەند ساڵەی دواییدا خەریک بوو خواردنی گۆشتی ماسی لە نێو خەڵکدا دەبووە نەریت، بەو هۆیەشەوە چەندین چێشتخانەی تایبەت بە برژاندنی ماسی کرانەوە، بەڵام ئەوانیش ئێستا بازاڕیان کز بووە.
شکار حازم، خاوەنی چێشتخانەی شکار بۆ فرۆشتنی ماسی برژاو دەڵێ: سەرەڕای قەیرانی دارایی، بەراورد بە پێشتر فرۆشمان تەنیا 35% کەمی کردبوو، چونکە هاتنی ئاوارە عەرەبەکان بەهۆی شەڕی داعشەوە تاڕادەیەک هاوسەنگییەکەی ڕاگرتبوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی ئاوارەکان و هێرشی حەشدی شەعبی، بەتایبەت لەدوو هەفتەی ڕابردوودا، فرۆشمان زۆر کەمی کردووە.
50 ڕێستورانت لە هەولێر داخراون
سەرەڕای قەیرانی دارایی، لەدوو ساڵی ڕابردوودا هەشت چێشتخانەی تازە لەهەرێمی کوردستان کراونەتەوە، بەڵام بەگوتەی زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و ڕێستوڕانتەکانی کوردستان دەڵێت بەهۆی کەمی میوانەوە تەنیا لە هەولێر زیاتر لە 50 چێشتخانە و ڕێستۆرانتی هەڵگری ئەستێرە داخراون.
گوتیشی بازاڕی مێوانخانە و چێشتخانە و ڕێستۆرانتەکان زۆر دابەزیوە، زۆربەیان لەسەر زەرەر دەڕۆن، بۆیە داوا لە دەستەی گەشتوگوزار و حکومەت دەکەین پێداچوونەوە بە وەرگرتنی باج و ڕسومات و کرێی کارەبادا بکات، ئەگەرنا بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێ، زۆربەی چێشتخانە و ڕێستوڕانتەکان دادەخرێن.[1]
03-11-2017