سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 6/11/2017 به سەرۆکایەتیی بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆک وەزیران و به ئامادەبونی بەڕێز #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕەشنووسی یاسای #بودجە#ی عیراقەوه بۆ ساڵی 2018 کۆبووەوە.
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتيکردەوه ڕەشنووسی یاساکه که دوێنێ یەکشەممه له کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ تاوتوێ کرا، چەندین مادده و بڕگەی نادەستووری لەخۆی دەگرێت و به ڕوونی ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوه که مەبەست لێی فەرامۆشکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانه که له دەستووری عێراقدا وەک هەرێمێکی فیدراڵ دانيپێدانراوه، نەک پارێزگاکانی باکووری عێراق وەک له ڕەشنووسەکەدا هاتووه، دەستووریش ڕێگەی به سنووردارکردن، یان کەمکردنەوەی دەسەڵاته دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان نەداوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوه کردەوه که حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیالۆگ لەسەر بنەمای دەستووری عێراق به تاقه ڕیگەی چارەسەرکردنی کێشەکان دەزانێت، جارێکی دیکەش ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتکردەوه، چونکه پێيوایه و مێژووش سەلماندوویەتی که بەکارهێنانی هێز و ڕێکاری سەربازی، ناتوانن هیچ کێشەیەک چارەسەربکەن.
ئەنجومەنی وەزیران داوايکرد بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ که ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ تەواوی دەسەڵاتی هەر دەستکاریکردن و هەموارکردنێکی ڕەشنووسی یاساکەی داوەتێ، تێبینییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕەشنووسی یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2018 لەبەرچاوبگرێت، ئه و نادادپەروەرییەش له ڕەشنووسی بودجەدا هەڵبگرێت که بەشی هەرێمی کوردستانی تەنها به %12.6 دەستنیشان کردووە، وێڕای ئەوەی تەرخانکراویش بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان به بەراورد لەگەڵ شایستەی داراییان بەپێی تۆماری بایۆمەتری، زۆر کەمتره و تەنانەت بەشی مووچەی تەنها پارێزگایەکی هەرێمی کوردستانیش ناکات.
06-11-2017