بەپێی ئاماری سەنتەرێکی توێژینەوە لەمانگی تشرینی یەکەمدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردوه و داهاتەکەشی نزیکەی 689 ملیۆن دۆلار بووە.
ژووری توێژینەی ئابووری بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ سێشەممە لە توێژینەوەیەکدا سەبارەت بە بڕی هەنارده و داهاتی نەوتی مانگی ڕابردوو ئاشکرایکردوە، لەمانگی تشرینی یەکەمدا حکومەتی هەرێم لەرێگەی بۆری و تەنکەر 13 ملیۆن و 793 هەزار و 980 بەرمیل هەناردەکراوە.
توێژینەوەکە ڕونیکردۆتەوە لەکێڵگەی نەوتی شێخان لەڕێگای تەنکەرەوە بۆ تورکیا، بەپێی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای گەڵف کیستۆن ڕۆژانە 35.966 بەرمیل بە تەنکەرەوە هەناردەکراوە.
توێژینەوەکە دەڵێت لەمانگێکدا لەکێڵگەی شێخان بڕی ملیۆنێک و 78 هەزار و 980 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.
ژووی توێژینەوەی ئابووری بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە داهاتی نەوت لەو مانگەدا دەڵێت ئەگەر نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی ئۆکتۆبەر بە تێکڕای 58 دۆلار بووبێت و هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە 8 دۆلار کەمتر فرۆشتبێت، ئەوا داهاتەکەی دەکاتە 689 ملیۆن و 699 دۆلار.
بڵاوکردنەوەی بڕی هەناردە و داهاتی نەوت لەلایەن ژووری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە 9 مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ئامارێکی لەسەر بڕی هەناردە و داهاتی نەوت ئاشکرا نەکردووە.[1]
07-11-2017