بەهۆی هێرشی #حەشدی شەعبی# و هێزە عێراقییەکان بۆ سەر #کەرکووک# زیاتر لە 3500 قوتابی لە کەرکووکەوە ئاوارەبوون و لە خوێندن دابڕاون، ئەوان ئێستا لە سنووری هەولێر ناونووسکراون، لە سلێمانیش 1500 قوتابی دیکەی ئاوارە دەستیان بە خوێندن کردووە.
لەکەرکوکەوە بەنێو چەندین بازگەی حەشدی شەعبیدا ڕێگەیەکی دووریان بڕیووە بۆ بەدەستهێنانی مووچەکانیان لەهەولێر، مامۆستایانی خوێندنی کوردین لە کەرکووک لە ڕووخسار و گوفتاریان ترس و خەمێکی گەورە بۆ ئەمڕۆی پرۆسەی خوێندن بەدیدەکرێت.
راغب تاڵب، مامۆستای خوێندنی کوردی لەکەرکووک دەڵێت بڕیارێک دەرچووە لە پەروەردەوە لەدوای کاژێر چوارەوە قوتابخانەکان دابخرێن، چونکە دۆخی ئەمنی کەرکووک زۆر خراپە، ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر خوێندن، ئەو خەڵکە لە دڵەراوکێدا دەژین و ناوێرن منداڵیان بنێرنە قوتابخانە.
لەدوای ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 600 مامۆستای خوێندنی کوردی ئاوارەی شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان بوون، بەشی خوێندنی کوردیش لە هەولێر کراوەتەوە بەهاوبەشی لەگەڵ کەرکووک کارەکانی ئەو پرۆسەیە ڕایی دەکەن.
شێرزاد ڕەشید، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لەکەرکووک گوتی کاروباری قوتابیان و خوێندکاران لەنێو قوتابخانەکان ڕایی دەکەن تاوەکو کاروباری خەڵک نەوەستێت، ئەو فەرمانانەی دیکە وەک مۆڵەتی بێ مووچە و دایکایەتی و گۆڕینی ناونیشان و هەموو ئەو کاروبارانەی دیکە بە پۆست بۆ ئێمەی دەنێرن.
تەنیا ئامانجی خوێندکاران و قوتابیانی ئاوارە خۆ ڕزگارکردن نییە لەمەترسییەکانی حەشدی شەعبی، بەڵکو دەیانەوێ تا ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان بەوجۆرە بەردەوامی بەخوێندنیشیان بدەن.
زیاتر لە 3500 قوتابی و خوێندکاری خوێندنی کوردی ئێستا لە قوتابخانەکانی سنووری هەولێر ناونووسکراون بۆ خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانیش 1500 قوتابی دەستیان بەخوێندن کردووە.[1]
08-11-2017