ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، ئەوە دەخەنەڕوو لە هەرێمی کوردستان 90% پرۆژە جۆراوجۆرەکان ڕاوەستاون و کاریان تێدا ناکرێت. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: بەشێک له وەبەرهێنەرانی کوردستان ڕوویان لەشارەکانی دیکەی عێراق کردووە تاوەکو وەبەرهێنان له و شارانە بکەن.
ناجی شێخ عزەدین سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەران، لقی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: ئه و سەرمایە وەستاوەمان بەسەر دووبەشدا دابەش بووە، بەشێکی ئه و پارەیە کەلەبانکەکاندایه و ناتوانین وەریبگرێنەوە بەهۆی ئەوەی بانکەکان پارەی تێدا نییە، بەشێکی دیکهی سەرمایە وەستاوەکەمان لەپرۆژە تەواو نەکراوەکاندایه کەبۆمان تەواو ناکرێت و حکومەت و هاونیشتمانیان تێیدا زەرەرمەندن، دەمەوێ ئەوەش بخەمەڕوو کە لەم مانگەدا لە بودجەی ناوچه جیاجیاکان که لەسەر داهاتی نەوت دیاریکراوە. بڕە پارەیەک بۆ بەڵێندەران و وەبەرهێنەران خەرج دەکرێت.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان، باس لەوە دەکات کە لەهوڵی جدیدان بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، هاوکات ئەوە ئاشکرا دەکات که بەشێک له وەبەرهێنەران دەیانەوێت سەرمایەکان لەشارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەگەڕ بخەن. لەگەڵ ئەوەدا پێیوایە کەرتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان شکستی نەهێناوه و ئاستی وەبەرهێنانی له پێشەوەی شارەکانی دیکەی عێراقەوەیە.
یاسین مەحموود، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: هەفتەی داهاتوو کۆدەبینەوە بۆ ئەوە چارەسەری کێشەی وەبەرهێنان بکەین و گەشە بدەین بە کەرتی ئابووری، دەمەوێت لەرێگەی ڕووداوەوە ئەوە ئاشکرابکەم کە بەشێک له وەبەرهێنەرانی کوردستان ڕوویان لەشارەکانی دیکەی عێراق کردووە تاوەکو وەبەرهێنان له و شارانە بکەن، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە عێراق هێرشی کرد بۆ سەر کوردستان و هیچ ئینتیمایەکی نیشتمانپەروەرییان نەماوە، داوا دەکەم ناچارم نەکەن ناوەکانیان ئاشکرا بکەم.
بەپێی خەمڵاندنی دەستەی وەبەرهێنان، سەرمایەی وەستاوی وەبەرهینان لەهەرێمی کوردستان دەگاتە 5 ملیار دۆلاری ئەمەریکی، ڕێژەی لەسەدا 55 -ی ئەوپارەیە پشکی وەبەرهێنەرانی پارێزگای هەولێرە، ڕێژەی لەسەدا 30 ئه و پارەیە پشکی وەبەرهێنەرانی پارێزگای سلێمانییە و ڕێژەی لەسەدا 15 ئەوپارەیە پشکی وەبەرهێنەرانی پارێزگای دهۆکە.[1]
08-11-2017