بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەی ئەمشەو بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوردستانی هەژاند، سەدان کەس لە باشوری کوردستان برینداربوون، نزیکەی 10 کەسیش گیان لەدەست داوە، زیانی ماددی زۆریشی لێ کەوتووەتەەوە.
کاتژمێر 9:10 خولەکی ئەمشەو، بومەلەرزەیەکی بەهێز ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان هەژاند.
$سەیدسادق$
ڕێبین حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی کارگێڕی لە نەخۆشخانەی شەهید ڕەوف بەگ، لە شارۆچکەی سەیدسادق، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:بەهۆی بومەلەرزەکەوە، مێرد منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارۆچکەی شارەزوور لەسەر بانەوە خۆی فڕێداوەتە خوارەوە، لە ئەنجامی بەکەوتنی بە تەلی کارەبا گیانی لەدەستداوە، پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە ئەو مێرمنداڵە گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو:بە دەیان برینداری تریش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکەمان.
$گەرمیان$
ڕائید عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە ڕۆژنیوزی وت:لەگوندی شێخ بابای سەر بە شارەدێی گوڵاڵە منداڵێک گیانی لەدەستدا.
وتیشی:ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی کاریگەرییەکانی بومەلەرزەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار.
هاوکات، بەشێک لە قەڵای شێروانەش داڕووخاوە.
$سلێمانی$
بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 ڕێختەر شاری سلێمانی هەژاند، هەتا ئێستا هیچ ئامارێکی قوربانییەکان لەبەردەست نییە، بەهۆی ئەوەی کە برێندارێکی زۆر لە دەوروبەری سلێمانیەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریەکەوتنی سلێمانی.
$دەربەندیخان$
شێرباز حوسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دەربەندیخان بە ڕۆژنیوزی وت: بە هۆی ئەو شەپۆلە بومەلەرزەییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد، لە شارۆچکەی دەربەندیخان، 24 کەس بوونەتە قوربانی، بەجۆرێک20 کەس برینداربوونە و 4 کەسیش گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەیەکیش لە بەرگری شارستانی دەربەندیخان، بۆ ڕۆژنیوز وتی:بە هۆی بومەلەرزەوە، دوو باڵەخانە ڕووخاون و ژمارەیەک خێزانی بوونەتە ژێر باڵەخانەکانەوە، بەشێکی زۆریان دەرهێنراون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
$هەولێر$
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند: بەهۆی بومەلەرزەکەوە 58 کەس بریندار بووە.
$ڕاپەڕین$
تەها مەحەمەد، وتبێژی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ڕاپەڕین، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:لە دەڤەری ڕاپەڕین، چوار حاڵەتی لەهۆش چوون هەبووە، هیچ حاڵەتێکی برینداربوون و مردن بوونی نییە.
ئەیوب حەمە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ، بۆ ڕۆژنیوز وتی:بەهۆی بومەلەرزەکەوە چەندین کەس سەردانیان کردووین لە بەشی فریاکەوتنی شەهید پێشەڕە، کە زیاتر لە 20 کەس دەبێت، کە باری دەروونیان تێکچووەو شەڵەژاون، لەو ڕێژەیەش دووکەس برینداربووە و چارەسەریان لێرە بۆ کراوە برینەکانیان سوکە.
$کەرکووک$
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئازادی شاری کەرکووک، بە ڕۆنیوزی ڕاگەیاند:بەهۆی بومەلەرزەی ئەم شه و 65 هاووڵاتی کەرکووک برینداربوونە و گەیندراونەتە نەخۆشخانه.
$هەڵەبجە$
سنور حامید، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند:بەهۆی بومەلەرزەکەوە تائێستا نزیکەی 100 بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە و هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدا ڕووی نەداوە جگە لە چەندین حاڵەتی برینداری و شکاوی و بورانەوە بوون و سەرجەم نەخۆشخانە و کارمەندان و پزیشکەکانمان لەحاڵەتی ئامادەباشیدان و پێشوازی لەبرینداران و هەر حاڵەتێکی لەناکاو دەکەین بەمەبەستی چارەسەر کردنیان.
دواتر عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت لەکۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەدا ڕایگەیاند:بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان بڕیارماندا سبەینی لەسەرجەم دامودەزگا حکومیەکان بکەینە پشووی فەرمی جگە لە بەڕێوەبەرایەتیە خزمەتگوزاریەکان و خوێندنی باڵا و دادگای هەڵەبجە کە دواتر خۆیان سەرپشکن لەبڕیاردان لە پشووی سبەینێ و سەرجەم تیمە خزمەتگوزاریەکان لەحاڵەتی ئامادەباشیدان.[1]
12-11-2017