ڕاگەیەنراوێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە ڕاڤەکردنی دادگای باڵای فیدراڵ بۆ ماددەی یەکەمی دەستووری عێراق.
لەسەر داوای ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە ڕۆژی 05-11-2017، دادگای باڵای فیدراڵی لە ڕۆژی 06-11-2017 بڕیاری ژمارە 122ی دەرکرد سەبارەت بە ڕاڤەکردنی ماددەی یەکەم لە دەستووری عێراق کە ئەمە دەقەکەیەتی: (کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی سەربەخۆیە، خاوەن سەروەریی تەواوه کە سیستەمی حوکمڕانی تیایدا کۆماریی پەرلەمانیی دیموکراتییە، ئەم دەستوورە زامنی یەکێتیی عێراقە).
وەک چۆن هەمیشە هەرێمی کوردستان جەختی کردۆتەوە کە پابەندی گرتنەبەری ڕێگەی دەستووری و یاسایییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆییەکانی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و هەرێم، لە ڕوانگەی هەڵوێستی ڕوونمانەوە بە پێشوازیکردن لە هەر دەستپێشخەرییەک بەم ئاڕاستەیە، لە پێش هەمووشیانەوە دەستپێشخەریی ئایەتوڵلا عوزما سەید سیستانی و هەندێک لە کەسایەتییە عێراقییەکان و وڵاتانی دۆستی گەلی عێراق بە گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، ڕێز لەو ڕاڤەکردنەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ماددەی یەکەم لە دەستوور دەگرین، لە هەمان کاتیشدا دووپاتی دەکەینەوە بڕوامان وایە کە پێویستە ئەمە ببێتە بنەمایەک بۆ دەسپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی جێبەجێکردنی تەواوی هەموو ماددەکانی دەستووری عێراقەوە بە جۆرێک ببێتە هۆی زامنکردنی پاراستنی ماف و دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هاتوو لە دەستووردا بەو پێیەی ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ زامنکردنی یەکێتیی عێراق وەک لە ماددەی یەکەمی دەستووردا هاتووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
14-11-2017