#وەزارەتی تەندروستی# حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیێنێت ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی #شەکرە# لە باشووری کوردستان 85 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و هەوڵەکانیان چرڕکردووەتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەبارەی ڕێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە.
د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ڕووداوی ڕاگەیاند ئامارەکانی شەکرە لە باشووری کوردستان بە وردی 85 هەزار و 492 حاڵەتە، کە 34 هەزار و 866 کەسیان لە هەولێر، 23 هەزار و 492 کەسیان لە سلێمانی و 21 هەزار و 134 کەسیان لە دهۆکن. هەروەک دەڵێت لەنێو ئەو ژمارەیە 10 هەزار و 360 کەسیان لە ئاوارەکانن.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان زیاتر ڕوونیدەکاتەوە و دەڵێت ڕێژەی تووشبوون بە شەکرەی جۆری یەکەمی کە زیاتر لە منداڵاندا هەیە لە باشووری کوردستان هاوشێوەی جیهان کەمترە و 2018 حاڵەتن، بەڵام ژمارەی تووشبووانی شەکرەی جۆری دووەمی دەگاتە 73 هەزار و 114 کەس.
د. خاڵس قادر باس لەوە دەکات ئەوان بۆ ڕێگریکردن لە زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بە 3 ڕێگای بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی نەخۆشییەکە، پشکنین بۆ شەکرە لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان و چارەسەرکردنی تووشبووان دەیانەوێت ڕێگە لە زۆربوونی حاڵەتەکان بگرن.
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی نەخۆشیی شەکرەیە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا لەسەرانسەری جیهاندا کەمپەینی هۆشیاری لەبارەی نەخۆشییەکە بەڕێوەدەچن، ئەمساڵیش لە باشووری کوردستان لە سەرجەم شارەکان چەندین کەمپەین بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان هەن.[1]
14-11-2017