بەپێی دوایین ئامار تائێستا 423 کەس لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی پارێزگای #کرماشان#دا گیانیان لەدەستداوە، 7 هەزار و 370 کەسیش برینداربوونە، هەزاران خانووش بەتەواوی داڕوخاون، بەم هۆیەوە لە دوێنێوە لە پارێزگاکانی کرماشان و #ئیلام# بۆ سێ ڕۆژ و، ئەمڕۆش لە هەموو ئێران ماتەمینی گشتی ڕاگەیێندراوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەپێی شارەکان:
- سەرپێڵی #زەهاو# 316 کەس.
- #قەسری شیرین# 28 کەس.
- کرماشان 25 کەس.
- ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا 22 کەس.
- #سەلاس# و #باوەجانی# 15 کەس.
- #کرێند# 14 کەس.
-#جوانڕۆ# 3 کەس.
عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێ: بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هەزار و 900 گوند و 7 شاری پارێزگای کرماشان زەرەر و زیانیان بەرکەوتووە.
هاوکات ئەحمەد سەفەری، نوێنەری کرماشان دەڵێ: خەڵکی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان پێویستییان بە جێگیرکردن و پێداویستیی گەرمکردنەوە هەیە. ئەو نوێنەرە داوای یارمەتی بەپەلە دەکات.
هەروەها عەزیزوڵڵا مەهدیانی، جێگری دامەزراوەی بیناسازی ئێران دەڵێ: لە ئەنجامی بوومەلەرزەی شەوی یەکشەممەی پارێزگای کرماشاندا بە تێکڕا 12 هەزار خانووبەرە لە شار و گوندەکانی ئەم پارێزگایە بەتەواوەتی داڕووخاون.
بەگوتەی مەهدیانی، هەندێ لە گوندەکانیش لە سەتا سەت ڕووخاون. هەروەها 15 هەزار خانوو پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. مەهدیانی داوای لە حکومەت کرد بە زووترین کات بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوە دابین بکات.
نوێنەرەکانی پارێزگای کرماشانیش داوای بودجەی تایبەتیان بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان کردووە. قاسم جاسمی، نوێنەری کرماشان داوای لە سەرۆک کۆماری ئێران کرد لە بودجەی ساڵی داهاتووی ئێراندا بودجەیەکی تایبەت بۆ پارێزگای کرماشان تەرخان بکات.
حشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، نوێنەری داڵاهۆش داوای کردووە لە بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران بودجەیەکی تایبەت بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکانی پارێزگای کرماشان تەرخانبکرێ. فەلاحەت پیشە هەروەها داواشی کردووە، سنوورەکان بۆ گەڕانەوەی کەسوکاری خەڵکی لێقەوماو و بوومەلەرزەلێدراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێنەوە.
ئەو ناوچانەی بەر بوومەلەرزە کەوتوون، پێشتر بەشێک لە دانیشتووانەکەی لەبەر شەڕی ئێران و عێراق ئاوارە بوون و بەشێک لەو ئاوارەنە لە باشووری کوردستان دادەنیشن.
ئەمڕۆ لە سەرتاسەری ئێران ماتەمینی گشتی ڕاگەیێندراوە و حەسن ڕۆحانیم سەرۆککۆماری ئێرانیش سەردانی شاری کرماشانی کرد. وەزارەتی کولتوور و ئیرشادی ئێران بۆ ڕێزدانان بۆ قوربانییەکانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان هەموو بەرنامە هونەرییەکانی ئەمڕۆ سێشەممەی ڕاگرت.
بەشی کاروبارە هونەرییەکانی وەزارەتی کولتوور بەناوی هونەرمەندانی سەرتاسەری ئێران هاوخەمی بۆ ڕووداوی بوومەلەرزەکەی کرماشان دەربڕیوە. پەروەردەی کرماشان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە سەرجەم قوتابخانەکانی ئەم پارێزگایە لە هەردوو شیفتی بەیانی و دوانیوەڕۆ داخراون.
خەڵکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان پێویستیان بە ئاوی خواردنەوە هەیە. وەزیری ناوخۆی ئێران، ئاو، خێوەت و خۆراکی وەک گرنگترین پێویستی خەڵک باسکرد.
بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگای کرماشانیش دەڵێ: کارەبای 200 گوندی ئەم پارێزگایە بڕاوە.
عەلی کەریمی، سەرۆکی پۆلیسی ئەنتەرنێتی پارێزگای کرماشان هۆشداری بە خەڵک دەدات کە بەهیچ شێوەیەک یارمەتی نەختی یا پارە بۆ بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان نەخەنە ئەو حیسابە بانکییانە کە لە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە.
عەلی کەریمی ڕایگەیاندووە: هەندێ کەسی هەلپەرسەت کەڵکی خراپ لە هەست و سۆزی خەڵک وەردەگرن و بۆ وەرگرتنی پارە و دزی لە خەڵک، ژمارە حیسابی بانکییەکانیان لە ئینتەرنێتدا بڵاودەکەنەوە کە گوایە یارمەتی کۆدەکەنەوە.
جەماڵ ساڵحی، بەڕێوەبەری کۆمانیای دانەوێڵە و خزمەتگوزارییەکانی بازرگانی پارێزگای سنە دەڵێ: ڕۆژانە 100 هەزار نان بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو دەکرێ و ئەمەش ڕۆژانە پێویستیی بە 267 فەردە ئارد هەیە. بەگوتەی ئەو بەرپرسە تا هەر کاتێک لە پارێزگای کرماشان پێویستبێت ئەمە بەردەوامدەبێت.
شەوی ڕابردوو سەرجەم نانەواخانەکانی شاری کامیاران و گوندەکانی سەر بەم شارە تا درەنگانی شەو بەشێوەی خۆبەخش نانیان بۆ خەڵکی لێقەوماو کرد.
بوومەلەرزەی زەرەر و زیانی لە پارێزگای سنەش داوە. بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای سنە، لە شارەکان 312 خانووبەرە، لە گوندەکان هەزار و 216 و، هەروەها 20 قوتابخانە و 79 ناوەندی بەخێوکردنی مەڕوماڵات زەرە و زیانیان بەر کەوتووە.
ئەحمەد سەفەری، نوێنەری کرماشان لە پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی لە ناوەندی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران گرتووە، کە لەئاست بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشاندا لاواز جووڵاوەتەوە و بە ڕێکوپێکی ڕووماڵی پێداویستییەکانی خەڵکی نەکردووە، ئەمەشی وەکو زووڵم لەئاست خەڵکی ئەو پارێزگایەدا لەقەڵەمداوە.
ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ژئۆفیزیکی زانکۆی تاران ڕایگەیاند: شەو ڕابردوو دووجاری دیکەش بوومەلەرزە لە ناوچەکانی سەرپێڵی زەهاو و قەسری شیرینی داوە. ئەو دوو بوومەلەرزەیە بە گوڕی 3.9 و 4.1 پلەی ڕێختەر بوونە.[1]
14-11-2017