دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
چیرۆکی خەم و ئازارەکانی (هێمان) و هاوشێوەکانی دانیشتوانی گوندێک لە کوردستان دەهێنێتە ئه و بڕیارەی چیتر کچەکانیان #خەتەنە# نەکەن.
هێمان هەژار (19 ساڵ) باسی ئه و شەوە دەکات کە بەبێ پرس و ئاگاداری باوکی، لەلایەن ژنێکی گوندەکەیان خەتەنەکراوە، دۆخی خۆی ڕوندەکاتەوە و دەڵێ بە دەم ئازارەوە خەوی لێکەوتووە.
دایکم پێی گوتم کچم نەک هەر تۆ، بەڵکو من و ژنانی ئه و گوندە هەموومان خەتەنە کراوین لەبەرئەوەی لە ئایینی ئیسلامدا دەبێت ژنان خەتەنە بکرێن هەروەک چۆن کوڕانیش سووننەت دەکرێن هێمان وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو کە زۆرینەی زۆری کچان و ژنانی گوندەکەی خەتەنەکراون و بێ ئەوەی باوکیان هەر پێی بزانن بەهۆی ئەوەی زۆرینەی پیاوانی گوندەکە پێشمەرگەن و لە کاتی چوونیان بۆ دەوام دایکەکانیان کچەکانیان خەتەنە دەکەن.
گوندی سۆربەش عەوێز، یەکێکە له و گوندانەی دەکەوێتە سنووری ناحیەی شەمامکی سەر بە قەزای مەخمور باشوری ڕۆژئاوای هەولێر بە دووری 56 کم، کە 120 خێزانی تێدانیشتەجێیە و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 500 کەس دەبێت. پرسی خەتەنەی کچان و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان وەک هەر گوندێکی دیکەی کوردستان بووەتە بەشێک لە کولتووری گوندەکە و لە باوانیانەوە بۆیان ماوەتەوە، بەڵام لە مانگی نیسانی ڕابردوو پیاوانی گوندەکە بەڵێن دەدەن چیتر کچانیان خەتەنە نەکەن و توندوتیژیش بەرامبەر بە ژنەکانیان ئەنجام نەدەن، له و کاتەوەش تا ئێستا هیچ حالەتێکی خەتەنەی کچان و توندوتیژی دژی ژنان له و گوندە تۆمار نەکراوە.
رێکخراوی ئەلەند بۆ بەدیموکراسیکردنی گەنجان، فریادڕەسی کچان و ژنانی گوندی سۆربۆش عەزیزە، ئه و ڕێکخراوە گوندی سۆربۆش دەخاتە لیستی چالاکییەکانی بە مەبەستی نەهێشتنی خەتەنەکردنی کچان و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان.
کوردستان ڕەسووڵ، ڕێکخەری پڕۆژەکە دەڵێ لە ڕووماڵێکی گوندەکانی سنووری شەمامک لەبارەی ئاستی خەتەنەی کچان و توندوتیژی دژی ژنان، بۆیان دەرکەتووە کە سۆربۆش زۆرترین خەتەنەی کچانی تێدا تۆمار کراوە و بە بەردەوامیش توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامدەدەن.
وتی وەک ڕێکخراو بڕیارماندا هۆشیاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و یاسایی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی دیکەی تایبەت له و گوندە ئەنجام بدەین.
پڕۆژەی نەهێشتنی خەتەنەکردنی کچان و توندوتیژی دژی ژنان، ماوەی دوو مانگی خایاندووە و لەگەڵ ژنان و پیاوانی گوندەکە یەک بە یەک گفتوگۆ کراوە، وەک ڕێکخەری پڕۆژەکە دەڵێ ژنان و پیاوانی گوندەکە بەڵێنیان پێداون کە چیتر کچانیان خەتەنە نەکەن، پیاوەکانیش بەڵێنیاندا کە ژنی دووەم نەهێنن و توندوتیژی دژی ژنەکانیشیان ئەنجام نەدەن.
کوردستان کە بۆ (دواڕۆژ) قسەی دەکرد، سوپاسی محەمەد سۆربۆشی موختاری گوندەکە دەکات کە لە سەرخستنی پڕۆژەکەدا هاوکاری زۆری ڕێکخراوەکەی کردووە.
وتیشی سەرەتا لەگەڵ موختاری گوندەکە ئامانجی پڕۆژەکەمان بۆ ڕوونکردەوە، پاش تێگەیشتن لە گرنگی پڕۆژەکە بۆ خەڵکی گوندەکە، موختاری گوندەکە ڕەزامەندی نیشاندا کە هاوکارییان بکات و هانی مامۆستای ئایینی گوندەکەش بدات لە ڕووی ئایینیەوە هاوکارییان بکات.
پڕۆژەکە لە سەرەتای مانگی ئازار دەست پێدەکا و لە کۆتایی مانگی نیسانی کۆتایی هات، تا ئێستا هیچ حالەتێکی توندوتیژی دژی ژنان و خەتەنەی کچان تۆمار نەکراوە، ئەمە محەمەد سۆربەشی موختاری گوندەکەی دڵخۆش کردووە.
سۆربەشی دەڵێ ئه و ڕێکخراوە کۆتایی بە زۆرێک لە کێشەکانی گوندەکە هێنا کە پێشتر بەهۆی ئەوەی ببووە بەشێک لە کولتووری گوندەکە ئاسان نەبوو تەنانەت باسیش بکرێت.
لە پاڵ ستایشی ڕێکخراوەکە کە لە ماوەی دوو مانگدا شارەزایانی تەندروستی، کۆمەڵایەتی، یاسایی و ئایینی سەردانی گوندەکەیان کردووە و لایەنە نەرێنییەکانی خەتەنەیان بۆ ڕوون کردوونەتەوە، وتی مامۆستای ئایینی گوندەکەش بەشداری هەڵمەتەکەی کرد و لە گوتاری هەفتانەی ڕۆژانی هەینی بە وردی باسی لایەنی ئایینی بۆ خەڵکی گوندەکە دەکرد کە ئەوەی باسدەکرێت لە ئایینی ئیسلام هاتووە دەبێت کچان خەتەنە بکرێن، بە درۆی خستەوە کە ئایینی ئیسلام لەگەڵ خەتەنەی کچان نیە، تەنانەت باسی لەوەش دەکرد کە ژن هێنانی دووەم لە ئایینی ئیسلام وەها ئاسان نیە کە خەڵک تێگەیشتووە و پێغەمبەری ئیسلامیش هیچ کاتێک لە ژنەکانی نەداوە، هانی داین کە توندتیژی دژی ژنەکانمان نەکەین، قەناعەتی پێهێناین.
بەگوێرەی ئامارێک کە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بە هاوکاری ڕێکخراوی یونسێف لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە، دەرکەوتووە خەتەنەکردنی کچان کەمبووەتەوە.
ئەمەل جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان دەڵێ، لە ڕووپێوەکەدا پێنج هەزار و 990 دایک بە تەمەنی جیاواز بەشدارییان کردووە، دەرکەوتووە 44.8%ی بەشداربووان خەتەنەکراوون، لە بارەی کچەکانیشیان دەرکەوت 10.7%یان کچەکانیان خەتەنە کردووە.
بەپێی ئاماری ڕووپێوەکە، هەولێر لە پلەی یەکەم دێت بە ڕێژەی 16.7%، سلێمانی بە 11.8%، دهۆک بە 4.1% و پارێزگای هەڵەبجەش بە 1.1% لە پلەی کۆتایی دێت کە کەمترین ڕێژەی خەتەنەی کچانی تێدا تۆمارکراوە.
بەشداربووانی ڕووپێوەکە 90%یان بە گوێزان خەتەنەکرا بوون و 75%یشیان لە ماڵی خۆیانیان ماڵی کەسێکی نزیکیان خەتەنەکراوون.
لەبارەی هۆکاری خەتەنەکردنیشیان، 63.4%ی بەشداربووان بە ئەرکێکی ئایینیان زانیوە، 61.8%ی دابونەریت و 24%یشیان دەڵێن بەهۆی فشاری خێزانەکانیان بووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕووپێوەکەدا دەرکەوتووە 50%ی ژنەکان ئاگادارنین لە هەبوونی یاسایەکی تایبەت بە قەدەغەکردنەی خەتەنە، 67%یش دەڵێن زیادبوونی هۆشیاری و جێبەجێکردنی یاساکە دەبێتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی خەتەنەکردنی کچان.
قادر نوری، دانیشتوی گوندی سۆربەش دەڵێ بەڵێنیانداوە لەمەولا کچانیان خەتەنە نەکەن و توندوتیژیش دژی ژنەکانیان ئەنجام نەدەن.
ئه و وتی بەڵێنەکەی خۆمان بردۆتەسەر، لەسەریشی بەردەوام دەبین.
زیاتر وتی لەوکاتەوەی پڕۆژەکە لێرە جێبەجێکراوە، کێشەی کۆمەڵایەتیش کەمی کردووە.
شێرزاد پیروسە، سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ دواڕۆژ دەڵێ پیاوانی گوندەکە واژوویان کردووە توندوتیژی دژی ژنەکانیان ئەنجام نەدەن و کچانیان خەتەنە نەکەن.
وتیشی وەک خەڵاتێک بۆ گوندەکە، ڕێکخراوی ئەلەند لەسەر داوای خۆیان بڕیاریدا دوو حاویەی گەورەی زبڵدان لە گوندەکە دابنێ و هەر ماڵێکیش حاویەیەکی پێبدرێت.
شێرزاد باسی لەوەکرد، گوندی سۆربەش لە نێوان 220 گوند دەستنیشانکراوە کە پڕۆژەی قەدەغەکردنی خەتەنە و توندوتیژی دژی ژنان لێ ئەنجام بدەین، بەهۆی ئەوەی زۆرترین ئاماری خەتەنە و توندوتیژی بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوەکە تۆمارکراوە.
عەبدولغەفار محەمەد، ماوەی چوار ساڵە مامۆستایی ئایینی گوندی سۆربەشە و بەشداری پڕۆژەی ئەلەندی کردووە بۆ نەهێشتنی خەتەنە و توندوتیژی دژی ژنان، ئه و دەڵێ لە ئایینی ئیسلام هیچ دەقێک نییە ڕێگە بە خەتەنەکردنی کچان بدات.
بۆ دواڕۆژ وتی خەڵکی گوندەکە هەموویان ئیسلامن، بۆیە بڕیاریاندا چیدیکە کچانیان خەتەنە نەکەن و توندوتیژیش دژی ژنانیان ئەنجام نەدەن.
پەیمان نەجمەدین (47 ساڵ) یەکێک لە ژنانی دانیشتووانی گوندەکە باسلەوە دەکات لەوەتەی لە بیریەتی ژنانی گوندەکە توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدراوە و کچەکانیش خەتەنەکراون.
ئه و بۆ دواڕۆژ وتی، من یەکێکم له و ژنانەی خەتەنە کراووم، هەر لە شەوی بوکێنیدا تا ئێستاش هەمیشە کێشەم لەگەڵ پیاوەکەم هەبووە کە بە دڵی ئه و نیم.
ئەوەشی وت نەمدەزانی هۆکارەکەی ئەوەیە خەتەنە کراوم، بەڵام دوای ئەوەی ئه و ڕێکخراوە هات بۆی باسکردین کە ئه و ژنانەی خەتەنە دەکرێن بە بەراورد لەگەڵ ژنانی دیکەی خەتەنە نەکراوو تووشی لاوازی سێکسی دەبن، ئێستا دەزانم کێشەکانمان هۆکار چی بووە.
پەیمان کە دایکی سێ کچ و دوو کوڕە، پەشیمانە لەوەی کچە گەورەکەی خەتەنە کردووە، دەڵێ بریا ئەوەم نەکردبا، بەڵام خەتای من نەبوو ئەوە منیش لە باوانمەوە فێر بوومە کە دەبێت ژنانیش خەتەنە بکرێن. گوتی بەڵام دوو کچەکەی دیکەم بە هیچ شێوەیەک خەتەنە ناکەم.
پەیمان سوپاسی ڕێکخراوی ئەلەند دەکا، دەڵێ دوای ئەنجامدانی پڕۆژەکە تا ئێستا پیاوەکەی شەقێکی لێنەداوە، گوتی گوندەکەمان بۆتە جێگەی شانازی هیوادارم گوندەکانی تریش چاو لە ئێمە بکەن.
هێمان باس لە کچە هاوڕێکانی دەکات کە شوویان کردووە و دەڵێ ئەوان بۆی باسدەکەن کە بە دڵی پیاوەکانیان نین و هەمیشە پیاوەکانیان گلەییان لێ دەکەن کە ساردن لە سێکس کردن، وتی بەڵام کچەکانی دیکە کە خەتەنە نەکراوون لەگەڵ هاوسەرەکانیان بێ گرفت ترن.[1]
14-11-2017