راگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی #پەرلەمانی کوردستان#ەوە
سەبارەت بە لێدوانەکانی بەڕێز #حەیدەر عەبادی# سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕال
هەروەک ئاشکرایە ڕۆژی 14-11-2017، بەڕێز حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کۆمەڵێک بابەتی ورووژاند کە مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات بە پێویستی دەزانێت بۆ دوورکەوتنەوە لە زمانی هەرەشە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو لەنێوان هەردوولا هەرچی زووە دەرفەتی دانووستاندنی ڕاشکاوانە بڕەخسێندرێت و حکومەتی فیدڕالی دووربکەوێتەوە لە ڕاگەیەندراوی میدیایی و ڕاڤەکردنی تاکلایەنانەی ماددە دەستوورییەکان بەبێ وەرگرتنی ڕاو سەرنجی لایەنی هەرێمی کوردستان.
لەبەر ڕۆشنایی سەرجەم ئه و بڕیار و ڕاگەیەندراو و لێدوانە فەڕمییانەی کە لەماوەی ڕابردوو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراونەتەوە جەخت لەسەر یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان کراوەتەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئەمەش ئامادەییەکی ڕوون و ئاشکرای هەرێمی کوردستانە و پەرلەمانی کوردستانیش لە ڕاگەیەندراوی ڕۆژی 13-11-2017، ئەوپەڕی پشتیوانیی خۆی بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنی دانووستاندنەکان دووپاتکردۆتەوە و بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە هەر هەنگاو و ڕێکارێک دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گونجاوی دەزانێت و سەر پشکی کردووە لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کوردستان و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان.
بەڵام وەک لە بەشێکی لێدوانەکانی ڕۆژی 14-11-2017ی بەڕێز عەبادی-دا دەبیندرێت زمانی هەرەشە و هەنگاوی یەکلایەنانە گومان دەخاتە سەر نییەتی فەڕمیی حکومەتی عێراقی فیدڕال و هێشتنەوەی دۆخەکە بەمجۆرەی ئێستا کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا و ڕێککەوتنە هاوبەشەکانە.
لەمڕووەوە پەرلەمانی کوردستان هۆشداریی تەواوەتی دەدەین لە زیاتر دواخستنی دانووستاندنەکان و ئه و شێوازی هەڕەشانەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەوەی خزمەت بە دۆخەکە و پابەندبوون بە دەستوور ناکات.
بنەمای لێکگەیشتنی هاوبەش لە چوارچێوەی دەستووردا تەنها دانووستاندنە بەشێوازێکی دۆستانه و و ڕاشکاوانە لەگەڵ یەکتری نەوەک تاکلایەنانە بڕیاردان.
بۆیە پێویست بوو حکومەتی فیدڕالی لە بەرامبەر وەڵامی ئەرێنیی و دەستپێشخەرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ڕۆژی 14-11-2017، بەڕوونی و نووسراوی فەڕمی لە ڕاگەیەندراوی خۆیدا بڵاوکردەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیریی کرد هەڵوێستێکی ئەرێنیی تریان هەبوایە و دەرگا بۆ دانووستاندنەکان واڵابکرابایە کە ئەمەش خزمەت بە سەرەوەریی یاسا و پاراستنی دەستوور دەکات.
لە کۆتاییدا..
پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە مافەکانی گەلی کوردستان کە لە دەستووری عێراقدا هاتوون ڕوون و ڕەوایە و داکۆکییان لێدەکەین و پێویستە پارێزراوبن. هەموو ڕێککەوتنەکانیش کە لە ڕابردوودا ئەنجام دراون لە نێوان هەردوولادا بەگشتی ببنە بنەمای دانووستاندنێکی بەرهەمدار، بە پێچەوانەوە هەروەک لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە لە ڕۆژی 13-11-2017، بژاردەی کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کراوەیە و پەرلەمانی کوردستان دەستەبەری کۆدەنگیی بۆ دەکات ئەگەر حکومەتی عێراق دەرفەتی دانووستاندن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش نەدات لە چوارچێوەی دەستووردا.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان-عێراق
15-11-2017