نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی #داعش#، بەڕێز برێت #مەکگۆرک# جەختی لەسەر دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتۆن کردەوە و هیوای پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەردوولای لە هەموو بوارەکاندا خواست.
لە دیدارێکی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-11-2017ی بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەڕێز مەکگۆرکدا، کە بەڕێز #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بە ڕاگرتنی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی عیراق و پێشمەرگە دەربڕی و بە پێویستیان زانی دیالۆگێکی جددیی هەردوولا لەسەر بنەمای دەستوور بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەست پێ بکرێت.
بەڕێز سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتۆن کرد و هیوای خواست زیاتر پەرەیان پێ بدرێت، هەروەها سوپاسی هاوکارییەکانی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی زەمینەخۆشکردن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددیی نێوان هەولێر و بەغدادا بدات، کە تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکانە و دووپاتی کردەوە هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک لایەنگری بەریەککەوتن نەبووە و هەمیشە ئامادەی گفتوگۆیە.
تاوتوێکردنی بارودۆخی عیراق و هەرێم و ناوچەکە بەگشتی، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
16-11-2017