#هەپەگە# ڕایگەیاند، هێزەکانیان ناوچەی بەستا-ی #شرناخ#، لە دژی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک، چەند چالاکییەکیان ئەنجامداوە، ڕاشیگەیاندووە:لەو چالاکییانەی گەریلاکانماندا 10 سەربازی تورک کوژراون.
ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەی چالاکی گەریلاکانیانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە-دا، هاتووە:ڕۆژی 4ی ئەم مانگە، سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەی بەستا-ی سەر بە شاری شرناخ، ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردبوو، هێزەکانی ئێمەش لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی شەهید سەردەم و شەهید نودەم، لە دژی ئەو ئۆپەراسیۆنەی دوژمن، چەند چالاکییەکیان ئەنجامدا.
هەروەها، هاتووە:لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەدا، کاتژمێر 02:00 ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 6ی نۆڤەمبەر، هێزەکانمان لە دژی سەربازانی داگیرکەر لە گردی سەڤۆ چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا 2 سەربازی تورک کوژراون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە:لە ڕۆژی 8ی نۆڤەمبەر، هێزەکانمان لە گەلی قورتاخان، لە هەلیکۆپتەرێکیان دا کە دەیویست سەرباز بهێنێتە ناوچەکەوە، هەلیکۆپتەرەکە زیانی بەرکەوتووە و لە ناوچەکە کشاوەتەوە.
هەر لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا، هاتووە:کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی 12ی نۆڤەمبەر، هێزەکانمان لە گردی سەڤۆ چالاکییان دژی پێگەیەکی دوژمن ئەنجامداوە، لەو چالاکییەدا چادرەکانی دوژمن تەقیوەتەوە و 8 سەرباز لەو چالاکییەدا کوژراون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەوەشی خستووەتەڕوو:ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە بۆردوومانی تێدا دەکرێت و شەڕی سەختی تێدا دروست دەبێت، بە پشتیوانی شانە نووستووەکان بەردەوامە، لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە بڵاو دەکرێتەوە.[1]
19-11-2017