باڵیۆزی نوێی بریتانیا لە عیراق، وێڕای گەیاندنی پرسه و سەرەخۆشیی شاژنی شانشینی یەکگرتوو ئەلیزابێتی دووەم بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی هەفتەی ڕابردووی هەرێمی کوردستان و ئامادەییی بەریتانیا بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەووە و ڕایگەیاند بریتانیا خوزیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی، ئابووری و ئاسایشەوە هەبێت، هەروەها هیوای بەردەوامی بۆ پەیوەندییە باشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی بریتانیا لە عیراق خواست.
بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوه وەک باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی له عێراق، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممه 19/11/2017 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان به ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی له بەڕێز جۆن ویڵکس باڵیۆزی نوێی بەریتانیا له عیراق کرد. له دیدارێکدا بەڕێز ویڵکس خۆشحاڵیی خۆی به سەردان و پێشکەوتنه بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوه کرد که ویستوویەتی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ حکوومەت و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
بەڕێزیان دەستخۆشی لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، که بەرامبەر به ڕووداو و گرژییەکانی ئەم دواییە لەگەڵ بەغدا هەوڵی داوە گرژییەکان کەم بکرێنەوە و کەشێکی ئارام بۆ گفتوگۆ دروست بکرێت. دووپاتیشی کردەوه وڵاتەکەی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەپێناو دەستپێکردنی دیالۆگێکی جددیی هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانیان ئامادەیه. سەبارەت به ڕێکخراوی داعشی تیرۆرستیش، ئاشکرای کرد داعش لە ڕووی سەربازییەوە شکستی هێناوە، بەڵام هزری داعش هێشتا هەر ماوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەیشی دەبێ زیاتر لە جاران لە هەموو ڕوویەکەوه پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بریتانیا پەرەیان پێ بدرێت.
لای خۆیەوە وێڕای پیرۆزبایی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێز باڵیۆزی نوێی بەریتانیا له عیراق خواست و هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کار و چالاکییەکانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بریتانیای دووپات کردەوە. سەبارەت به پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش ئاماژەی بەوە کرد حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری گفتوگۆیەکی جددی دوور لە توندوتیژی بووە، بە پێویستیشی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆی لە ڕەخساندنی زەمینەی دیالۆگ لەنێوان هەردوولادا، بگێڕێت.
19-11-2017