بەهۆی #بوومەلەرزە# بەهێزەکەی هەفتەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 475 کەس، زیانی گەورەشی بە ژێرخانی پارێزگای #کرماشان# و ناوچە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان گەیاندووە.
$زیاتر لە 10 هەزار خانووبەرە بە تەواوەتی ڕووخاون$
لە پارێزگای کرماشان 46 هەزار خانووبەرە بەهۆی بوومەلەرزەوە زەرەر و زیانیان پێگەیشتووە. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای کرماشان، بوومەلەرزە زەرەر و زیانی بە 30 هەزار و 500 خانووبەرە گەیاندووە و 10 هەزار و 500 خانووبەرەشی بە تەواوەتی ڕووخاندووە.
$90 هەزار کەس زیانیان بەرکەوتووە$
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشاندا نزیک بە 90 هەزار کەس زیانیان پێگەیشتووە، نۆ هەزار کەسیش تووشی نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک شڵەژانی دەروونی، ترسان، شۆک، نیگەرانی و هەڵچوون بوون و پێویستییان بە خزمەتگوزاری بەپەلەی دەروونی هەیە.
بەپێی لێکدانەوەی وەزارەتی تەندروستی ئێران، نزیک بە لە 10%ی بوومەلەرزەلێدراوەکان پێویستییان بە خزمەتگوزاری تەندروستی دەروونی هەیە. ژمارەیەکی زۆری ئەوان کەسوکاری خۆیان لە دەستداوە، یا بێ ماڵ و حاڵ بوون.
$مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا$
ئیبراهیم شەکیبا، سەرۆکی ناوەندی تەندروستی کرماشان دەڵێت، زبڵی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بە ڕێکوپێکی کۆناکرێنەوە و زێرابەکانیش خاوێن ناکرێنەوە، کە ئەوانە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرایان لێدەکرێ. هەروەها بە هاتنی سەرما ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزاش هەیە.
وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، ڕێکاری پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان ڕەچاوکراوە.
$زیانی شەقام و ڕێگاوبان 17 ملیار تمەنە$
بوومەلەرزە زەرەر و زیانی بە هەموو شت لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان گەیاندووە. بەپێی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی ڕێگاوبانی کرماشان، نزیک بە 17 ملیار تمەن زەرەر و زیان بە شەقام و ڕێگاکانی ئەو پارێزگایە گەیشتووە.
هاشم حەسەن نیا، جێگری ڕێکخراوی ڕێگاوبانی پارێزگای کرماشان هۆکاری زەرەر و زیانەکانی ڕێگاوبانەکانی گەڕاندووەتەوە بۆ ڕۆچوونی زەوی و داڕوخانی شاخەکان.
$کشتوکاڵ و ئاژەڵداری زیانی گەورەیان بەرکەوتووە$
هەروەها خوسرەو شەهبازی، سەرۆکی ڕێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان دەڵێت، بوومەلەرزە 800 ملیار تمەن زەرەر و زیانی بە کەرتی کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە گەیاندووە.
بەگوتەی شەهبازی، لە بوومەلەرزەکەدا 197 هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و سێ هەزار و 800 سەر ئاژەڵی گەورە لەنێوچوون. ئەوەش بەگشتی 156 ملیار تمەن زەرەر و زیان بە خەڵک گەیشتووە.
هەروەها 400 حەوزی ماسیش زەرەرو زیانیان بەرکەوتووە. هەموو ئەمانە جگەلە بیرە ئاوەکان کە ئەوانیش زەرەرمەندبوون، بەڵام هێشتا ڕوون نییە بڕی زیانەکە چەندە.
سەرۆکی ڕێکخراوی کشتوکاڵی کرماشان دەڵێت، ئەو زەرەر و زیانەی بەر کەرتی کشتوکاڵ کەوتوون، لە ڕێگەی هاوکاری بێبەرامبەر و قەرزی بانکییەوە قەرەبوو دەکرێتەوە.
$زیانی ناوچە پیشەسازییەکان$
نیعمەتوڵڵا حەقیقی، بەرپرسی دەزگای پیشەسازی و کانەکان و بازرگانی کرماشان ڕایگەیاند، نامەیان بۆ وەزیری پیشەسازی و کانەکان و بازرگانی ئێران ناردووە، کە کار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بکەن و یەکە پیشەسازییەکانی پارێزگای کرماشان ببووژێننەوە.
حەقیقی ڕوونیشیکردەوە، پێویستیان بە ئاسانکارییە بۆ بوژاندنەوەی یەکە پیشەسازییەکان و دابینکردنی پێداویستی و بودجە بۆ خستنەوەگەڕی هێڵی بەرهەمهێنان.
لە ئەنجامی بوومەلەرزە گەورەکەی ڕۆژهەڵات زۆرترین زیان لە کەرتی پیشەسازی بەر شارۆچکە پیشەسازییەکانی سەرپێڵ زەهاو و سەلاسی باوەجانی کەوتووە.
$73 هەزار خێوەت دابەشکراون$
بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند، جێگیرکردنی کاتیی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو کۆتایی هاتووە و تاوەکو ئێستا 73 هەزار خێوەت بەسەر خەڵکدا دابەشکراون.
محەممەد ڕەزا ئەمیریان، بەڕێوەبەری مانگی سووری کرماشان دەڵێت، خەڵکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان ئێستا هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان هەیە و خێوەت، ئاو و خواردن بەسەریاندا دابەشکراون.[1]
19-11-2017