ماڵئاوا ئێن ئار تی..... #نالیا#
پاش ئەزمونی 10 ساڵ لەگەڵ کۆمپانیای نالیا و کاری وەبەرهێنان و جێبەجێ کردنی چەندین پرۆژەی نیشتەجێبون و گەشتیاری و دواتریش پرۆژەی میدیایی، بە هەمو لایەکی ڕادەگەێنم کە ئەمڕۆ ڕێکەوتی 2017-11-21 تەواوی گروپی کۆمپانیاکە و پرۆژە بازرگانیەکان و پشکەکانم لە پرۆژەی چاڤیلاند فرۆشت بە دوو کۆمپانیای بیانی و دەستبەرداری بووم، وە جگە لەوەش دەستبەرداری تەواوی پشکەکانی کۆمپانیای نالیا بۆ کاری میدیایی بووم (کە خاوەنی کەناڵەکانی ئێن ئار تییە) و لەم چەند ڕۆژەدا ئیدارەی تازە سەرپەرەشتی کەناڵەکانی ئێن ئار تی دەکەن و چیتر بەندە هیچ پەیوەندیەکم بەو پرۆژە میدیاییە و کەناڵەکانی ئێن ئار تیەوە نەماوە.
سەبارەت بە پرۆژە بازگانیەکان و کۆمپانیاکانیش، مامەڵەی فرۆشتنی کۆمپانیاکان تەواو بوون و تەواوی پرۆژەکان لە داهاتودا ڕادەستی خاوەنی تازەی کۆمپانیاکان دەکرێت.
دڵتەنگم کە ئێستا دەستبەرداری شتیک بووم کە چەندین ساڵە لە هەوڵی دروستکردنیدا بووم، بەڵام خەونی نەوەی نوێ پاڵنەرێکی گەورەیە کە وای لێکردووم نەک دەستبەرداری کۆمپانیا و بەرژەوەندیەکانم بم،بەڵکو دەستبەرداری خودی ژیانیشم بم لە پێناویدا، چونکە پێم وایە ئەم قۆناغە تازەیە و ئەو ئامانجە گەورەیەی کە لەگەڵ هاوکارانم کاری بۆ دەکەین و لە خەیاڵماندایە، زۆر زۆر گەورە ترە لە پرۆژەکانی پێشوو و دەستکەوتەکانی 10 ساڵی ڕابردووم.
گروپی کۆمپانیاکانی نالیا لەم ساتەدا و پێش ئەنجامدانی مامەڵەی فرۆشتنەکە بڕی (47،684،800 دۆلار) (چل و حەوت ملیۆن و شەش سەد و هەشتاو چوار هەزار و هەشت سەد دۆلار) قەرزی لای خاوەن یەکە و هاوڵاتیان و کەس و کۆمپانیا هەیە، وە بایی بڕی (79،240،000 دۆلار) (حەفتا و نۆ ملیۆن و دوو سەد و چل هەزار دۆلار) یەکەی نەفرۆشراوی هەیە کە قیمەتی هەردوو بڕە قەرز و یەکەی نەفرۆشراو دەکاتە (126،924،800 دۆلار) (سەد و بیست و شەش ملیۆن دۆلار و نۆ سەد و بیست و چوار هەزار و هەشت سەد دۆلار) و لە بەرامبەریشدا کۆمپانیاکان بڕی 2،911،400 دۆلار (دوو ملیۆن و نۆسەد و یانزە هەزار و چوار سەد دۆلار) قەرزارە لەم ساتەدا، جگە لەوەی کە بەهای کۆمپانیا و پرۆژەکانی کە کاری خەمڵاندنی بۆ کراوە لە لایەن کۆمپانیا بیانیەکە (کە پێشتریش لە ڕێی مامەڵەی بەرێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرەوە خەمڵاندنی بەهای بۆ کرابوو) بەهای کۆمپانیاکان و پرۆژەکانی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا بە هەمو جۆرە پرۆژەکانی ناو کوردستان و دەرەوەی کوردستان بە بری (681،000،000 دۆلار) (شەش سەد و هەشتا و یەک ملیۆن دۆلار) خەمڵێندراوە، وە لەمەودوا ئیدارەی تازەی کۆمپانیاکان خۆیان پرۆژەکان بەرێوە دەبەن و شێوازی کارکرد دیاری دەکەن و تەواوی بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ بەرامبەر هەموو ئەو کەسانەی کە مامەڵەی کرین یان فرۆشتن یان بەڵێندەرایەتیان هەبوە لەگەڵ گروپی کۆمپانیاکانی نالیادا.
هیوام خۆشی و سەرکەوتنی ئیدارەی تازە و تەواوی کارمەندان و بەرپرسانی گروپی کۆمپانیاکانی نالیایە (بە هەمو پرۆژە نێشتەجێیی و گەشتیاری ەمیدیاییەوە)، ڕێز و خۆشەویستیم هەیە بۆ هەموو ئەوانەی کە ڕۆژێک کاریان لەگەڵدا کردوین، چ ئەوانەی کە ئێستا لەگەڵماندا ماون و چ ئەوانەیشی لە بەر هەر هۆکارێک بێت لەگەڵماندا نەماون، وە ڕێزی بێ پایەنم هەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ڕابردودا هاوکارمان بوون و دۆستمان بوون و پشتیوانمان بوون لە پرۆژەکان و کاریان لەگەڵدا کردوین، وە هەروەها هیوای سەرکەوتن بۆ پرۆژە میدیاییەکەی نالیا دەخوازم و هیوادارم بەردەوام وەک میدیایەکی جیاواز لە هەرێمی کوردستان و عێراق بمێننەوە و هەر وەک چۆن لە ڕابردودا توانیویانە میدیایەکی جیاواز بن و خزمەتێکی باشیان کردوە بە میدیای ئازاد و بواری ڕۆژنامەوانی و کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان.
#شاسوار عەبدولواحید# قادر
21-11-2017دۆلار