حکوومەت و لایەنەکان، پاراستنی یەکڕیزی و تێپەڕاندنی قۆناغهکه دووپات دەکەنەوە
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی نێوخۆیی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکه و گفتوگۆی جددی لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، دووپات دەکەنەوه.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 21-11-2017 بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان کە لە بەڕێزان عەبدولسەتار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری و مەولوود باوەموراد وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمانی کوردستان وەزیری گواستنەوه بە وەکالەت پێکهاتبوو، له سلێمانی لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی کۆبوونەوه.
سەرەتا له گردی زەرگەته لەگەڵ بەڕێز عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی و ژمارەیەک له بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان، پێشهاته سیاسییەکان و دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان هەولێر بەغدا، ڕەوشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کێشه و قەیرانەکان تاوتوێ کران.
هەردوولا کۆکبوون کە بۆ بەرژوەندیی گشتی، ڕێز لە پرەنسیپە گشتییەکان بگیرێت و جەخت لە یەکێتی و تەباییی نێوخۆیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەکانی ئێستا و داهاتوو کرایەوە. بڕیار درا دەربارەی پێشنیار و سەرنجەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ حکوومەت، کۆبوونەوەی زیاتر ئەنجام بدرێن و گفتوگۆی تێروتەسەلیان لەسەر بکرێت.
بەڕێز سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد مانەوەی کابینەی ئێستای حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی ئەو واده زیادکراوەدایە کە بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژ کراوەتەوە، بە پێویستیشی زانی هەمووان پشتگیریی حکوومەت بکەن تاکو سەرکەوتووانه قەیرانەکان تێپەڕێنێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
شاندەکه له دەباشان لەگەڵ خاتوو هێرۆ ئیراهیم ئەحمەد، بەڕێزان مەلا بەختیار و ژمارەیەک له ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، دۆخی ئێستا، کۆبوونەوەکانی حکوومەت، ڕەوشی مەیدانی، پێداگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆی جددی لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، پشتگیری لە حکوومەت و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوویان، خسته بەر باس.
لە دوا وێستگەدا لەگەڵ بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێر و ئەندامانی سەرکردایەتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، دۆخی کوردستان و ناوچەکە و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ حکوومەتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد. یەکڕیزی و پشتگیریی لایەنە سیاسییەکان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆی جددی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، دووپات کرایەوە.
21-11-2017