بێکاری و چاوەڕوانی بە دیار خانووە ڕووخاوەکانەوە، زیانلێکەوتوانی #بومەلەرزە#ی سنووری #کرماشن#ی ماندوو کردوە، بومەلەرزە 77 یەکەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی هەروەها 7 هەزار دووکانی ڕووخاندوون.
پارێزگار و پەرلەمانتارانی کرماشان داوا دەکەن لە بودجەی ساڵی داهاتووی ئێراندا بەشێکی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی بومەلەرزە تەرخان بکرێت.
خەڵک خۆیان خەریکی لابردنی بەرد و داری خانووە ڕووخاوەکانن، سەرما و باران تەنگی پێهەڵچنیوون.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی پارێزگای کرماشان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی 12ی ئەم مانگە، 77 یەکەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی لە شارەکانی سەرپێڵی زهاو و سەلاسی باوەجانی ڕێژەی 10 بۆ 100% زیانیان پێگەیشتووە و بەهۆیەوە 800 کەس ڕاستەوخۆ و هەزار و 500 کەسیش ناڕاستەوخۆ کارەکانیان لەدەستداوە.
زیانە ماددیەکەشی بە 54 ملیار تمەن لەقەڵەمدەدات، هەروەها 7 هەزار دووکانیش لە بوومەلەرزەکەدا زیانیان بەرکەوتووە و بۆ وەگەڕ خستنەوەیان 150 ملیار تمەن بودجە پێویستە.
بڕیارە کەمتر لە دوو هەفتەی دیکە حکومەت پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران ڕەوانەی پەرلەمان بکات و چاوەڕێ دەکرێت چەند خاڵێکی بوودجە تایبەت بکرێت بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بوومەلەرزەکەی ڕۆژئاوای کرماشان.
غولام ڕەزا تاجگەردوون، سەرۆکی کۆمیسیۆن پلاندانان و بودجە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، لە بودجەی ساڵی 1397، شوێنێکی تایبەت بۆ یارمەتیدانی دانیشتووانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان دەکەنەوە.
دەشڵێت پەرلەمان لە تەنیشت حکومەت هەوڵی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بوومەلەرزە دەدات و بودجەیەکی تایبەت بو قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بوومەلەرزە تەرخان دەکرێت.[1]
22-11-2017