رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا 11 برینداری #بوومەلەرزە#کە لە نەخۆشخانەکانی کرماشان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی کۆچکردووان گەیشتووەتە 456 کەس، بەپێی دوایین ئاماریش ژمارەی برینداران زیاتر لە 9 هەزار و 300 کەس بوو.
بەپێی ڕاگەیێندراوێکی ڕێکخراوەکە، ئەو 11 هاونیشتمانییە خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بوونە، بەمجۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە شارەکانی کرماشان گیانیان لەدەستداوە بەمجۆرەیە: سەرپێڵی زەهاو 400 کەس، کێرند 19 کەس، قەسری شیرین 16 کەس، سەلاسی باوەجانی 12 کەس، ئەزگڵە 6 کەس، کرماشان 1 کەس و تازە ئاواش 1 کەس.
بوومەلەرزە بەهێزەکەی پارێزگای #کرماشان# کە 12 ی ئەم مانگە ڕوویدا، گەورەترین کارەساتی مرۆیی ساڵی 2017 بوو لە جیهاندا. ئەم بوومەلەرزەیە لە شارەکانی قەسری شیرین، سەرپێڵ زەهاو، داڵاهۆ، سەلاس و باوەجانی و جوانڕۆ و گوندەکانی سەر بەو شارانەدا زۆرترین زەرەر و زیانی لێکەوتەوە، بەپێی ئامارەکان هەزار و 900 گوند زیانیان بەرکەوتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای کرماشان، بوومەلەرزە زەرەر و زیانی بە 30 هەزار و 500 خانووبەرە گەیاندووە و 15 هەزار و 500 خانووبەرەشی بەتەواوەتی ڕووخاندووە.
جگە لە ڕۆژهەڵات بوومەلەرزەکە زیانی گیانی و ماددی بە باشووری کوردستانیش گەیاند بەتایبەت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و گەرمیان و بەهۆیەوە 8 کەس گیانیان لەدەستدا، زیانی ماددیش بەر بەنداوی دەربەندیخان و دەیان خانوو کەوت.[1]
25-11-2017