نازەنینەکەم دیسان سڵاو
کاتێک لێت پرسیم چ ئاوازێکم پێ خۆشە..؟ تاکوو بۆم بژەنی،
بۆ ساتێک تێدامام، بێدەنگ بووم، لە مێشکی خۆمدا هێنام و بردم بۆ ئەوەی بتوانم ئەو ئاوازە بێنمە زمان کە بتوانێ هەستی چەندمانگ دووری لە تۆ نیشان بدا.
ویستم بەدەوترین و ئاشقانەترین ئاواز هەڵبژێرم. هێشتا هیچ ناوێکم نەهێنابووە زمان کە تۆ ئاوازی ''نازەنین مەریەم''ت بە جوانی بۆ من ژەنی، تا سیمەکانی تەلەفۆن ئەو هەموو هەست و خرۆشەی تۆ و ئاوازی نازەنین مەریەم بگەیەننە دڵم.
پرسیارەکەت و ئاوازی نازەنین مەریەم بوو بە بیانوویەک بۆ هێنانە سەر کاغەزی ئەم دەردی دڵە. نامەیەک کە دڵنیام چەندین جار دەکرێتەوە و دەخوێنرێتەوە، بەڵام هیوادارم دواجار تۆ دوایین کەس بی کە نامەکە دەخوێنێتەوە.
دڵۆڤانەکەم؛ هەر ئاهەنگێ کە بیرم لێ کردەوە نیشانەیەک لە سێدارە، دوایین ماچ، زوڵمی چەوسێنەر، داری بێداد، جەوری ڕاوچی و ڕۆندکی دایکی لە گەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو.
ترسام قامکەکانت لە بەرکەوتنی ئەم هەموو دەستەواژەی پڕاوپڕ لە ژان، لە ژەنین بکەوێ. پەنام بۆ ئاوازەکانی نیشتیمانی دایک برد. بینیم لە مۆسیقای ئێمەشدا شوێنەواری خوێن، بۆنی قورقوشم، جێ پێی پۆتین دەبینرێ. دیسان ترسام نەکا چاوەکانت بگرین و هاوکاریی دەستەکانت نەبن لە ژەنیندا.
بڕیارمدا پێت بڵێم خۆت شیعرێک بنووسی، ئاوازێک بئافرێنی یان گۆرانییەک؛ لێوانلێو لە هیوا. ئاوازێک کە بە دزییەوە نەیچڕین، بە ئەسپایی لە نێو دڵدا نەیڵێینەوە، لە پێناویدا زیندانی نەچێژین، ئاوازێک کە بە خوێندنەوەی چاومان پڕ نەبێ لە فرمێسک، نیگامان لە سەر چوارچێوەی وێنەی دیوار ئەبڵەق نەمێنێ و قوڵپی گریانمان هەڵنەستێنێ. ئاوازێک کە بتوانین لە دەوری ئاگری نەورۆز، دەست لەنێو دەست، بە دەنگێکی بەرز هاواری بکەین، پێ بکەنین، سەما بکەین و بیچڕین.
بەڵام لە بیرت نەچێ؛ نۆتەکانی بۆ کیژۆڵەیەک بنووسە کە پێی خۆشە لە بری مادر بنووسێ دایە و لە بری زن، ژن. لێ مخابن، سەد مخابن نازانێ سبەی ڕۆژ، لە کاتی بوون بە دایک، بە هومێدی ڕەگەزی یەکەم لە ژوور سەری ڕادەوەستن. بۆ کیژۆڵەیەک بنووسە کە لە نیشتیمانەکەیدا ژنان هێشتا بۆ گەیشتن بە سەرەتایی ترین مافەکانیان دەبێ زیندانی بچێژن.
بۆ کیژۆڵەیەک کە گەورە بوو بە دووی کەسیی ون بوویدا، لەم گرتووخانەوە دەچێتە گرتووخانەکەی تر و چاو لە سەر کاغەزی چەسپێنراو بە سەر دەرگای زیندان، لە نێو لیستی کەسانی زیندوودا، پەیتا پەیتا بە دووی ئازیزەکەیدا دەگەڕێ.
نۆتی ئاوازەکەت بۆ مێرمنداڵێک بنووسە کە دەیەوێ نان بە چروک بنووسێ و ئاو بە سوو. بەڵام مخابن، سەد مخابن نازانێ سوفرەی بەتاڵ لە نانی باوکە کرێکارەکەی، بە هیچ زمان و وشەیەک تەژی نابێ.
بۆ دەستە قەڵشیوەکانی باوکی، بۆ چاوە کەم سوێیەکانی دایکی، نۆتێک بنووسە، تا ببێتە مزگێنی نان. نۆتێک کە بیرهێنەرەوەی هەژاری و نایەکسانی ساڵانی دوور و درێژی ژیانی نەبێ.
شیعرێک بنووسە بۆ دایکێک کە چەندین ساڵە چاو لە ڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکەیەتی و هەموو ڕۆژانی پێنج شەممە کێلێکی ون و تێکشکاو بە ئەسپایی و دوور لە چاوانی ئەوانی دی دەگرێتە باوەش، دایکێک کە بە سەبر و وەفای چەندین و چەندین ساڵەی خۆرەتاوی شەرمەزار کردووە.
بۆ باوکێک کە بە بینینی هەر تاقە سەروێک، بیری تەنیایی و غەریبی گۆڕستانێک دەکەوێتە کە لە مێژ ساڵە کوڕەکەی داڵدە داوە و لە دوورە تێی ڕادەمێنێ و تاسەی پڕ بەدڵ گریان لە سەر مەزاری کوڕەکەی لە ناخیدا ڕاگرتووە.
شیعرێک بنووسە؛ بۆ ئەو خوشکەی هێشتا ئاواتی کل لە چاودان لە زەماوەندی براکەی لە دڵدا ماوە و هەموو ڕۆژانی هەینی بە بیستنی دەنگی خۆشی و هەڵپەڕینی خەڵک، نیگای دەبڕێتە وێنەی تۆزگرتووی براکەی لە سەر دیوار و چاوەکانی پڕ دەبن.
نیانەکەم؛ لە گەڵ من بێ یان بە بێ من، بڕۆ بۆ زێدەکەم. ناهەقم مەگرە کە لە ڕادە بەدەر خۆشم دەوێ، بڕوا بکە بۆ من بەشێکە لەم جیهانە، نامانەوێ دیواری بە دەوریدا بکێشین یان لەو دونیایەی دابڕین، بەڵام ئێش و ژانی لە ئەژمارنەهاتووی ئەم خەڵکە پابەندییان بەوان شیرین تر دەکا، ئەو دەرد و ژانەی ساڵانێکی زۆرە لە ڕەگ و ڕیشەی ئێمەمانان و نیشتیمانەکەماندا جێگیر بووە، ئەو ڕەنجانەی بوونەتە هاوشان و هاوڕێی دانیشتوانی.
لەوێ ئاوازەکەت دابنێ، بەڵام با تامی تاڵی هەژاری، ڕیتمەکەی بێ. شیعرەکەت لەوێ بنووسە، بەڵام با وەزنی شیعرەکە لە سەر بناغەی هیوا بە دونیایەکی یەکسان بێ.
لەوێ؛ لە نێو شاخەکان و لێڕەوارەکانی بەڕوو کە تەنیا پشتیوان و هاودەمی خەڵکانی وڵاتەکەمان بوون، لە قەراغ ئەو ڕووبارانەی فرمێسکی قەتیس ماوی خەڵک لە نێو دڵی چیاکانەوە بۆ دووردەستەکان دەگوازنەوە بۆ ئەوەی لە تەنیایی و لە نێو دەریایەکی دووردا بگرین، دانیشە و ئاوازەکەت دابنێ.
لەوێ؛ لە گەڵ من بیت، یان بە بێ من، ئەو هەموو شکۆ و جوانییەی وەک ئەڵقەی پابەندیمان بە نیشتیمانێک کە بەردەوام ئاوس بووە بە ژان، نیشتیمانێک کە مناڵەکانی لە پێناو ڕەنجدا باڵادەکەن و گەورەدەبن، دابنیشە؛ دەست بە سەر خاکی نیشتیمانەکەم دابێنە و بە گوێچکەیدا بچرپێنە:
ئەی خاکی ماک
ئەی دایکی وەتەن
لێرە؛
لە نێو دڵی تۆدا
ئێسک و پرووسک و یادەوەریی باب و باپیرانم شاراوەیە
لێرە؛
پشت و نەوە و ڕۆڵەکانم بە خاک سپێردروان
ئەی نیشتیمانی من
ئەی دایکی کەسوکارم
خۆزیا دەمتوانی جارێکی دی جوانییەکانت بلاوێنمەوە
چاو ببڕمە دیمەنەکانت
لە گەڵ بێدەنگیت هاوڕێ بم
خۆزیا دەمتوانی ژانەکانت ئەهوەن کەمەوە
و
فرمێسکەکانت بگریم
خۆزیا دەمتوانی...
بە هیوای جارێکی دی دیتنەوەی تۆ و دەرکەوتنی خۆرەتاو
_______
#فەرزاد کەمانگەر#
گرتووخانەی ئێوین - بەندی حەوت