ئەمڕۆ هەینی 1/12/2017 لەسەر بانگهێشتی فەرمیی بەڕێز ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕەنسا، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی بەڕێزان #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیران، #فوئاد حسێن# سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و #سەفین دزەیی# وتەبیژی فەرمیی حکوومەتی هەرێم، گەیشتە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.
سبەی شەممە 2/12/2017 بەڕێز ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس پێشوازی لە شاندی هەرێمی کوردستان دەکات و لە کۆبوونەوەیەکدا بارودۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکرێت، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا دەخرێتە بەرباس.
حکوومەت و گەلی فەڕەنسا پەیوەندییەکی دێرینیان هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەمیشە لە قۆناغە جیاکاندا پشتگیری و پشتیوانیی بەردەوامی خۆیان پێشکەش بە گەلی کوردستان کردووە. سەردەمی سەرۆکی خوالێخۆشبوو فرانسوا میتەران، لەکاتی دەرکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بۆ دانانی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە ساڵی 1991، حکوومەتی فەرەنسا ڕۆڵێکی کارای هەبوو. هەروەها فەڕەنسا لەکاتی شەڕی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا، پشتیوانی و هاوکاریی زۆری پێشمەرگەی کردووە، هەر له و کاتەشدا سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا بەڕێز فرانسوا ئۆلاند دووجار سەردانی هەرێمی کورددستانی کردووە.
01-12-2017