بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەکانی #بوومەلەرزە#، خەڵکی #کرماشان# ئێستا زیاتر لەهەر کات پێویستییان بە کار و داهاتە، بەڵام بە بڕیارێکی سیاسی و ڕووداوێکی سرووشتی، خەڵکێکی زۆر لە بێکارترین ناوچەی ئێران، سەرچاوەی داهات و بژێویان لەدەستداوە.
لەو بوومەلەرزەیەدا 9 هەزار یەکەی پیشەیی و وەبەرهێنان زیانیان پێگەیشتووە، کرماشان لە ئاست پارێزگاکانی ئێراندا، خاوەن زیاترین ڕێژەی بێکارییە. لەنێو کرماشانیشدا، ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەو پارێزگایە زۆرترین ڕێژەی بێکاریان هەیە.
بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران پێش بوومەلەرزە ڕێژەی بێکاری لە ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا 38%، لە سەلاسی باوەجانی 36 % و لە جوانڕۆش 32 % بووە.
هەروەها لە شارەکانی گێڵانی ڕۆژئاوا، قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو لەنێوان 20% بۆ 30 %ە.
لەو دۆخەدا، بوومەلەرزە ژمارەی بێکارانی زیاتر کردووە، وەزارەتی کاری ئێران دەڵێت، لانیکەم 10 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزە کارەکانیان لەدەستداوە. لە دوو مانگی ڕابردوودا، بوومەلەرزە دووەم شۆکی گەورە بوو بۆ هەلی کار لەو ناوچەیە.
مانگێک و 20 ڕۆژە، یەکێک لە گرینگترین سەرچاوەکانی داهاتی خەڵک کە دەروازەی پەروێزخانە داخراوە. بەگوتەی پارێزگاری کرماشان، داخرانی دەروازەکە، بێکاربوونی زیاتر لە 7 هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە، پەرلەمانتارانی کرماشان داوایان لە سەرۆککۆمار و بەرپرسانی دیکەی ئێران کردووە، لانیکەم دۆخی ئێستای ئەو ناوچەیە لەبەرچاو بگرن و بڕیاری کردنەوەی دەروازەکە بدەن.
داوایەک کە ئێران دەڵێت، جێبەجێکردنی تەنیا لەدەست خۆیدا نییە، بەگوتەی فەرهاد تەجەری، نوێنەری قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو لە پەرلەمانی ئێران، لیژنەیەکی سەربازی و ئەمنی ئێران بۆ قسەکردن لەسەر کردنەوەی دەروازەی پەروێزخان سەردانی عێراقیانکردووە. دەشڵێت ئەگەری ئەوە هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، لەنێو ئەو هەموو ناخۆشییەدا، هەواڵی خۆشی کردنەوەی دەروازەی پەروێزخان بە خەڵک بدەن.
هەفتەی ڕابردوو، پارێزگاری کرماشانیش لە نامەیەکدا بۆ وەزیری ناوخۆی ئێران داوایکردبوو، وەک هاوکارییەک بۆ ئەو خەڵکەی بەهۆی بوومەلەرزە کارەکانیان لەدەستداوە، بڕیاری کردنەوەی دەروازەی پەروێزخان بکرێتەوە.
پەروێزخان بەهۆی گرنگییەکەی بە بەندەری وشکانی ئێران لەقەڵەم دەدرێت و پێش داخستنی پلەی یەکەمی ترانزێتی لە ئاستی دەروازە سنوورییەکانی ئیران هەبوو.
بەدەر لە نەوت، 54%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەو دەروازەیەوە ئەنجام دەدرا، ڕۆژانە لەنێوان هەزار و 300 بۆ هەزار و 700 بارهەڵگر لە ڕێگەی ئەو سنوورەوە کەلوپەلیان دەگواستەوە.[1]
05-12-2017