سنووری قەڵەمڕەوی #داعش# لە سووریا و عێراق ڕوو لە کۆتاییە و ئێستا هیچ شارێکیان لەدەستدا نەماوە، کوردانی #ئێزدی#ش بە ئومێدی ئەوەن کە سۆراخێکی کەسوکارە بێسەروشوێنەکانیان بزانن، بەڵام تاوەکو ئێستا 50 %ی ئەو کوردە ئێزدییانەی داعش ڕفاندبوونی، بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
لە باشووری کوردستان و عێراقدا 550 هەزار کوردی ئێزدی هەن، لەدوای هێرشەکانی داعش لە حوزەیرانی 2014دا 360 هەزار کەسیان ئاوارەبوون و 1293 کەسیشیان شەهیدبوون.
لەکاتی کۆنترۆڵکردنی دەشتی نەینەوا و سنووری قەزای شنگال، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە ڕفێندران، تاوەکو ئێستاش سێ هەزار و 210 کەس لەژێر دەستی داعشدا ماونەتەوە.
نوێنەری ئێزدییەکانیش لە #وەزارەتی ئەوقاف# و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، ئەو شوێنانە ئاشکرا دەکات کە کوردە ئێزدییە بێ سۆراخەکانی لێ دەژین.
نوێنەری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بەوە دەکات، کە حکومەتی عێراق و سووریا ڕێگرن لە بەردەم هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی ئەو کوردانەی کە تاوەکو ئێستا ڕزگار نەکراون.
هەرچەندە تاوەکو ئیستا توانراوە سەدان کەسیان ڕزگار بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا دەیەوێ لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، بەدوای ئەو کەسانەدا بگەڕێت کە بێسەروشوێنن. [1]
05-12-2017