ڕۆژنیوز - دانا عومەر
لە هەرێمی کوردستان پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی کە هەیە پێشێلکاریەکان بەرامبەر بە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و ژنان و منداڵان، لە ڕیزی پێشەوەی پێشێلکاریەکانن.
ئەمڕۆ 10ی دیسەمبەر، هاوکاتە بە ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، کە بەر لە 68ساڵ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە فەرمی پەسەندکرا بۆ جێبەجێکردن.
لە هەرێمی کوردستاندا، پێشێلکاری جۆراوجۆر بەرامبەر بە مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت، کە خۆیان لە پێشێلکاری بڕینی مووچە و قوتی هاوڵاتییان و ئازاردانی دەرونی و جەستەیی، کە تا ئاستی ڕفاندن و دەستگیرکردن و کوشتن دەڕوات.
بەهۆی ئەوەی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەی چالاکی و دەربڕینی ناڕەزایدان بەرامبەر بە ستەمەکانی دەسەڵات، زۆربەی جار ئەوان دەبنە قوربانی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادیی ڕادەربڕین، کە لەڕۆژی 9ی ئەم مانگەدا لە شاری هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 145پێشێلکاریی بەرامبەر ئازادیی ڕادەربڕین ئەنجامدراوەو لەو ڕێژەیەش پشکی شێر بەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کەوتووە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان لێدان و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر گیانی ڕۆژنامەنووسان هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان-یش نەیتوانیوە بەسەر ئەم مەترسیانەدا زاڵبێت، لە کاتی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن خودی دەزگا ئەمنییەکانەوە هێرش دەکرێتە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و، هەندێ جاریش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوکایەتیی بە ڕۆژنامەنووس کراوە.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە تیرۆری ڕۆژنامەنووسان کرابوو، کە تیایدا #وەدات حسێن#-ی پەیامنیری ڕۆژنیوز لە #دهۆک# بە نمونە هێندرابووەوە، کە 13/ئاب/2016 تیرۆرکرا لە شاری دهۆک.
$پێشێلکاری بەرامبەر بە ژنان$
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆژنیوز، کە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی توندوتیژی ژنانی لە هەرێمی کوردستان وەریگرتووە، لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2017-دا لە سنووری هەولێر، دهۆک، #سلێمانی#، سۆران، ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان، حەوت هەزار و 445 حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش هەولێر زۆرترین حاڵەتی بەرکەوتووە، کە بریتییە لە دوو هەزار و 530 حاڵەت.
لەدوای هەولێر، دهۆک پلەی دووەم وەردەگرێت لە توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان و لەو ماوەیەدا هەزار و 876 حاڵەتی لێ تۆمارکراوە، لە سلێمانی-ش هەزار و 682 حاڵەت تۆمارکراوەو پلەی سێیەمی وەرگرتووە، هەروەها 656 حاڵەتیان لە گەرمیان و 441 حاڵەت لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین و 260 حاڵەتیش لە سۆران بووە.
بەوپێیەش، ڕێژەی گشتی توندوتیژییەکان لە هەولێر 33.9 %، لە دهۆک 25.1 %، لە سلێمانی 22.2%، لە گەرمیان 8.8 % لە ڕاپەڕین 5.9 % و لە سۆران 3.4 % بووە.
هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا 38 حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە، 58 حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان هەبووە، 166 حاڵەتی سوتان و 95 حاڵەتی خۆسوتاندن و 101 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی هەبووە، هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە 6987 حاڵەتی ئەشکەنجەو سکاڵا تۆمارکردن هەبووە.
هەر بەپێی ئەو ئامارە، دەرکەوتووە لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا، لە مانگی حەوت و هەشت زۆرتین حاڵەتەکانی توندوتیژیی تۆمارکراون، و زۆربەیان تۆماری سکاڵا و سوتان و خۆسوتاندن و دەستدرێژی سێکسییە.
هەروەها، لە نۆمانگی یەکەمی ساڵی 2017 بەبەراورد بە ساڵی 2016 ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژیی لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووەو لە پێنج هەزار و 227 حاڵەتەوە بووەبە حەوت هەزار و 445 حاڵەت و بەمەش توندوتیژیی لەچاو ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و 218 حاڵەت زیادیکردووە، واتا بە ڕێژەی 42.5 % توندوتیژییەکان لە 2017 دا زیاتربووە.
پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە مافی مرۆڤ لە سلێمانی بەپێی ئامارێکی نوسینگەی سلێمانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە 11مانگی ئەمساڵدا 255 پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ کراوە لە سنوری سلێمانی، کە 91 پێشێلکارییان لە مانگی 9دا بووە، کە مانگی ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بوو، هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ماوەی یانزە مانگی ئەمساڵدا 274 حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
سابیر عەبدوڵا، بەڕێوبەری نوسینگەی سلێمانی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، کە لەساڵی 2017دا بە بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن کەمی کردووە، بەڵام پێشێلکاری و توندوتیژییەکان زیادیان کردوو، ئەوەشی بۆ تێکچونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە پشکی شێری توندوتیژیەکان بەر ڕۆژنامەنووسان و ژنان و منداڵان دەکەوێت.[1]
#10-12-2017#