ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو کە هەواڵەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووماڵ دەکات، بە بۆنەی 10ی دیسەمبەر، (ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ) ئاماری پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا بە پشتەبەستن بە ئامار و داتان، ژمارە و ڕێژەی تاوانەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەدژی هاووڵاتیانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خراونەتە ڕوو ئەم ئامارە جەختی لەسەر حوکمەکانی #سێدارە#، دەستگیرکردن و حوکمی بەندکران کردووەتەوە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
$سێدارە:$
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو) لە سەرەتای ساڵی 2017ەوە هەتا کۆتایی مانگی 11ی ئەمساڵ، سەرجەم 105 بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە زۆربەیان لەژێر ناوی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپێندراوە و لەسێدارە دراون.
لە کۆی ئەو 105 کەسە 54 کەسیان خەڵکی پارێزگای ورمێ، 16 کەسیان خەڵکی پارێزگای لوڕستان، 13 کەس خەڵکی پارێزگای کرماشان، نۆ کەس خەڵکی پارێزگای سنە، پێنج کەسی خەڵکی پارێزگای ئیلام و باقی لەسێدارە دراوەکانیش لە کوردانی قەزوێن، خوراسان و باکووری ئێران بوون.
$بەندکران:$
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“ لەو ماوەیەدا زیاتر لە یەک هەزار کەس لە کوردستان دەستبەسەر کراون کە تەنیا ناسنامەی 520 کەسیان ئاشکرا بووە.
لەو 520 کەسە313 کەس بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، 84 کەس بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی، 82 کەس بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، 3 کەس بە تۆمەتی چالاکیی کرێکاری، 23 کەس بەهۆی چالاکیی میدیایی دەستبەسەر کراون و هۆکاری دەستبەسەرکرانی بەشێکیشیان نادیارە.
$سەپاندنی حوکم:$
ناوەندی ئاماری هەنگاو لەو ماوەیەدا ناوی 69 کەسی تۆمار کردووە کە بە تۆمەتی سیاسی، مەزهەبی و کرێکاری و مەدەنی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندراوە.
ئەو 65 کەسە سەرجەم بە 422 ساڵ بەندکران حوکم دراون و 4 کەسیش بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و مەزهەبی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
46 کەس لەو 69 کەسە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، 13 کەس بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی،5 کەس بە تۆمەتی چالاکی میدیایی، 4 کەس بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، 2 کەس بە تۆمەتی چالاکیی خوێندکاری و 2 کەسیش بە تۆمەتی چالاکیی کرێکاری حوکم دراون.
لە ڕۆژی 10ی دیسەمبەری ساڵی 1948ی زایینی ئەو ڕۆژە لەلایەن کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ دیاری کراوە.
هەرچەند ئێران یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە ئەو بەیاننامەیەی واژۆ کردووە، بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوام و سیستماتیک لە کوردستان مافی مرۆڤی پێشێل کردووە.[1]
#10-12-2017#